تەقە و کوشتن دوو وشەی هاوجووتن لە ئاراستەی دەربڕیندا، دوابەدوای یەکدێن لە روودان و کرداردا، هەردووکیان دیاردەی شووم و کارەساتبارن و کێشە دەنێنەوە و ئارامی کۆمەڵ دەشێوێنن لە پراکتیکدا، زۆربەی رووداوەکانی کوشتن لە ئەنجامی تەقەوەیە و دیاردەی تەقەکردنیش ئەنجامی بەربڵاویی چەک و پابەندنەبوونە بە یاساکانی هەڵگرتنی چەکەوە.
پێچەوانەی دیاردەی (تەقە و خۆشی)کە دوو زاراوەی ئاراستە جیاوازن لە وتندا، جگە لەوەی دیاردەیەکی تری ماڵوێرانکەرە، دوو وشەی نەگونجاون و لە دەربڕیندا بەدوای یەکدا دەوترێن، هەرچەندە دیاردەکە وەک نواندنێک بۆ بوونی خۆشییەک دێتە ئاراوە، بەڵام رووداوی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە جار هەیە خۆشی دەکاتە شین.
دیاردەی کوشتن کەم و زۆر لە هەموو وڵاتێکدا هەبووە و بەدی دەکرێت، کوشتنیش جگە لە چەک زۆرجار بە ئامێری تر دەکرێت، له لایەن ئەو مرۆڤانەی باری دەروونیان جێگیر نییە و کێشە و بەڵایەکیان تووشبووە، یان دەیانەوێت تۆڵە بسێننەوە بۆ ئەو مافەی لێیان داگیرکراوە و بەپێی لێکدانەوەکانیان بە کوشتنی کەسێک مافەکەیان وەردەگرنەوە، کە لە راسیتدا گرفتەکەی قووڵتر دەبێتەوە.
خۆکوشتن و کێشەی دەروونی
ئەوانەش کە خۆیان دەکوژن، هەر لە ئەنجامی لێکدانەوەی دەروونییاندا دەگەنە ئەو بڕیارە، رەنگە ژمارەیەک خۆکوشتنی دەگمەن لە ئەنجامی پاڵەپەستۆیەکی دەروونی تاک لە کۆمەڵگەیەکی فرەکێشەدا، وەک حاڵەتێکی ئاسایی سەیر بکرێت، کاتێک خۆکوشتن بە رێژەیەکی کەم هەموو کۆمەڵگەکانی جیهان دەگرێتەوە، بەڵام کە حاڵەتەکە بووە دیاردە ئاسایی نابینرێت و پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکانی زۆربوونی دیاردەکە بکرێت.
ئەمەی له هەرێمی کوردستاندا روودەدات ئاسایی نییە، کوشتن بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، دەتوانرێت کار لەسەر کەمبوونەوەی هۆکارەکانی کوشتن بکرێت، وەک: بوونی ژمارەیەکی زۆری چەک لە کوردستاندا کە کەس سڵ لە هەڵگرتن و بەکارهێنانی ناکاتەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان چەکدارن.
مۆڵەتەکان بەپێی پێویست نەدراون
ئەگەر ژمارەیەکی کەمی چەکەکانیش مۆڵەتیان هەبێت، ئەوا مۆڵەتەکان لەسەر پێوەرێکی رەسمی و پێویستی هەڵگرتنی چەک نەدراون و مۆڵەت پێدانەکە رەش و سپی گرتۆتەوە، ژینگەیەکی خراپی بەکارهێنانی چەکی هێناوەتە ئاراوە، بە رادەیەک زۆر لە خێزانەکان هەمیشە چەک لەناو خێزان و ژووری نووستن و لەبەر چاوی منداڵەکانیاندایە.
منداڵەکانیان وا فێرکردووە کە سڵ لە بەکارهێنانی چەک نەکەنەوە، بۆیە زۆربەیان ئاشنایەتییان لەگەڵ بەکارهێنانی چەکدا هەیە، هیچ رێنمایی و پەروەردەیەکی دروستی دوورکەوتنەوە لە مەترسی بەکارهێنانی چەکیان فێرنەکردوون.
ئەوەش بۆخۆی کەش و هەوایەکی هێناوەتە گۆڕێ، بەکارهێنانی چەک بەلایانەوە ئاسایی بێت، چونکە هیچ لەمپەرێکی بەکارنەهێنانی چەک لە پێشیاندا نییە، بە پێچەوانەوە ژینگەی دوورەپەرێز و سڵکردنەوە لە بەکارهێنانی چەک لە پەروەردەی خێزانەوە دەستپێدەکات، بەوەی دایک و باوک چەک لەبەر چاوی منداڵەکانیان پاک نەکەنەوە و بەکارینەهێنن و دووریان بخەنەوە لە ژینگەی بەکارهێنانی چەک وەک ئامێرێکی بڤە و ترسناک ناوی بێنن.
ئەگەر دایک و باوکان چەک لەناو خێزاندا لە شوێنی شاراوە دابنێن و بە ئاشکرا مامەڵەی لەگەڵ نەکەن لەناو خێزاندا، منداڵان بە بەکارهێنانی چەک ئاشنا نەکەن، ئەو دیاردە دڵتەزێنانەی ناو خێزان روونادات، یان کەم دەبێتەوە.
تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش رۆڵی خراپیان هەیە
خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش هۆکارێکی ترە بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی و زیادکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی بۆ ئاسانکردنی پەیوەندیی نێوان کوڕان و کچان کە زۆرجار کێشەی توند لە نێوان بنەماڵەکاندا دەنێتەوە و تەقە و کوشتنی تێدەکەوێت، چونکە هێشتا کوردەواری کۆمەڵگەیەکی پارێزگارە و لە دابونەریتی کۆمەڵایەتیدا توندە.
هۆکارێکی تری زۆربوونی تۆڵەسەندنەوە و کوشتن، توندوتیژیی زۆروبۆری ئەو زنجیرە دۆبلاژکراوانایە کە هیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە و پڕن لە کارەساتی تۆڵە و کوشتن بە چەک، کە کاریگەریی لەسەر بەلاڕێدا بردنی گەنج هەیە بۆ دیاردەی بەکارهێنانی چەک و کوشتن و تەشەنەکردنی توندوتیژیی خێزانیش کە ئەوەش رووداوی کوشتنی زۆری لێدەکەوێتەوە.
پێویستە حکومەتی هەرێم مۆڵەتی رێگە پێدراوی هەڵگرتنی چەک سنووردار بکات، چەک هەڵگرتن بۆ ژمارەیەکی کەمی دەگمەنی ئەندامانی کۆمەڵ بێت کە وەک پاراستن لە خۆیان بەکاری دەهێنن، ئەمەش ژمارەیەکی کۆمەڵگە دەگرێتەوە کە پیشەکانیان تایبەته و پێویستە چەک و پاسەوانیان هەبێت، نەک وەک ئێستا کە هەمووی بۆتە بنکەی چەکدار و تادێت حاڵەتی نەخوازراوی رۆژانە زیاد دەکات.