فلاش فیکشن

11:19 - 2022-08-02
محەمەد كەریم
417 خوێندراوەتەوە

71

پارەكە
شەو و رۆژێكە ئەم كێشەیە لە مێشكی خۆتدا دێنیت و دەبەیت، ئاخری دەگەیتە بڕیار. فەرماندەی مەفرەزەكە بانگ دەكەیت و پێی دەڵێیت: «قاچاغچی خەریكە دەمانخوات، بە كەیفی خۆیان لە دەورمان تەراتێن دەكەن، ئەمشەو كەمین دەردەكەین.» دەڵێت: «بەسەرچاو، ئامادەكاری دەكەم، كەمێك دوای خۆرئاوابوون، دەردەچین.»
تەنیا خۆت دەزانیت مەبەستت لەم بۆسەیە چییە؟ دوێنی دوو سەعات دوای وەرگرتنی مووچە، چێشتلێنەری بنكە گومرگییەكە بە شڵەژاوییەوە دێتە بەردەمت، دەڵێت: «هەتا چووم هەندێ بامێ و تەماتە بكڕم، مووچەكەم بە خڕی دزرا، دووسبەی مۆڵەتم، چۆن بەگیرفانی بەتاڵ بڕۆمەوە؟» كسپە لە دڵتەوە دێت. دەڵێیت: «شكت لە كێیە؟»، «ف»، «باشە، قسەی لێدەربێنە بزانە چی دەڵێت.»
ئەمڕۆ عەسر دوا وەڵامت چنگ دەكەوێت، بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ژێری. تەواو نائومێد دەبیت، چی لەوە قورسترە بتوانیت دزێك بگریت هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نەدابێت؟ لە حاڵەتێكی ئاواوە وتویانە: «دز یەكە و شك هەزار». دوای عەسر چێشتلێنەرەكە هەندێ زانیاری سەیرت دەداتێ. «ف» كۆمەڵی شتی زیادەی كڕیوە و ...
فەرماندەی مەفرەزەكە دێتە بەردەمت: «هەموو شتێك ئامادەیە»، «زۆر چاكە، نۆ كەس دەردەچین، بە سێ گروپ. من و چێشتلێنەرەكە و ف، خۆت و دوانی تر، گروپی سێیەمیش.»
دەكەونەڕێ، بەرلەوەی لەیەك جیاببنەوە، فەرماندەی مەفرەزەكە و بەرپرسی گروپی سێیەم بانگ دەكەیت، سەردەنێن بەیەكەوە، بە سرتە دەڵێیت: «ئەگەر سەلێیەكم تەقاند، پاشەكشە دەكەن، گوێ بە تاك فیشەكە مەدەن.» سەردەلەقێنن و دەكەونەڕێ. 
تەواو دوور دەكەونەوە، لە باوەشی تاریكەشەودا ون دەبن. خۆت لە ناوەڕاستا و دوانەكەی تر لەملاو لاتەوەن. لەپڕ دەوەستیت، چەكەكە لە شانی «ف» دادەماڵیت و میل دەهێنیتەوە، یاشماخەكەی ملت هەڵدەدەیت بۆ چێشتلێنەرەكە و دەڵێیت: «خێرا، چاوی ببەستەرەوە،» هەردووكیان دەپەشۆكێن، «ف» ئەژنۆی دەشكێت. چێشتلێنەرەكەش بە ترسەوە چاوی دەبەستێتەوە. «ف» لە ترسا ئەژنۆی دەلەرزێت، زمانی گۆ ناكات هیچ بڵێت، بڵمە بڵمێك دەكات و هیچی لێتێناگەیت. روو لە چێشتلێنەرەكە دەكەیت و دەڵێیت: «ئێستا دەیكوژین و دەڵێین لە بۆسەدا كوژراوە. یەكی دە گوللەی پێوە دەنێین». یەكسەر لەبن سەریدا سێ فیشەك رووەو ئاسمان دەتەقێنیت.
دەستدەكات بە گریان، توخوا مەمكوژن، توخوا، پارەكە لای منە، لەناو كەڵەكە بەردی پشت چێشتخانەكە شاردوومەتەوە.

وتارەکانی نوسەر