رێكەوتنی ئیستانبوڵ و دابەزینی نرخی گەنم لە جیهان

09:43 - 2022-07-27
بورهان شێخ رەئوف
145 خوێندراوەتەوە

دوای رێکەوتنەکەی روسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە کردنەوەی رێگای دەریایی بۆ هەناردەکردنی گەنم، ئێستا نرخی گەنم بەرەو دادەبەزینەوە دەچێت و خەریكە وەكو پێش جەنگەكەی لێدێتەوە.

دابەزینی نرخەكەی  لەسەر ئاستی جیهان
نرخی گەنم پاشەكشەی  زۆری بەخۆیەوە بینی لەسەر ئاستی جیهان و هەر تەنێك گەنم دابەزی بۆ (334.37) دۆلار، واتە 100 دۆلار دابەزی لەبەرزترین نرخی كە تۆماری كردبوو لە ماوەی ئەمساڵدا كە ئەویش (462,5) دۆلاری ئەمریكی  بوو لە 17/5/2022 بە هۆی كاردانەوەكانی جەنگی روسیا و ئۆكرانیاوە.
گرانی و هەڵکشانی نرخەكان هەر دانەوێڵەی نەگرتەوە، بەڵكو سووتەمەنیشی گرتەوە، تێكڕای هەڵاوسانیشی لەسەر ئاستی جیهان بەرزكردەوە لەو مانگانەی دواییدا، ئەمەش وای لە بانكەكانی جیهان كرد سیاسەتەكانی خۆیان توندوتۆڵتر بكەنەوە.
ئەوەی روونە ئەوەیە كە ئۆكرانیا یەكیكە لە گەورەترین (10) وڵاتی بەرهەمهێنەری گەنم و جۆ و گەنمەشامی لەسەر ئاستی جیهان، جگە لەوەش یەكێكە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری رۆنی گوڵەبەرۆژە بە گوێرەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە جۆرێك ئۆكرانیا لەپاڵ روسیادا 40 %ی گەنم بۆ ئەفریقا دابین دەكەن، هــەربۆیە نرخی گەنم 23 % بەرز بۆتەوە لەجیهاندا.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوەیەی نرخی دانەوێڵەشەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی زۆر وڵاتی هەژاری لەسەر ئاستی جیهان گرتەوە، لەبەر كەمی و نەبوونی دانەوێڵە لە وڵاتەكانیان، هەریەك لە روسیا و ئۆكرانیاش یەكتریان تۆمەتبار دەكرد لەو رووەوە بە خوڵقاندنی قەیرانی كەمی گەنم و جۆ لە جیهاندا، چونكە 98 % ئەو دانەوێڵەیەی كە ئۆكرانیا هەناردەی دەرەوەی دەكرد لەو بەندەرانەوە بوو كە كەوتبوونە سەر دەریای رەش، دواتر ئەم بەندەرانە داخران بەهۆی ئابڵووقەی دەریایی روسیاوە لەسەریان و قەیرانەكە قووڵتر و سەختتریش بوو، كاتێك روسیا هێرش و پەلامارەكانی روو لە كۆگاكانی دانەوێڵە لە ئۆكرانیا كرد و هێرشی كردە سەر  هێڵەكانی شەمەندەفەر و ژێرخانەكانی هەناردەكردنی كیێڤی تێكوپێكدا .
سەرەڕای ئەو جەنگەش، ئۆكرانیا ئێستاش 30 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و گەنمەشامی و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی  تر بەرهەم دەهێنێت، بۆیە حكومەتی ئۆكرانیا و وڵاتانی دراوسێی لە هەوڵی ئەوەدان یارمەتی جوتیاران و بازرگانانی ئۆكرانیا بدەن و رێگەی تر بدۆزنەوە بۆ هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانی بە تایبەتی بۆ دەرەوە.

رێكەوتنی روسیا و ئۆكرانیا  لە توركیا
چەند هۆكارێك هەبوون بۆ دابەزینی نرخی گەنم، بە شێوەیەكی پلە بە پلە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2022 ەوە تا گەیشتە ئەم ئاستەی ئێستا و پێدەچێت ئەو دابەزینە بەردەوام بێت ئەگەر  رێكەوتننامەی ئیستانبوڵی نێوان روسیا و ئۆكرانیا كە لە 22 تەممووز 2022 ئیمزا كرا جێبەجێ بكرێت:-
1.زۆرێك لە شرۆڤەكاران هۆكاری دابەزینی نرخی دانەوێڵە دەگەڕێننەوە بۆ زۆری بەرهەمی نوێی ئەمساڵ، كە جوتیارە روسی و ئۆكرانییەكان بەرهەمیان هێناوە.
2.دابەزاندنی باج لەسەر هەناردەكردنی گەنم- روسیا كە لە ژێر ئابڵووقەی توندی ئەوروپادایە، باجی لەسەر هەناردەكردنی گەنم كەمكردەوە بۆ پشتیوانی هەناردەكردنی گەنم لە مانگەكانی ئایار و حوزەیران و تەممووز .
3.دابەزینی نرخی گەنم لە بۆرسەی شیكاگۆ، هۆكارێكی تری یارمەتیدەر بوو بۆ دابەزینی نرخی گەنم، بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (زە ئیكۆنۆمی تایم).
4.رێكەوتن لەسەر هەناردەكردنی گەنمی ئۆكرانیا- دوای رێكەوتننامەی ئیستانبوڵ لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا لە 22/7/2022 بە ئامادەبوونی سكرتیری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامانج لەم رێكەوننامە سووككردنی كاریگەرییە توندەكانی قەیرانی ئەو جەنگەیە، بەڵام هێشتا تەواو روون نەبۆتەوە تا چ رادەیەك بە خێرایی  و كاریگەری ئەو دانەوێڵانە بەندەرەكانی ئۆكرانیا بەجێدێڵن و دەگەیەنرێنە خەڵكی برسی، و دیارترینی ئەو وڵاتانەی كە زیانمەند بوون لەم قەیران و جەنگە (نەیجیریا و سۆمال و ئەسیوپیا و میسر و یەمەن) بوون.
5.فاكتەری كەشوهەوای گونجاو و باش- راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە نرخی گەنمەشامی و نۆك دەستی بە دابەزین كردووە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 ەوە، ئەویش بە هۆی كەش و هەوای باش و گونجاو بۆ ئەو بەرهەمانە.
لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە رێكەوتننامەی ئیستانبوڵ وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام میدیاکانی ئەمریکا باس لەوە دەكەن کە گوایە روسیا پێشێلكاریی دەكات و بەشێكی زۆری ژیرخانی ئەو بەندەر و كۆگانەی كە بەرهەمی دانەوێڵەی تیا  هەڵدەگیرێت و بەرەو بازاڕەكانی جیهان دەنێردرێت بە ئامانج گرتووە، ئەمەش ئەگەر وابێت، پێشهاتێكی باش نییە و پێشێلكردنێكی ئاشكرای  رێكەوتننامەی ئیستانبوڵە كە هێشتا مەرەکەبەکەی وشك نەبۆتەوە.

چاوەڕوانی دابەزینی نرخی گەنم و جۆ دوای رێکەوتنی ئیستانبوڵ

وتارەکانی نوسەر