رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی هەرێمی کوردستان، هەر لە رێخۆشکردن بۆ دەست تێوەردانی دەرەکی نا گونجاوی دوور دەست، تا فرتەفرتی ئەم و ئەو بۆ بەغدا و سەرکردن بە ماڵی نەیارە دێرینەکان و دۆستەکانی بەرژەوەندیی ئەمڕۆ، خراپی باری ئابووری و بەردەوامیی بەستنی سەفقە ژێر بەژێرەکان و تێکدانی پەیوەندی لەگەڵ دراوسێ سەرەکییەکان و دروستکردنی مەترسی بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێم و لە رێگەی تویتەوە سەرکۆنەکردنی حوسییەکان و هاوسۆزی لەگەڵ سعودیە( کە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە) و زۆرێکی دیکە کە هاوکاتە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەمانە لە چاوەڕوانیی دەنگی خەڵکدان بۆ یەک لاکردنەوە و رێگری لێیان.
بەڕیوەبردنی سیاسەتی هەرێم بە حەکیمانە
تەسلیم بوون بە ئەجێندا دەرەکییەکان لەوانەی هیچ کات نەک دان بە قەوارەی هەرێمدا نانێن بەڵکو لە دژی خواست و بەرژەوەندییەکانمان دەوەستنەوە، هەڵەی گەورەیە، ئەو سیاسەتە هەڵانە و خۆهەڵواسین بەو وڵاتانەدا هەرێم و خەڵکی هەرێم تووشی نەهامەتی دەکات، خەڵکەکە دەخاتە ژێر چەتری سەرشۆڕ کردن و تەسلیم بوون بە خواستەکانی ئەوان.
کاتێک ئیران هەولێر دەداتە بەر مووشەک و دەڵێت جاسوسی ئیسرائیلی لێبووە و بەدوایدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە کورد دەکات، وامان لێناکات بڵێین ئەم ماستە موویەکی تێدایە؟ لەکاتێکدا لای زۆرێک لە رای شەقامی عەرەبی پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیسرائیل هێڵی سوورە.
ئیسرائیل لە نسکۆکاندا نەک فریای نەکەوتووە بەڵکو پشتی بەرداوە، ئێمە ئیمارات نین کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی هەستیاری کەنداوە، تابە پێی مەرجی خۆمان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستین، ئەوەی ئێمە هەر چۆنێک بێت نابەرابەری دەبێت و لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتە دەبێت تا گەلی کورد، بۆیە دەبێت لە دیاریکردنی دۆست و دوژمن بۆ خەڵکی هەرێم وریا بین دەنا بە زیانی خۆمان دەشکێتەوە.
ئێمە پێویستمان بە پاراستنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێ بە پێی سیاسەتی دەرەوەی عیراق، پارتی زۆر گرنگی بە ئیران نادات چونکە سنوورێکی کەمیان لەگەڵ ئیران هەیە و لە گەڵیشیدا باکی نییە بە تێکچوونی پەیوەندییەکان، چونکە دەزانێت درێژترین سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ دەڤەری سەوزە، بەڵام هەموو تواناکانیان خستۆتە خزمەت پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا، بەجۆرێک کە تەنانەت زۆرێک لە سەرمایەدارەکانی هەرێمیشیان بەستۆتەوە بە بازرگانی لەگەڵیان، کە رەنگە ئاسان نەبێت رۆژێک بیانەوێت ئاراستە بازرگانییەکە بگۆڕن و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمدا بیانگونجێنن.
باجی سیاسەتی هەڵە دەدەین
زۆرێک لە خەڵکی هەرێم بۆیان دەرکەوتووە کە هەڵەکانی ئێستا و رابردوو لە سیاسەتی هەرێمدا بەرامبەر بەغدا و لێکەوتە خراپەکانی کە بەو هۆیەوە دروست بوون، بەشی هەرە زۆری لە ئەستۆی دەسەڵاتی پارتی دایە لە هەرێم، هەر بۆیە لە ئێستاوە رای جیاواز کەوتۆتە لای خەڵک و دەیانەوێت لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە سزای ئەوانە بدەن و هاوکێشە سیاسییەکە بگۆڕن.
