ئێزدییه‌كان وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی گه‌لی كورد و عیراق، له مێژووی خۆیاندا، رووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی زۆر بوونه‌ته‌وه، هه‌ر له سه‌رده‌می عوسمانییه‌وه تا ده‌گات به‌مڕۆ، گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین كاره‌ساتیش بۆ سه‌ر ئێزدییه‌كان، هێرشی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كانی داعش بوو بۆ سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال و زومار و ناوچه‌كانی دیکەی نیشتەجێبوونی ئه‌م پێكهاته زوڵم لێكراوه له ساڵی 2014دا، كه مه‌به‌ست لێی قڕكردنی ته‌واوەتییان بوو لە ژێر پەردەی جیاوازیی ئاینییەوە.
ئێستا و دوای هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر هێرشی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌ی شه‌نگال، ناوچه‌كانی برایانی ئێزدی به داڕماوی و وێرانه‌یی ماونه‌ته‌وه و زۆریك له‌و پێكهاته‌یه‌ش تا ئێستا له نێو كه‌مپه‌كاندان له هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی هەردوو حكومه‌تی هەرێم و عیراق و هه‌وڵنه‌دانیان بۆ باشكردنی بارودۆخیان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.
هەڵاتنی ئێزدییەکان لەدەست هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال - 2014
هێرشێك بۆ قڕكردن
رێكخراوی داعش له مانگی ئابی 2014 و دوای ده‌ستگرتنی به‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی عیراقدا، هێرشێكی به‌رفراوانی كرده سه‌ر زێدی برا ئێزدییه‌كان له شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری، كوشتارێكی گه‌وره‌ی له‌و ناوچانه كرد، به‌مه‌به‌ستی قڕكردنی ئێزدییه‌كان، كه دانیشتووی دێرینی ناوچه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر جیاوازیی بیروباوه‌ڕی ئاینییان.
چه‌كدارانی داعش جینۆسایدێكی گه‌وره‌یان له شه‌نگال و زومار و ناوچه‌كانی دیکەی برایانی ئێزیدی كرد، هەر له كوشتنی پیاوان و گه‌نجان تا رفاندن و به کەنیزەک کردنی ژنان و كچانیان، ئه‌مه چ جای وێرانكردن و رووخاندنی به‌شێك له شوێنه پیرۆزه‌كانیان، كه ئه‌وه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌یی و جیهانی لێكه‌وته‌وه.
تاوانه‌كانی داعش له ناوچەی ئێزدایه‌تی یان (ئێزدیخان) تا ئاستی جینۆساید چوو، به پێی وتە و راپۆرتی رێكخراوه مرۆییه نێودەوڵەتییەکان، چونكه كوشتن و به‌دیلگرتن و تەنانەت كڕین و فرۆشتینیشیان پێوه‌كراوە کە ئەوەش دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە .
به پێی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، داعش ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌زاران كچ و ژنی وه‌كو دیل و کەنیزەک گلداوه‌ته‌وه و کە تائێستا شوێنەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
به کەنیزەککردنی كچان و ژنان
داعش دوای هێرشی بۆ سه‌ر شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری، هه‌زاران كچ و ژنی ئێزدی له خانه‌واده‌كانیان جیاكرده‌وه و وەک کەنیزەک لەگەڵ خۆیان بردوویانن، به پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش، چه‌كدارانی داعش له سێی ئابی 2014 كچان و ژنانی دیلكراویان به‌ره‌و سوریا بردووه، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر نیازی خراپی سه‌ركرده‌كانی رێكخراوه‌كه دژ به ئێزدییه‌كان.
ئەو رێکخراوە تیرۆریستە هه‌وڵیداوه به هه‌موو جۆرێك تاوانی جینۆساید به‌رامبه‌ر به ئێزدییه‌كان په‌یڕه‌و بكات، به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنیان له رێگه‌ی كوشتن و كوێله‌كردنی سێكسی و ئه‌شكه‌نجه و مامه‌ڵه‌ی خراپ و سوكایه‌تی پێكردنیان، ئه‌مه چ جای راگواستنیان له ناوچه‌كانی خۆیان و بازرگانیكردن پێیانه‌وه، ئه‌وه‌ش زیانی ده‌روونی و جه‌سته‌یی گه‌وره‌ی پێ گه‌یاندن، به‌تایبه‌تی به‌وانه‌ی رزگاریان بوو له‌ده‌ست رێكخراوه‌كه لەدوای شكستهێنانی داعش له عیراق و سوریا.
داعش به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كچان و ژنانی كوردی ئێزدی كردووه و وه‌كو موڵكی چه‌كداره‌كانی ئه‌و رێكخراوه مامه‌ڵه‌ی لەگەڵدا كردوون و ناچاری كردوون به كاركردن له ماڵی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه و هه‌روه‌ها ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ریان، بێبه‌شیش كراون له نان و خواردن و خواردنه‌وه‌ی پێویست.
