ناحه‌قم مه‌گرن كاتێ ئه‌م قسه‌یه ده‌كه‌م، هه‌ر كاتێ ئیشی فه‌رمانگه‌یه‌كم هه‌بێت له‌رزم لێدێت. ده‌زانم تۆش تووشی ئه‌و حاڵه‌ته ناخۆشه بوویت كاتێك هه‌موو شته پێویسته‌كانت كردۆته ناو زه‌رفێكه‌وه و ده‌چیته به‌رده‌می فه‌رمانبه‌رێكی گرژ و مۆن، وا هه‌ست ده‌كه‌یت تاوانباریت و له‌به‌رده‌می دادوه‌ردایت! له دڵی خۆتدا ده‌ڵێیت: «خودایه نوقسانییه‌كم لێ نه‌دۆزیته‌وه و یان بیانوویه‌كم پێنه‌گرێت.»
هه‌ر به‌ڕاستی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی‌دا، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به په‌روه‌رده و خێزانه‌وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به رێنمایی و چاودێریكردنی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌كه‌وه نییه، چونكه مه‌حاڵه هیچ به‌ڕێوه‌به‌رێك ئه‌گه‌ر كامێرای چاودێریشی هه‌بێت، بتوانێت ده‌قه به ده‌قه و یه‌ك به یه‌ك چاودێریی فه‌رمانبه‌ره‌كانی بكات و ئاگای لێیان بێت. ئه‌وه‌ی وا ده‌كات هاووڵاتی ئاسایی له كاتی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌یدا دڵخۆش بێت و هه‌ست به سووكایه‌تی نه‌كات، شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی یه‌ك به یه‌كی فه‌رمانبه‌ره‌كانه، به‌ڵام، من نازانم بۆچی زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌ران له كاتی راییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتی ئاسایی‌دا بێتاقه‌ت و بێزارن وه‌كو بێگار ئیشه‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ن؟ یان وه‌كو مناڵ ئامۆژگاری ده‌كه‌ن و بۆ نموونه ده‌ڵێن: «دانیشه بانگت ده‌كه‌م، ئه‌وه چۆن یه‌كسه‌ر هاتووی بۆ ئێره نه‌چوویت بۆ ژووره‌كانی تر؟ هتد.»
دیاره هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌كه به شێوه‌ی كلاسیك ئیش بكات یان به شێوه‌ی ئه‌له‌كترۆنی، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕه‌قی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات مرۆڤه نه‌ك رۆبۆت.
لێره‌وه واسیته ده‌ستپێده‌كات، هه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی كه رووی گرژه و به ره‌قی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هاووڵاتی ئاسایی‌دا ده‌كات، كاتێك به‌رپرسێك یان خاوه‌ن واسیته‌یه‌ك ده‌چێته به‌رده‌می نه‌ك هه‌ر رووی خۆش ده‌بێت، كون به كونیش دوای مامه‌ڵه‌كه‌ی ده‌كه‌وێت و ئیشی حه‌فته‌یه‌كی به نیو سه‌عات بۆ ته‌واو ده‌كات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خاوه‌ن واسیته ئه‌وه‌ی به خه‌یاڵدا بێت و بڵێت خۆ هه‌ر ئیمزای ئه‌خیری ماوه ئه‌م جاره وه‌كو هاووڵاتی ئاسایی ده‌چم، ئه‌وسا ده‌زانێت تاڵاوی مامه‌ڵه چییه؟
با كه‌مێك به ویژدانه‌وه سه‌یری دیمه‌نه‌كه بكه‌ین، ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی ئیش و كاری هاووڵاتیان رایی ده‌كات، له به‌رامبه‌ردا مووچه وه‌رده‌گرێت باشه بۆچی به چالاكی و رووخۆشییه‌وه ئیشه‌كه‌ی ناكات؟ لێره‌وه دڵسۆزی بۆ نیشتمان ده‌ستپێده‌كات، یانی ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك له شوێنی خۆیه‌وه هه‌ست به مه‌سئوولیه‌ت بكات و به دڵسۆزییه‌وه ئیشه‌كه‌ی خۆی بكات و ویژدانی خۆی ئاسووده بكات. به‌و هیوایه‌ی هه‌موان ئه‌و هه‌سته‌مان هه‌بێت.
گه‌نم محه‌مه‌د