شەفافییەت لە بودجەی حزبیدا لە سویسرا چۆنە؟

10:59 - 2022-08-02
وتار
489 خوێندراوەتەوە

ئاری مەحمود قەرەداغی

جیاواز لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئاستی فیدراڵیدا لە سویسرا هیچ یاسایەک سەبارەت بە دابینکردنی بودجەی حزبەکان نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە گروپە سیاسییەکان لە سویسرا پێویست ناکات باس لەوە بکەن کە پارەکانیان لە کوێوە دێت، بەڵام لە ئاستی کانتۆنەکاندا رێسای جیاواز هەیە. کانتۆنەکانی تیچینۆ، جنێڤ و نیوشاتێل ماوەیەکە یاسایان لەسەر بودجەی حزب هەیە. هەروەها لە ساڵی 2018 دانیشتوانی کانتۆنەکانی فریبۆرگ و شڤیتز بڕیاریان دا کە زانیاری شەفافتریان دەوێت سەبارەت بە بودجەی حزبەکان، بەڵام وەک لە خوارەوە دیارە یاسای کانتۆنەکان زۆر جیاوازن.

پەرلەمانی سویسرا

 
کانتۆنی تیچینۆ
 لە کانتۆنی تیچینۆ، لە ساڵی 1998وە مەرجی ئاشکراکردن بۆ بەخشینە سیاسییەکان هەیە. هەر لایەنێک زیاتر لە 10 هەزار فرەنکی سویسری وەربگرێت، دەبێت ئەمە بە راپۆرت بدات بە راوێژکاری کانتۆنەکەی. لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگداندا کاندیدەکان و لیژنەکان دەبێت بەخشینەکان بکەن بە راپۆڕت کە زیاتر لە پێنج هەزار فرەنکی سویسری بێت. دەبێت ساڵانە جارێک زانیارییەکان پێشکەش بکرێت. بەڵام لە حاڵەتی دەنگدان یان هەڵبژاردندا 30 رۆژ پێش پڕۆسەکە. دانیشتوانی ناو کانتۆنەکە دەتوانن تێڕوانینێکی گشتی لە بەخشینەکان لای راوێژکاری کانتۆن وەربگرن ئەگەر مەبەستیان بێت. کانتۆنی تیچینۆ گرنگییەکی زۆر بە بەشداریی حزبەکان دەدات. راوێژکاری دەوڵەت بە قوڵی زانیارییەکان ناپشکنێت و غەرامەکان کەمن ئەگەر هەر بێ یاساییەک رووی دابێت،دەبێت بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.

كانتۆنی ژنێف
لە ساڵی 1999 لە ژنێف یاساکانی شەفافیەت خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. لایەنەکان دەبێت ژمێریاری ساڵانەی خۆیان بۆ راوێژکاری دەوڵەت ئاشکرا بکەن. بە پێچەوانەی کانتۆنی تیچینۆ،  لە کاتی پڕۆسەی دەنگدان یان هەLبژاردن دەبێت 60 رۆژ دوای دەنگدانەکە یان هەڵبژاردنەکە بگوازرێنەوە بۆ راوێژکاری کانتۆنەکە. بەو پێیەی گروپە سیاسییەکان تەنیا دەبێت کۆی گشتی بەخشینەکان بۆ راوێژکاری دەوڵەت ئاشکرا بکەن، بەخشەرەکان بە بێ ناو دەمێننەوە. بۆئەوەی بتوانیت داتاکان ببینیت، دەبێت دانیشتووی جنێڤ بیت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ بچیتە بەردەم راوێژکاری دەوڵەت. ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن لایەنەکانەوە پێشکەش دەکرێن لەلایەن وردبینیکەرانی سەربەخۆوە پشکنینیان بۆ دەکرێت.

