لە پەنجەرەی پەروەردەوە

10:48 - 2022-08-02
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
438 خوێندراوەتەوە

دەرنەچووەکانیش خوێندکاری ئێمەن

شکستهێنان یان دەرنەچوون لە ئەزموونەکان و بەتایبەت لە ئەزموونە گشتییەکان، یەکێکە لەو ئەگەر و چارەنووسە بێزارکەر و تاڵانەی خوێندکار پیایدا تێپەڕدەبێت لە وەرگرتنەوەی ئەنجامی بەدەستهاتووی ساڵێکی خوێندنیدا، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی سەرجەم دەرفەتەکانی دووبارەکردنەوەی ئەزموونەکان واتا دوای شکستهێنان لە خولی دووەمی ئەزموونەکان، دوبارەبوونەوەی ساڵێکی خوێندن و لە دەستدانی کۆمەڵێک لە هاوپۆل و هاوڕێ و هاوتەمەن کارێکی ئاسان نییە لە رووی دەروونییەوە بۆ خوێندکار، سەرەڕای ئەوەی دەرنەچوون خوێندکار دوچاری چەندین گرفتی تری وەک لە دەستدانی بڕوابەخۆبوون و خەمۆکی و کەمکردنەوەی خولیا و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و تادەگاتە رقلێبوونەوە لە خوێندنگە و تەنانەت لەدەستدانی وێنەی خۆی لە روانگەی کۆمەڵ و خێزان و ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتیەی تێیدا دەژی، چونکە تائێستا دەرئەنجامەکانی شکستی خوێندکار ناتوانرێت وەک پێویست قبوڵبکرێت، چ لەخێزان و چ لە نێو کۆمەڵگە و تەنانەت هەندێکجار لەنێو پەروەردە و پەروەردەکاران و خوێندنگەش بە چاوێکی دی تەماشادەکرێت کاریگەری نەرێنی زۆر بکاتە سەر دەروونی خوێندکار، ئەم جۆرە کاردانەوە نەرێنیانە بۆ خوێندکاری دەرنەچوو سەرجەم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت تائێستا بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی بیر لەوە نەکراوەتەوە هۆکاری ئەم شکستانە چییە و بۆچی زۆرجار رێژەی دەرنەچوون دوو هێندەی رێژەی دەرچوونە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا تەنها ئەو ژمارە کەمەی ئاستێکی بەرزی نمرە بەدەستدەهێنن لەبەرچاودەگیرێت و زۆر لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەکرێت، بە روویەکی تردا ئەم هەرایەش دوبارە کاریگەری نەرێنی زیاتر لە دەروونی خوێندکارانی ئاستنزمی دەرچوو یان دەرنەچوو دەکات، سەیرکردنی خوێندکارانی دەرنەچوو وەک بەرپرسیاری یەکەم لەئەنجامەکانیان هەڵەیەکی گەورەیە و دەبێت کاری جدی لەسەربکرێت بۆ گۆڕینی ئەو کەلتورە نەرێنیەو تەنها خوێندکار بەتەنها بە هۆکاری شکست نەزانرێت، لەبری ئەوە هەر لە وەزارەتی پەروەردەوە تادەگاتە کارگێڕی خوێندنگەکان و مامۆستایانیش بە وردی دیراسەی ئەوە بەشێوەیەکی زانستی بکەن، ئایا کەموکوڕییەکان لە کوێی پڕۆسەی پەروەردەدان، خوێندکار بەچ دۆخێکدا تێپەڕیووە؟ چەند تا پاڵنەری ئەرێنی بۆ خوێندکاران دەستەبەرکراوە، چەند بڕواو متمانە دراوە بەخوێندکاران خۆیان ببنە سەرچاوەی خولیا و دۆزینەوەی بەهرەکانیان بۆ سەرکەوتن؟ گرنگە بەشێوازی وانەوتنەوەی مامۆستایاندا بچینەوە، ئەو شێوازە تەقلیدییەی وانەوتنەوە تەنها خستنەڕووی بابەتەکان بێت و خوێندکاران تەنها بینەربن و بەشداری کارایان نەبێت لە شیکار و چالاکی بابەتدا ئیدی دەبێت کۆتایی بێت، راستە لە هەردوو حاڵەتی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیشدا خوێندکاران بکەرن، بەڵام وەک چۆن بەرپرسیارێتی سەرکەوتن هەموو شانازی پێوەدەکات، پێویستە لە شکستهێنانیشدا هەموو بەو بەرپرسیارێتیەوە بۆ ئەنجامی بەدەستهاتووی خوێندکاران بڕوانین، وەستان لەگەڵ خوێندکاری دەرنەچوو و قبوڵکردنی ئەنجامەکەی لە خوێندندا دەرفەتێکی تر لە رووی مەعنەویەوە دەبەخشێت بە خوێندکار بەرە و باشتربوون و تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێیدا گوزەردەکات، دوورکەوتنەوە لە سەرزەنشتکردنی بێهودە و بێزارکەر کە سەلمێنراوە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نابەخشێت بە خوێندکار بەڵکو ئەنجامی زۆر نەرێنی لێوە بەدیدێت، تێگەیشتن لەوەی شکست کۆتایی هەنگاونان نییە، دەبێت لە رێگەیەکی نوێوە لەگەڵیان بین، وەک چۆن زۆرێکی تر لە مێژوودا توانیان بەشکستەکانیان زیاتر فێرببن و سەربکەون.

وتارەکانی نوسەر