شوخت

شەقام نەكرێتە بەردەباز

10:11 - 2022-07-31
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
246 خوێندراوەتەوە

شەقام نەكرێتە بەردەباز

كشانەوەی کوتلەی سەدرییەکان لە پڕۆسەی سیاسی، گێژاوێكی نائارامیی و تەنگژەی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە هێشتا دەرەنجامەكانی روون نییە، بەڵام بە دوور ناگیرێت بۆ ماوەیەك نائارامی و نا سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
بە بینینی رووداوەكانی ئەم دواییە، سێ‌ فاكتەری سەرەكیی دەبینین دەبنە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی. یەكەمیان، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان دوو بەرەی هەڤڕكی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستبوو. بەرەیەكیان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، یان لەئێرانەوە نزیكن پێكهێنەرەكانی دیارن كێن. 
بەرەكەی دیكە پشتیوانی دیكەی ئیقلیمیان هەیە و هەندێکجاریش ئیدیعا دەكەن كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن. واتە لەدوای هەڵبژاردن دوو ستونی جیاواز لەیەكتر دروستبوو، هەریەكەیان شیعە و كورد و سوننەی تێدابوو. ئێستا ناكرێت ستوونێكیان لە پڕۆسەی سیاسی پاشەكشە بكات و لە پێكهێنانی حكومەتدا نەبن. 
غیابی هەر گروپێكی سیاسی لە پڕۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە بەغدا، یەكسانە بەغیابی نفوز و دەستوەردانی ئەو وڵاتانە لە دۆخی ناوخۆی عیراق. كەوایە ناكرێت پێكهێنەرانی حكومەت لەیەك گروپی ئیقلیمی بن، بۆ نموونە بەتەنها گروپی ئێرانی حكومەت پێكبێنن! مومكین نییە ئەمریكا بەدیار ئەو پێكهاتەیەی حكومەت دەستەوەستان بێت و هیچ جموجۆڵێكی نەبێت بەتایبەت لەم قۆناغەدا كە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هاتە ناوچەكە و وڵاتان و گەلانی ناوچەكەی دڵنیاكردەوە ئەمریكا ناوچەكە جێناهێلێت تاوەكو روسیا و چین بۆشاییەكە پڕبكەنەوە.
دووەمیان، كاتێك گروپی سەدەر لە پڕۆسەی سیاسی پاشەكشە دەكەن، ئەوە مانای ئەوە نییە بێدەنگ دانیشن و هیچ جموجۆڵێكیان نەبێت، بەتایبەت گوتاری ئەو گروپە لەلایەك هەڵسوكەوت و رەفتاری شەعبەوی و لەلایەكی دیكە دینی توندڕەو و نەتەوەپەرست! بۆیە ئاسان نابێت شەقامی بەغدا هێمنی بەخۆیەوە ببینێت. هەربۆیە لەماوەی سێ‌ هەفتەی رابردوو، دووجار خەڵكێكی زۆریان هێناوەتە شەقام و پێنج شەممەی رابردوو بۆماوەیەكی كورت چوونە ناو پەرلەمان.
سێیەمیان، پڕۆسەی سیاسی عیراق و ئەو دیموكراسیەی لەدوای روخانی رژێمی سەدام هەیە لەسەر بنەمای تەوافوق و سازان دامەزراوە. پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی هەر پێكهاتەیەكی قەومیی یان سیاسی دەبێتە گرفتێكی گەورە و كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر سەقامگیری سیاسی و ئەمنی.
خولاسەی كەلام، ئاڵۆزیی پێكهێنانی حكومەتی بەغدا بەكشانەوەی سەدر چارەسەر نەبوو، بەڵكو قۆناغێكی دیكەی ململانێ و روبەڕوبوونەوە دەستیپێكرد كە رەنگە سەدریەكان بیانەوێ‌ جەماوەر و شەقام بكەنە تەرەفێكی ئەو ململانێیە و بیكەنە بەردەبازی ململانێکانیان لەگەڵ گروپەكانی دیكە، ئەوكاتە روبەڕوبوونەوەی شەقام گران دەبێت بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكانی دیكە.

وتارەکانی نوسەر