پرسیارە قورسەکانی منداڵ چۆن وەڵام بدرێنەوە؟

12:08 - 2022-07-31
هاوژین عەبدولواحید
1115 خوێندراوەتەوە

فراوانی له خەیاڵی منداڵ و بەردەوامیی حەزی زانینیان وادەکات پرسیاری زۆر لە هزریان کۆبێتەوە بەردەوام ئاڕاستەی گەورەکان بکەن بەتایبەت دایک و باوکیان،  لەبەرئەوەی ئەو ژینگەیە بۆ ئەوان تازەیە و هەوڵدەدەن  هەمووشت بزانن و زانیاری لەبارەی کۆبکەنەوە.
بۆیە بەگرنگ زانینی پرسیارەکانی منداڵان ئەرکی گەورەکانە و بەهیچ شێوەیەک نابێت بەوەڵامی دەم کوتکەرەوە یاخود تووڕەیی و بە هاوارکردن بێدەنگ بکرێن  نموونە ( بەسە، بێدەنگ بە، کاتی تۆم نیە، لاچۆ لەبەر چاوم، تاقەتی تۆم نیە، پرسیاری بێ سەروبەر مەکە، ئەوە ئیشی تۆ نییە، تۆ بۆت نییە جارێکی تر پرسیاری لەم شێوەیە بکەیت،،هتد) زۆر کاتیش دایک و باوک بە ئەنقەست خۆی ئەدزێتەوە و وەڵام ناداتەوە پێی وایە بەو خۆلادانە توانیویەتی منداڵەکەی رازیبکات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەم خۆلادانە دروست نییە.
ئایا زۆر کات پرسیارەکانی منداڵان چین؟ من چۆن دروست بووم؟
کەی گەورە دەبم؟ بۆچی من دەبێ بخوێنم؟ ئاسمان چەند دوورە؟
بۆچی من ناتوانم بفڕم؟ مردن چییە؟ خودا کێیە و لەکوێیە؟ بۆ لەگەڵ ئێمە ناژی؟ باوکم پارە لەکوێ دەهێنێت؟ بۆ من کچم براکەم کوڕە؟ ئەو شتانە چین لە ئاسمان ئەدرەوشێنەوە؟
 ئەم پرسیارانە و سەدان پرسیاری هاوشێوەی ئەمانە.
لەوانەیه ئەو پرسیارانە قورس بێت بۆیه مەرج نییە بتوانی وەڵامی هەموو پرسیارەکان بەتەواوی بزانیت تاوەکو وەڵام بدەیتەوە.
رەنگە بتوانی بەپێی زانیارییەکانی خۆت وەڵامی بەشێکیان بدەیتەوە، بەڵام دڵنیابه هەر رۆژێک دەکەویتە بارودۆخێکەوە کە نەتوانی وەڵامێکی باوەڕپێهێنەر بدۆزیتەوە کە لەگەڵ تەمەنیدا بگونجێت.
منداڵەکەم پێمدەڵێ بۆ درۆ دەکەی
هۆگر منداڵێکی پێنج ساڵە و لەگەڵ باوکی لەباخچەکە یاری دەکەن، شەو درەنگی کردوو تاریکی باڵی کێشاوە.
 هۆگر بە تێڕامانێکی قوڵەوە سەیری ئاسمانی کرد و پرسیاری کرد؟
باوکە ئەو هەموو روناکیە چییە لە ئاسمان شەوق دەداتەوە؟
باوک: کوڕم ئەوانە گڵۆپن ئاسمان روناک دەکەنەوە.
هۆگر: باوکە ئەوانە گڵۆپ نین بۆ درۆم لەگەڵ دەکەی کوا ئاسمان کارەبای لێیە، دوێنێ دایکم وتی ئەستێرەن.
بێگومان ئەم وەڵامە نادروستانە وا دەکات منداڵەکانمان واهەست بکەن درۆیان لەگەڵ دەکەین و لەهەمانکاتدا فێری بێڕێزیش ببن.
چۆن بتوانین باشتر وەڵامی پرسیارەکانی منداڵان بدەینەوە؟ 
* بە پەلە وەڵامی منداڵەکەت مەدەرەوە تا تەواو بیری لێنەکەیتەوە، ئەوکات گرنگی بە وەڵامەکەی بدە و کاتی بۆ تەرخان بکە.
* ستایشی بکەو پێی بڵێ ئافەرین تۆ خەریکە گەوره دەبیت فێری پرسیاری زۆر جوان بووی، پێت چۆنە، بەیەکەوە لە ئینتەرنێت بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین؟
* ئەو وەڵامانەی کە ناتەوێ بەشێوەیەکی زانستی بیدەیتەوە کە لەگەڵ تەمەنی ئەودا ناگونجێت، دەتوانیت بەشێکی لێ ببڕیت و ئەو بەشەی کە هەست دەکەی گونجاوە لەگەڵ تەمەنی ئەودا پێی بڵێیت.
* نەکەی هەرگیز پێی بڵێی پرسیارەکەت هیچ وەڵامێکی نییە و جارێکی تر پرسیاری لەم شێوەیە بکەی لێت تووڕە دەبم یاخود پێی بڵێی عەیبەیە و خوا چاوت کوێر دەکات قسەی وابکەی.
* ئەگەر وەڵامەکەت نەزانی، دەتوانیت پێی بڵێی پێت چۆنە، بەیەکەوە ئەو پرسیارە لە بابە بکەین؟
* منداڵ هەرگیز رازی نابێت بەیەک وەڵام، بۆیە دەبێت تا باوەڕی پێ دەهێنیت هەوڵی لەگەڵدا بدەیت.
* هەوڵدە بە نموونە و چیرۆک و یاریەکانی خۆی بیگەیەنیتە وەڵامێکی دروست.
* درۆی لەگەڵ مەکە، چونکە ئەگەر باوەڕت پێنەکات ئیدی پرسیارت لێناکات و لە کەسی تر داوای وەڵام دەکات بۆ پرسیارە کەڵەکە بووەکانی مێشکی.
* بێزار مەبە ئەگەر لەیەک کاتدا هەمان پرسیاری دە جاریش لێ دووبارە کردیەوە، هەر بەدڵێکی گەورەوە وەڵامی بدەوە.
* هەوڵدە بە بەردەوامی  خۆت پڕ زانیاری بکەی تو ئامادەبیت بۆ پرسیاره هەمەجۆرەکانی منداڵەکەت.
* بە زەردەخەنە و رووخۆشی وەڵامی بدەوە ئەگەر لەوکاتەدا کارێکت هەبوو پێی بڵێ دواتر وەڵامت دەدەمەوە، چونکە پرسیارەکەی تۆ زۆرباشە کاتێکی باشم دەوێ بۆ وەڵامەکانت.

وتارەکانی نوسەر