عیراق و توركیا

10:05 - 2022-07-26
ئیدریس جەبار
490 خوێندراوەتەوە

ڕووداوەكەی سەیرانگەی پەرەخ لە دهۆك، رەنگە وەرچەرخانێك بێت لە پەیوەندییە ئابوری و دیپلۆماسییەكانی نێوان عیراق و توركیا و پێدەچێت یەكەم دێڕی نوسینەوەی سیاسەتێكی نوێش بێت لە ناوچەكەدا. 
كوژران و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی لە بۆردومانەكەی توركیادا سەبارەت بە حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان قەبوڵكراو نییە و رەنگە دەرهاویشتەی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت. 
هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی ئەمنی كە لە سەردەمی رژێمەكەی سەدام حسێندا لەگەڵ ئەنقەرە ئیمزاكرابوو، یەكێكە لەو وەرچەرخانە سیاسییانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و عیراقدا دێتەئاراوە، وێڕای قسەكردن لەسەر كەمكردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان و بگرە داخستنی مەرزەكان و «بایكۆتكردنی كاڵای توركی» كە لەئێستادا بۆتە داواكارییەكی میللی و هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان جەختی لەسەر دەكەنەوە کە لایەنی توركیا تائێستاش كاردانەوەی عیراقییەكان بە هەڵە و «كەوتنە نێو تەڵەوە» لەقەڵەم دەدات.
هەڵەشەیی توركیا لە كردە سەربازییەكان و مامەڵە سیاسییەكانی لەگەڵ حكومەتی مەركەز، پێناچێت هاوشێوەی جاران بۆی بچێتەسەر و لێوەی بتوانێت ئامانجەكانی بهێنێتەدی كە خۆیان لە ئامانجی كاتی و مەرحەلیدا دەبیننەوە، رەنگە هەر بەو هۆیەوە دەستكەوتەكانی تری لە ناوچەكەدا بكەونە مەترسییەوە و رەوڕەوەی بەرەوپێشچوونی سیاسەتەكانی (ئاكەپە) بەرەو دواوە بگێڕنەوە. 
رووداوەكەی سەیرانگەی پەرەخ رەنگە عەرەب وتەنی «القشة التي قصمت ظهر البعیر» بێت بۆ سیاسەتی پاوانخوازیی توركیا، رەنگە مایەی كزبوون و كوژانەوەی گڵۆپە رەونەقدارەكەی پارتی داد و گەشەپێدانیش بێت كە لە مێژە سیاسەتەكانی وڵاتەكە هەڵدەسوڕێنێت و ئاراستەكانیان دیاریی دەكات. 
كۆكبوونی لایەنە عیراقییەكان لەسەر گرتنەبەری هەڵوێستێكی یەكگرتوو بەرامبەر بە توركیا، لەمجارەدا گوشارێكی بەهێز دەبێت بۆ گۆڕینی سیاسەتی حكومەت بەرامبەر بە توركیا كە پێناچێت هەر تەنیا خۆی لە رێڕەوی دیپلۆماسی و بەرزكردنەوەی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكاندا ببینێتەوە، بە تایبەت كە كارەكە گەیشتە سەر كوشتنی هاووڵاتیان و پێشێلكردنی سەروەریی و لەكەداركردنی شكۆی عیراق.

وتارەکانی نوسەر