پەیامێك بۆ مام حەمید دەروێش

10:29 - 2022-08-03
وتار
364 خوێندراوەتەوە

مستەفا ئەلیسا 

بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەوە زۆر بڵاوە كە نازناوی داربەڕوو دەدرێت بە كەسێكی گرنگ یاخود دەدرێت بە پیاوێكی مەزن، بەڵام تۆش چەندەها جار بە تایبەتی ئەم نازناوەت وەرگرتووە لە زۆر كتێب و وتاری نووسەرە كورد و عەرەبەكاندا، بەڵام من لێرەدا ناونیشانی تۆم گۆڕیوە بۆ دارێكی مەزن، ئەویش (داری باووباب)ە. یان وەكو هەندێك پێی دەڵێن دایكی دارستان.
ئەم دارە لە ژیانیدا بە هەموو شێوەیەك بەخشندەیە، هەموو ئەو بەرهەمانەی هەیەتی لە تویكڵەكەی و گەڵا و رۆن و تەنانەت ئەو ئاوەی لە ناخی خۆیدا هەڵیدەگرێت، هەموو شتێك كە بەشێكە لە خۆی، پێشكەشی دەكات بە چواردەورەكەی، لە كۆتایی سوڕی ژیانیدا بە وەستاوی و (سەربەرزی) دەمرێت، هەروەك تۆ.
ئەمڕۆ تۆم بیركەوتەوە كە تەنگژەكانی سوریا نزیك دەبێتەوە لە یازدەهەمین ساڵی خۆی، تاكو ئێستا بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت.
ئەمڕۆ كاتێك سەیری وڵاتەكەم دەكرد (سوریا)، تا ئێستا ئازار دەچێژێت و لە دۆخی جەرگبڕدایە، بەهۆی نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری و چەندین گرفتی ئابووری و مرۆییەوە، لە هەمووی گرنگتر چارەسەرە سیاسییەكان، وا دیارە ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبن. قسەکردن لەبارەی سورییەكانەوە دوور و  درێژە، كە بە كورتی بە دەست سەرما و گەرماوە دەناڵێنن، ترس، هەژاری و دڵەڕاوكێ لە داهاتوو و لە ئێستاشدا هەیە، ئەمە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە كۆچیان كردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا و ئەوانەی لە وڵاتیشدا دەژین، لە هەمووی گرنگتر منداڵەكانن، كە ژمارەیەكی زۆریان لە خوێندن و قوتابخانە بێبەشكراون.
دوابەدوای رووداوەكانی ئەم دواییانە كە لە دیمەشق و حەسەكە و كێشەكانی سەر سنووری (سمێلكا) و بەرزبوونەوەی بەهای كاڵاكان لە وڵاتدا بیركەوتنەوەی ئامۆژگاری و گفتوگۆ، یان پێشبینییەكانت كە هەمیشە بوون، بە راستی بابەتێكە وایكردووە ئێمە هەست بە خەم و پەژارە بكەین.
مامۆستای ئازیزم، تۆ دانت بە كەسەكانی تردا دەنا و گوێت بۆ بیروڕاكانیان دەگرت، سەرەڕای ئەوەی چەند جیاوازبوون لە بیروڕاكانی تۆ، بیروڕای هەموانت بە سادەیی وەردەگرت.
ئەمڕۆ بارودۆخەكە بەرەو خراپی دەڕوات، كەس نادۆزیتەوە رازیبێت ‌و گوێ بۆ راوبۆچوونی كەسێكی تر بگرێت.
بە داخەوە، بەشێك لە سیاسەتمەدارەكانی ئەمڕۆ، سیاسەت بە درۆ و فێڵ تێگەیشتوون، ئێستا پێویستمان بە سیاسەتمەدارێكی راستگۆی وەكو تۆ هەیە، پێویستمان بەم سادەییە هەیە كە تۆ بە هۆیەوە چوویتە ناو دڵی خەڵكەوە، نەك ئەو زیادەڕۆیی و ئاڵۆزییەی ئەوان پەیڕەوی دەكەن.
زۆر پێویستمان بە تۆیە، پێویستمان بە سیاسەتمەداری بە رەوشت، جوانناسی، بە توانا، تامەزرۆ و بەهەستە.
ئێمە زۆر بیرت دەكەین، بیری ئەو پیاوە دەكەین كە لە ژێر  خێوەتەكەی یاخود سەر مێزەكەی، كورد و عەرەب و موسوڵمان و كریستیان-ی كۆدەكردەوە.
بیری گفتوگۆ و بیرەوەرییەكانت دەكەم، بیری گوێگرتن لە یادگارییەكانت دەكەم، من ئێستا بەشێكی وەردەگرم كە بۆت باس دەكردین دەربارەی رۆژێك لە دیمەشق: «لە پەنجاكان كە من قوتابی بووم، زۆرجار سەرۆك شوكری القوتلی-م لەسەر شەقامەكان دەبینی كە لە رێگە دەچووم بۆ زانكۆ، پێم دەوت «بەیانی باش بەڕێز سەرۆك، «ئەویش دەیوت بەیانی باش» و هەر یەكێكمان بە رێگەی خۆماندا دەڕۆیشتین».
زۆر بارودۆخ و رووداو هەن بە ناویدا دەڕۆین، ئەمڕۆ وایلێكردووم تۆم بیربكەوێتەوە.
چۆن بتوانم پیاوە داناكە لەیادبكەم!!
چۆن مامۆستاكەم لە چەند بوارێكدا لەیادبكەم؟
لە نێوان وشەكانتدا هەرگیز لە یادی ناكەم، زۆر بە جوانی دەنگتم بیردەكەوێتەوە، (ئەی خوایە) لێرەدا منیش دەگەمە كۆتایی و دەڵێم: ئەی خوایە من كۆبكەرەوە لەگەڵ مام حەمید و خۆشەویستانم لە بەهەشت.

وتارەکانی نوسەر