لە کانتۆنی نیوشاتێل لە ساڵی 2014 وە رێساکان سەبارەت بە دابینکردنی بودجەی حزبەکان هەیە. کانتۆنەکە تێکەڵەیەک لە سیستمی جنێڤ و تیچینۆ بەکاردەهێنێت. لە نیوشاتێل، حزبەکان و کاندیدەکان دەبێت بەخشین بە بڕی زیاتر لە پێنج هەزار فرەنکی سویسری رابگەیەنن. لە کانتۆنی نیوشاتێل، سیاسییەکان دەتوانن هەڵبژێرن کە ئایا دەیانەوێت بەخشینە تاکە کەسییەکان بە ناوەکانیانەوە بڵاویان بکەنەوە یان تەنها کۆی گشتی بڕە پارەکە. راوێژکاری کانتۆن دەتوانێت لە نزیکەوە لەو زانیاریانە بکۆڵێتەوە کە لەلایەن سیاسییەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
ئەم سێ رێگە جیاوازە لەلایەن کانتۆنەکانەوە نیشانی دەدەن کە دەتوانرێت زۆر جیاوازتر لێکبدرێتەوە و جێبەجێکردنی بودجەی حزبی شەفافتر بکرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە جیاوازی هەیە لەوەی کە چی پێویستە ئاشکرا بکرێت و هەروەها لەلایەن کێشەوە. دەتوانین بڵێین کە بەدەستهێنانی داتا لە هەر سێ کانتۆنەکەدا تاڕادەیەک قورسە. لە هیچ شوێنێکدا تێڕوانینێکی گشتی ناوەندیی و ئاسان دەستڕاگەیشتن بە بەخشین و پسوڵە ئاشکراکراوەکان نییە.

پێشهاتەکانی ئێستا
لە ساڵانی رابردوودا دووبارە و سێ بارە باس لە دارایی حزبی شەفاف کراوە، بەڵام ئەمە هەرگیز نەیتوانی زۆرینە بەدەست بهێنێت.   ئەو پارتانەی کە داوا دەکەن شەفافیەت لە بودجەی حزبیدا بکرێت و دەسپێشخەریەکەیان پێشکەش کرد، پێکهاتبوون لە پارتی سۆشیال دیمۆکراتی سویسرا SP، سەوزەکان، پارتی پیرات و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی.
ئەم سێ لایەنە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجیان قەدەغەکردنی بەخشین نییە، بەڵکو تەنها دروستکردنی روونکردنەوەیە و دەستپێشخەرییەکە مافێکی سیاسییە. هەروەها ئەو کاندیدانە یان ئەو کەسانەی کە بانگەشە بۆ دەنگدانی فیدراڵی دەکەن و زیاتر لە 100 هەزار فرەنکی سویسری خەرج دەکەن، دەبێت سەرچاوەی پارەکانیان بە راوێژکاری فیدراڵی رابگەیەنن. پێویستە راوێژکاری فیدراڵی ساڵانە و پێش دەنگدان و هەڵبژاردن ئەو ئامارانە بڵاوبکاتەوە. جگە لەوەش دەستپێشخەرییەکە دەیەوێت وەرگرتنی بەخشینەکانی بێ ناو قەدەغە بکەن. 
ئەنجومەنی فیدراڵی دەستپێشخەریی شەفافیەتی بەبێ بەرامبەر رەتکردەوە. کۆمسیۆنی سیاسی ئەنجومەنی دەوڵەت  پێشنیازێکی ناڕاستەوخۆی بەرامبەر بەو دەستپێشخەرییە هەبووە، هەروەها پێیان وابوو لەبری گۆڕینی دەستووری فیدراڵی (وەک دەستپێشخەرانی دەستپێشخەری شەفافیەت دەیانەوێت)، ئەو جۆرە رێسا وردانە نەخرێنە دەستورەوەو بۆیە سەر بە دەستوور نین بەڵکو سەر بە یاساکانن. لە کۆتایدا زۆرینیەی  کۆمسیۆنی سیاسی ئەنجومەنی دەوڵەت کە پێکدێن لە 40 ئەندام، رێکەوتن  شەفافیەت لە بودجەی حزبیدا بخرێتە ناو یاساکانەوەو لە هەمانکاتیشدا خاڵە گرنگەکانی دەستپێشخەری شەفافیەتیان لەگەڵ یاساکاندا گونجان. بەم جۆرە کە راستەوخۆ ئەم جۆرە رێسا وردانەیان نەخستە ناو دەستوری فیدڕالییەوە، پەیوەندی بە سیستمی سیاسی سویسراوە هەیە، بەو مانایەی کە کانتۆنەکانیش دەستور و یاسای خۆیان هەیە. 

