رەسوڵ بۆسكێنی
لە رەنج و كوێرەوەری، لە وەرزی بەهار گوڵێك هەڵوەری، قارەمانێكی ئازای رێگەی تێكۆشان، بەسەربەرزی ژیا لەپێناوی نیشتمان، هەر زوو كەوتەسەری كەڵكەڵەی كوردایەتی، گرتیەبەر رێگەی سەختی پێشمەرگایەتی.
خۆشەویستی شتێكی جوانە لای گشتمان، جا ئەو خۆشەویستییە هی تاك بێ یانیشتمان، خەم و دەردی ژیان بێ چەند و چوونە، وانەی رۆژگار تاقی كردنەوە و ئەزموونە، هەر كەس بیەوێ لەناوا ناوی دەركەوێ، لەكڵ دەرچێ و لە تاقی كردنەوەی رۆژگار سەركەوێ، وەك ئەستێرە لە ئاسمان دەدرەوشێتەوە، زێڕی خالیس بەئاگری بەهێز تاقی دەكرێتەوە، پێی دەبڕێ شۆرەتی بەرز و شانازی.
خدر حاجی عەبدولڕەحمان حەسەن ناسراو بە خدر ژێرسێ، بۆ لە دایكبوونی ساڵی 1961 دیاری كراوە، لە دامێنی چیای كێوەڕەش لە بۆسكێن چاوی بەژیان هەڵێناوە، لە تەمەنێكی كەم و سەروەختی هەرزەكاری، ستەمكاری بەعس و زوڵم و زۆرداری، تەواوی نیشتمان بێنازی دایدەگرێ، ژێردەستەیی گەل و وڵاتی پێ قبوڵ ناكرێ، ئەو لاوە تێكۆشەر و بەجەرگە، ساڵی 1979 لە قوەتی پشدەر چەكی پێشمەرگایەتی كردە شان، بە رەوشتبەرزی و قسە و رەفتاری جوانی، هەر زوو دەبێتە جێگەی سەرنجی هەڤاڵەكانی.
بەشداری زۆر شەڕ و نەبەردی كردووە، رێگریی لە خراپەكاری و بەدی كردووە، تەواو پێگەیی لەكڵ هاتەدەر، لە كۆتایی ساڵی 1980 لە ناوچەی پشدەر، لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی قوەتەكەیان كە پێكهاتبوون لە شەهید خدر و عەبدوڵڵا سەعید ساڵح، ئەحمەد رەسوڵ رەسوڵ و برایم خدر باوزی، بۆ بەجەولەو چالاكی، لەگوندی كەوێ بابەسەنی بۆ پشوودان بەبێ باكی، سیخورەكانی بەعس شوێنیان هەڵدەگرن، خافڵگیرانە دەورەیان دەگرن، داوای خۆبەدەستەوەدان دەكەن بەعسییەكان، بەڵام چۆن دەبێ شێری لانە و خۆبەدەستەوەدان، شەهید خدر و هەڤاڵەكانی وەك شێری سەرمەست، چالاكانە لە دوژمن دێنەدەست، دوای شەڕێكی قارەمانانە لە مەیدان، برینداربوونی هەموویان، وێڕای نەبەردی زۆر و زیان گەیاندن بە دوژمن، بەسوود وەرگرتن لە كەشوهەوای تەمومژ و باران، دەربازدەبن.
لە بەهاری ساڵی 1982 لە نزیك گوندی سندۆڵان لە ناوچەی پشدەر، دەستەیەك لە پێشمەرگەكان لە هێرشێكی دوژمن شەڕێكی نابەرابەر، لەگەڵ هێزێكی زۆر بەپاڵپشتی تانك و زرێپۆش، شەهید خدر و پێشمەرگەكان خوێنیان دێتەجۆش، داستانێكیان تۆماركرد نموونەی ئازایی و بەرەنگاری، قارەمانی و لە خۆبوردوویی شەهید خدر ناكرێ ئینكاری، ئازایی و دڵسۆزی پێشمەگەكان لەپێناوی ئەو رێبازە بوو، بەڵام جیاوازی هێزی دوژمن بێ ئەندارەبوو، كە ئەوەیان بینی تانكەكانی دوژمن هێرشیان كرد بێ وەستان، بەسەرهاتی شەهید خدر بوو بەداستان، بەڵام سەدحەیف لە داوێنی چیاو دار و دەوەنی، ئاودرا بەخوێنی لاوێك كوردستان مێرگ و چیمەنی، گیانی سپارد و خدر رۆژی هاتی نەگەیشت، گەیشتە كاروانی نەمران و بەئاواتی نەگەیشت.