شەن و کەو

09:47 - 2022-08-04
مستەفا محەمەد
578 خوێندراوەتەوە

داهاتووی عیراق  لە تابلۆیەکی ئاڵۆزدا

ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق کە بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسی و ناکۆکی لایەنەکانەوە هاتۆتە ئارا، رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبن و ئەگەری توندتربوونیشیان هەیە، بەکارهێنانی شەقام و خۆپیشاندان و مانگرتنی بەکۆمەڵ، هەروا ئیفلیجکردنی دامەزراوە تەشریعی و یاساییەکانیش لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە، پێشبینییەکانی بۆ نەخشەڕێگای  ئاییندەی حوکمڕانی لە عیراق تەواو ئەستەم کردووە، خەریکە دۆخەکە لەگرێژنە دەرچێت و تەسفیەی حیساباتی لایەنە ناکۆکەکانیش بە هەڵگیرسانی ئاگری فیتنەی شەڕی ناوخۆیی قوڵتربێتەوە!
لەگەڵ ئەوەی هەمووان دەزانن کە ئومێدی چارەسەر لەپێکداپژانی لایەنگران و هەوادارانی حزب و قەوارە سیاسییەکاندا نییە، بەڵام لایەنی سێیەمیش «هاوشێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان» بۆ ناچارکردنی هێڵی یەکەمی سەرکردە ناکۆکەکان لەپێناو سازان و دەستپێکردنەوەی دانوستاندا بەدی ناکرێت ، لەولاشەوە شکۆی دەسەڵاتی جێبەجێکار کە بۆ پاراستنی سەروەریی دام و دەزگا تەشریعییەکان گرنگە ، تێکشکاوە «جا بە ئەنقەست ئەم دەروازەیە کرابێتەوە یا لەترسی پێداپژانی سەربازیی»، راستیەکمان پێدەڵێن کە حکومەتی کاربەڕێکەری کازمی نەیتوانیوە، بۆ چارەی دۆخی پەکخستنی پەرلەمان و رێگەگرتن لەو هەموو پاشاگەردانیە لەنێو ئەو دامەزراوە گرنگەدا سەرکەوتووبێت.
«تشرینییەکان» کە پێشتر لەشەقامدا بوون و توانیان حکومەت لە کاربخەن و چەند نوێنەرێکیش لەهەڵبژاردنی پێشوەختەدا بنێرنە پەرلەمان، ئەگەرچی مارانگازی سەرنج و بڕیار و راسپاردە راڕاکانی تەیاری سەدرین و لە رابردووشدا باجی گەورەیان داوە و ریسەکەیانی لەناو شەقامدا لێ کردنەوە خوری، هەمدیس کەوتوونەتەوە خۆ و  بەناوی دەربڕینی هەڵوێستی نیشتمانییەوە بەیاننامەیەکی چەند خاڵیان دەرکردووە و بەنیازن رۆژی هەیینی بە مەرج بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن!
لە نێو هەموو ئەو تەم و مژە سیاسییەشدا هەڵوێستی کورد ناڕوونە و خەریکە بەرەی دژە کورد و دژە مافی دەستووریی کوردییش بە داواکردنی هەموارکردنەوەی دەستوور گەورەتردەبێت، کە من پێم وایە لەتوندبوونی ئاڵۆزییەکاندا داواکە بۆ پەکخستنیشی دەگۆڕن، ئەمانە کۆکن بۆ وەشاندنی گورزێکی کەمەرشکێن لەقەوارەی کوردیی تا هەرچی ماف و شایستە دەستورییەکان هەن لەگۆڕ بنرێن، لەجێی ئەوە بەدەستوخەتێکی تازەوە شکڵ و شێوەی حکومڕانی وێنا بکەنەوە و دەستورێکی عەرەبیانە بنووسنەوە!
ئەوە روونە کە سەدر و لایەنگرانی، ئەم تەکتیکەی نێو پەرلەمان بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ گۆڕانکاریی لە سستمی حکومڕانی دەبینن، لەکاتێکدا خۆیان لەو بازنەیەدا غائیبن، بۆیە دوور نییە هەنگاوی داهاتوویان وەک وڵامدانەوەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لەم چەند رۆژەدا ئەنجام دراون، لەسەرجەم پارێزگاکان خۆپیشاندانی سەرتاسەریی جاڕ بدەن، ئەم بیرۆکەیەش لەناو هەندێ قەوارەی کوردییەوە بە داخەوە پێشوازیی لێدەکرێت و بە پەلەپڕوزێوە دەیانەوێت هاوشێوەی بەرەی سەدریی لەهەرێمیش خۆپیشاندان رێک بخەن!

وتارەکانی نوسەر