دەرفەتەکان بۆ شەفافیەتی زیاتر
جگە لە پارتە سیاسییەکان، کۆمپانیاکان و کەسانی تایبەت زۆر جار لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و ریفراندۆمدا تێوەگلاون. بە پارە پشتگیری لە پڕۆژە سیاسییەکان دەکەن یان شەڕی سەختی بۆ دەکەن. بە شەفافیەتی زیاتر دەنگدەران دەیانتوانی بزانن کێ لە راستیدا دەستوەردان لە دەنگدانەکان یان هەڵبژاردنەکان دەکات. شەفافیەتی زیاتر دیموکراسی بەهێز دەکات و هەروەها پڕۆسەی پێکهێنانی بیروڕا بەرەوپێش دەبات. جگە لەوەش شەفافیەتی زیاتر متمانە بە سیاسەتیش دروست دەکات. گروپە سیاسییەکان بە ئاشکراکردنی سەرچاوە داراییەکانیان دەریدەخەن کە خەڵک بە جددی وەردەگرن. هەروەها لایەنگرانی شەفافیەتی زیاتر لە بواری دارایی حزبەکاندا جەخت لەوە دەکەنەوە کە سویسرا ناوبانگی بە خراپی بڵاوبۆتەوە، چونکە تاکە وڵاتە لە ئەوروپا کە هیچ رێسایەکی نییە سەبارەت بە دارایی حزبەکان.

مەترسییەکانی شەفافیەتی زیاتر
رەخنەگران شەفافیەتی زیاتر وەک هەوڵێکی بیرۆکراتی گەورە دەبینن، ئەوان ناڕەزاییان لەسەر ئەوە هەیە کە پشکنینی حساب و باڵانسی گروپە سیاسییەکان لەڕادەبەدەر کات دەبات و تێچووی زۆری دەوێت. ئەنجومەنی فیدراڵی سویسرا دەسەڵاتی جێبەجێکردن پیادە دەکات.                         
ئەو ئەنجومەنە بۆی دەردەکەوێت کە بەزەحمەت دەتوانرێت رێسایەکی نیشتمانی لەگەڵ سیستمی فیدراڵی لە سویسرا بگونجێنرێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە کانتۆنەکان دەتوانن لەم رووەوە رێسای تایبەت بە خۆیان هەبێت. جگە لەوەش رەخنەگران مەترسییەکیش دەبینن کە بەخشەرەکان، کۆمپانیا و کۆمەڵە تایبەتەکان بە ئاشکراکردنی بەخشینەکانیان لە پارەدارکردنی گروپە بەرژەوەندییە سیاسییەکان بکشێنەوە. لە ئەنجامدا دەوڵەت زیاتر دەستێوەردان لە داراییدا دەکات و بەم شێوەیە دەستوەردانی زۆر لە وتاری سیاسیدا دەکات. جگە لەوەش، ئارگومێنتەکانی بەردەوام دژی شەفافیەتی زیاتر لە پارەدارکردنی حزبەکاندا ئەوەیە کە ئەمە پێشێلکردنی تایبەتمەندی بەخشەرەکانە و دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی یاساکە دەورە بدرێت.

روانگە
وەک لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی 2012 لەلایەن دامەزراوەی توێژینەوەی رای «سۆتۆمۆ» وە بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە، نایەکسانییەکی تاڕادەیەک گەورە لە نێوان ئەگەرە داراییەکانی لایەنەکان لە سویسرادا هەیە. پارتە راستڕەوەکان زیاتر پارەیان لەبەردەستدایە لە چاو پارتە چەپەکان.  توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت کاریگەری پارە لەسەر بڕیارە سیاسییەکان زیادەڕۆیی تێدا بکرێت.

سەرچاوەکان
https://www.srf.ch/news/schweiz
https://www.parlament.ch/de
https://www.tagesanzeiger.ch
https://www.nzz.ch


وتارەکانی نوسەر