ئەگەر پێمان وابێت، پێویستە یەکڕیزیی ماڵی کورد لە هەرێم بپارێزین و پەیوەندییەکانمان لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێم بنیات بنێین و رێزی دراوسێکانمان بگرین و نەبینە هۆکاریی دروست بوونی ئاڵۆزی و بە تەپڵی هیچ لایەک هەڵنەپەڕین لە دژی لایەکی تر، ئەوا دەبێت سنوورێک دابندرێت بۆ تاکرەوی بەڕێوەبردن و قۆرخکاری، دیاریکردنی ئەم سنوورەش بە دوو رێگە دەکرێت ئەویش یان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە یەک جودا، تا چیدی وەک دەڤەری سەوز باجی سیاسەتی هەڵەی پارتی نەدەین، یان دەبێت بە میکانیزمێک ئەم قۆرخکاریی و ژێربەژێرکردنی پەیوەندییەکان و پاشقول گرتنانە نەمێنێت، بۆ ئەمەشیان ئەگەر پارتی نەیەوێت پێکەوە ژیان و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بە یەکسانی بگرێتە بەر ئەوا دەبێت دەنگی خەڵک یەکلایی بکاتەوە.
پەشیمان بوونەوە لە بایکۆتکردن
هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خەڵکێکی کەم بەشدارییان تێدا کرد، بەڵام ئێستا پەشیمانن لەو بەشداری نەکردنە و پێێان وایە دەبوا بەشدار بن و سزای ئەوانە بدەن و دووریان بخەنەوە کە بوونەتە هۆکاری ئیفلیج بوونی عیراق لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان، خەڵک دەڵێن ئەگەر پارتی دەنگەکان بۆ خۆی قۆرخ بکات لەڕێگەی کورسی کۆتاکان و فرتوفێڵی هەڵبژاردن، ئەوا دەبێت بژاردەیەکی دیکە بگرنە بەر ئەویش دەنگدانە بەلایەنی سەرەکی دووەم تا بتوانێت لەناو پەرلەمان و حکومەتدا هێزی ئەوەی هەبێت رووبەڕووی تاکڕەوی و قۆرخکاریی ببێتەوە.
تەنها رێگەیەک بۆ نەهێشتنی تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا دروستکردنی هاوسەنگییە لە نێوانی هێزە سەرەکییەکانی هەرێم، دەبێت خەڵک دەنگ بدەن بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا بتوانێت بە هێزی کورسییەکانی رێگری لە تاکڕەوی بکات، بەمەش کەموکووڕییەکان چارەسەر دەبن، بە نەهێشتنی تاکڕەوی و قۆرخکاریی دەتوانین پێدانی مووچە کە مافی رەوای خەڵکە بکەینە هەواڵێکی ئاسایی نەک مژدە و هەواڵی بەپەلە.
بە ئاشکرا هەرێمی کوردستان دوو بەشە، بەڵام لە واقیعدا بەشی زۆری دەسەڵاتدارێتی لای پارتییە کە نابێت وابێت، سنووری جوگرافیای سیاسیی یەکێتی هیچی کەمتر نییە لەوەی پارتی، کەچی بەهۆی پابەند بوون بە یەک حکومەتیی هەرێمەوە، تا دێت پارتی جێپێی خۆی خۆش دەکات و پارەی داهاتەکانی هەرێم بە نادیاریی ماونەتەوە، کە ئاشکرایە دەکرێت پارتی بۆ راکێشان و کڕینی دەنگی خەڵک و کورسی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەکاریان بهێنێت، بێدەنگ بوون لە ئاست ئەمانە کارەساتی گەورەی لێدەبێتەوە، بۆیە دەبێت سنووردار بکرێت.