76
ئه‌ستێڵی سێ جار سووتێنراو
دوو گوند به‌ناوی ئه‌ستێڵه‌وه هه‌یه، ئه‌ستێڵی «سه‌روو، خواروو»، ناوه‌كه‌ی له‌وه‌وه هاتووه ئاوی ده‌ربه‌نده‌كه‌ی سه‌رووی گوند پێیده‌وترێ ده‌ربه‌ندی ئه‌ستێڵ، له ئه‌ستێڵێكدا كۆكراوه‌ته‌وه بۆ خواردنه‌وه و كشتوكاڵ.
ئه‌ستێڵی سه‌روو دراوسێی گوندە‌كانی: گۆشان، كۆشكی خواروو، ئه‌ستێڵی خواروو «ئایشان»، قۆپی و شاخی داڵبو و شاخی خاڵه هه‌مزه. سنووره‌كه‌ی له چه‌می ده‌ربه‌ند وشكه‌وه بۆ ده‌ربه‌ند گاور، بۆ خه‌ڕاتان و چه‌می هه‌ناره و شاخی گه‌ناو، بۆ به‌نداوی چه‌می سوور و له‌وێوه ده‌چێته مێرگه‌ڕه‌ش، ده‌گرێته‌وه.
له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه ناحیه‌ی سێوسێنانه، رووبه‌ری زه‌وی دێم 1411 دۆنم، به‌راو 312 دۆنم، به‌رده‌ڵانیش 612 دۆنمه، بژێویی زیاتر له 50 جووتیاری له‌سه‌ره.
وه‌كو ده‌وترێ نزیكه‌ی 200 ساڵێكه ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه، كاتی خۆی كوێخا نه‌جمی سێوسێنان فرۆشتووێتی، له‌ره‌سمییاتدا پێیده‌وترێ ئه‌ستێڵی نه‌جم، چوار تایه‌فه‌ی تێدا ده‌ژی، چونكه ئاوی زۆربووه خه‌ڵكه‌كه‌ی به كاری ئاژه‌ڵداری، كشتوكاڵی تووتن، مه‌ره‌زه و باخدارییه‌وه خه‌ریكبوون.
كانییه‌كانی: قوڕه‌ش، كوزه‌ڵه، دوانزه‌برا، كشمیشه‌كه، كانیدڕكه، كارێزی حه‌مه سدیق سه‌رچاوه‌ی ئاوی پێكدێنن. به كۆمه‌ڵێك شاخی وه‌كو: داڵبوو، خاڵه هه‌مزه، گه‌ناو، گرده‌كانی: حه‌مه‌ساڵح رانشكاو، شێخ ره‌وز، دوانزه‌برا ده‌وردراوه، ده‌ربه‌ند وشك ده‌كه‌وێته نێوان شاخی ئه‌ستێڵ و شاخه‌كانی پشتی گوندی ته‌كیه‌وه، ئاوی نییه، دارستانه، پاكژی له‌وه‌ڕی گوندە‌كانی ده‌وروپشته. چه‌ندێن دۆڵی وه‌كو: ناوگردان، سووره زه‌له‌كه، گرده سوور، گه‌ناوی تێدایه.
شوێنه‌واری نه‌رامسین له سنووری ئه‌م گوندە‌دایه، شوێنه‌واری زۆری تێدا دۆزراوه‌ته‌وه، له مله‌وقه‌وره‌كه له‌ته گۆزه و كۆپه‌یان ده‌رهێناوه، له شاخی خاڵه هه‌مزه ئه‌شكه‌وتی كونه‌شه‌مشه‌می تێدایه جێگه‌ی 50 كه‌سی تێداده‌بێته‌وه. گۆڕستانی كۆن له كانیی ئه‌وڵا هه‌یه، گۆڕی جووله‌كه‌یشی تێدایه ئاراسته‌یان پێچه‌وانه‌ی رووگه‌ی موسڵمانانه.
پێش ئه‌نفال 40-50 ماڵ بووه، ساڵی 1970 قوتابخانه‌ی تێداكراوه، مزگه‌وتی هه‌بووه، باخی: سێ‌و، قه‌یسی، هه‌نجیر، هه‌نار، چواله‌ی تێدابووه.
له سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ تا شه‌ڕی ئێران- عیراق سوپای دوژمن به‌دوای پێشمه‌رگه‌دا كێوماڵی گونده‌كانی قه‌ره‌داغی كردووه، زۆرجار ئابڵۆقه‌ی ئه‌ستێڵ دراوه. 17/8/1979 هێزێكی زۆری سوپای عیراق، كه باره‌گایان له سه‌ربازگه‌ی خاتوون نازداری خواری قه‌ره‌داغ بووه په‌لاماری ئه‌ستێڵیان داوه، پێشمه‌رگه‌كانی كه‌رتی یه‌كی هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ به‌ره‌وڕوویان بوونه‌ته‌وه، له شه‌ڕێكی دوو سەعاتیدا سێ سه‌رباز كوژران و سێ سه‌ربازی تریش برینداركراون، پێشمه‌رگه‌ش بێ زیان بوون.
له‌كاتی كیمیابارانی سێوسێناندا خه‌ڵكه‌كه‌ی ته‌رمی 22 كه‌سی به‌ركه‌وتووی كیمیاویی لێدراویان له گۆڕستانی ئه‌ستێڵدا به‌خاك سپارد، دوای راپه‌ڕینی 1991 ئه‌و ته‌رمانه بۆ گۆڕستانی شه‌هیدانی سێوسێنان گوێزرانه‌وه.
دووجار له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه له 1965و 1974دا سووتێنراوه، جاری سێیه‌میش ساڵی 1988 رووخێنراوه، خه‌ڵكه‌كه‌شی به‌په‌له‌پڕۆزێ به‌ره‌و سلێمانی خۆیان ده‌ربازكردووه، دوو كه‌سیشیان به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون یه‌كێكیان پێشمه‌رگه‌ی سه‌نگه‌ر بووه.
دوای راپه‌ڕینی 1991 خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاوه‌دانیان كردۆ‌ته‌وه، ساڵی 1993 قوتابخانه، 1995 پڕۆژه‌ی ئاو، 1997 بنكه‌ی ته‌ندروستی، 1998 مزگه‌وت، 2000 كاره‌با، 2002 جاده‌ی قیرتاوی بۆ كراوه.
ئێستا 38 ماڵی تێداده‌ژی، كشتوكاڵ ده‌كه‌ن و ئاژه‌ڵیش به‌خێوده‌كه‌ن، له بناری شاخی خاڵه هه‌مزه له گڵه‌ڕانه‌كه ره‌زیان ناوه‌ته‌وه.