دیارترین نموونه بۆ مامه‌ڵه‌ی خراپی داعش له‌گه‌ڵ ژنان و كچانی ئێزدی، ئه‌و قسانه‌ی نادییه مورادی چالاكوانی ئێزدی و رزگاربووی ده‌ستی داعشه، كه له چه‌ندین بۆنه‌داو له‌ناو رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش كردی، سه‌باره‌ت به ماوه‌ی دیلكردنی له‌لای داعش، جگەلەوەش ته‌واوی چیرۆكی خۆی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌ناوی «دوا كچ» باسكردووه، كه له به‌شێكیدا ده‌ڵێت: له كاتی گواستنه‌وه‌مان به پاس له شاری موسڵه‌وه یه‌كێك له چه‌كداره‌كان كه به «ئه‌بو به‌تات» ناوده‌برا، گێچه‌ڵی به كچه‌كان ده‌كرد، ده‌ستی بۆ شوێنه هه‌ستیاره‌كانی له‌شیان ده‌برد، كاتێك كچانیش دژی ده‌وه‌ستانه‌وه، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كردن و چه‌كی بەرەوڕوویان بەرزدەکردەوە.
موراد هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: رێكخراوه‌كه بڕوای به شیكاریی هه‌ڵه هه‌یه بۆ ئایین و ده‌ستدرێژكردنه سه‌ر كه‌نیزەک و به هه‌ڵه و گوناهی نازانێت.
رێكخراوه‌كه منداڵانی ئیزدیشی به‌زۆر خستۆته ناو قوتابخانه‌ی تایبه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنیان و شۆردنەوەی مێشکیان و بەزۆر كردنیان به مسوڵمان و پێدانی وانه و ئاماده‌كردنیان بۆ بوون به‌چه‌كدار بۆ شه‌ڕه‌كان و خۆته‌قاندنه‌وه.
ژماره‌ی قوربانیانی ئێزیدی
هێرشه‌كانی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال و زومار و ده‌وروبه‌ری، مه‌به‌ست لێی جینۆسایدی كوردە ئێزدییەکان بوو، هەروەها بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافی و به عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌كانیان بوو.
به‌پێێ راپۆرته‌ی رێکخراوە مرۆییە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش بێت دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و هێرشی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانیان، له چواری ئابی 2014، نزیكه‌ی سێ هه‌زار هاووڵاتی ئێزدی كوژراون، پێنج هه‌زار كه‌سیش به‌دیلگیران كه منداڵیشیان تێدا بوو، هه‌روه‌ها كچ و ژنی ئێزدیشی تێدا بوو كه مامه‌ڵه‌ی کەنیزەکیان له‌گه‌ڵدا كراوە و كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌كراوە، له ناوچه‌كانی ئه‌وكاتی ژێر ده‌ستی داعشدا له سوریا و عیراق، هەروەک 400 هه‌زار هاووڵاتی تری ئێزدیش ئاواره و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئه‌و هاووڵاتییه ئێزدییانه‌ش كه فریاكه‌وتن، هه‌ڵاتن بۆ سه‌ر چیای شه‌نگال و له‌وێ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین رۆژ ئابڵوقه دران، به‌شێكیان له توینێتی و برسێتی و به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا، دواتر هێزی پێشمه‌رگه و هەپەگە توانیان به پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی سوپای هاوپه‌یمانان رێگه‌ی ده‌ربازبوونیان بۆ دەستەبەر بکەن.
ئازادكردنی شه‌نگال
دوای نزیكه‌ی ساڵێك له داگیركردنی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه، دوای هه‌وڵێكی زۆری پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان و سوپای عیراق، توانرا له 13ی تشرینی دووه‌می 2015، دوای نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له ئابڵوقەدانی چه‌كدارانی داعش، پێشمه‌رگه و سوپای عیراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و هاوپەیمانان شه‌نگال ئازاد بكه‌ن و ئه‌و ناوچه كوردستانییه له ژێر ده‌ستی ئەو گروپە تیرۆریستییە رزگار بكه‌ن، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ شكستی داعش له چه‌ندین ناوچه‌ی تر چ له عیراق و چ سوریا.
بارودۆخی ئێستای ئێزدییه‌كان
دوای هه‌شت ساڵ له هێرشه دڕه‌نده‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر زێدی ئێزدییەکان له سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، هێشتا به شێكی زۆری ئێزدییه‌كانی هه‌ڵاتووی دەستی داعش، كه نزیكه‌ی 350 هه‌زار كه‌س ده‌بن ئاواره‌ن و له كه‌مپدا ده‌ژین له هه‌رێمی كوردستان، ئەوابن له بارودۆخێکی قورس و دژواردان و دوور له ناوچه و ماڵ و حاڵی خۆیانن، زۆریكیشیان تووشی بێ هیوایی بوون له دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و حکومەتی لۆکاڵیی نەینەواوە، كه هه‌نگاوی ئه‌وتۆیان نه‌ناوه بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ سەر زێدی خۆیان، كه تائێستا به‌ده‌ست چه‌كدار و میلیشیای چه‌كداریی جۆار و جۆره‌وه دەناڵێنن.
ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌كانی خۆشیان كه به 120 هه‌زار كه‌س مەزەندە دەکرێن، رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه بۆ دووباره دروستكردنه‌وه‌ی ژیانیان، به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه.