لە کۆشکی شاهانەی بەریتانیا چی دەگوزەرێت؟

10:49 - 2022-05-08
دووتوێ
797 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی پاشا و شاژن و ئیمپراتۆر و سەرۆکەکان تێرو پڕ و خۆشگوزەران لەناو کۆشک و تەلارەکاندا لە ژیانێکی شایستە و شاهانەدا ژیاون. مۆزەخانە گەورەکان پڕن لە مۆبیل و کەرەستە و ناوماڵی ئەو دەستڕۆیشتووانە کە لە زێڕو زیو و ئەڵماس و مادەی نایاب دروستکراون، حەزی گرانبەهایی کەرەستەکان تا ئێستاش لای سەرۆک و پادشای هەموو وڵاتان هەر باوە، یەکێک لەو کۆشکە بەناوبانگانەی دونیا کۆشکی باکنگهامە لە بەریتانیا کە شاژنە ئەلیزابێسی دووەم 70 ساڵ زیاترە کەسی یەکەمی ئەو کۆشکەیە و شتی سەیر و سەمەرەی هەیە لەوانە زیاتر لە 1000 کارمەندی خزمەتگوزار و دەستوپێوەند هەن کە کاریان تەنها خزمەتکردنی شاژن و دەستە و دایەرەکەیەتی، لەناو ئەو ستافەدا هەموو جۆرە پیشەوەرێک هەیە لە چێشتلێنان، بەردەستی، تاقمی شوشتن، هەڵخستن و رێکخستن،  تەگبیر، دورین و تەندروستی و دەیان جۆری تر.
ستافی پەلەوەران
لەناو کۆشک ژمارەیەک خەڵک تەرخانکراون بۆ چاودێری و بەخێوکردنی قاز و قەل و مراوی و باڵندەکانی شاژن، پزیشکێکی ڤێتەرنەری رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکات و ژمارەیەک کەسی تر بۆ پاککردنەوە و شوشتن و خواردن ئامادەکردن و ژمارەیەکیش بۆ پاسەوانیکردنیان دانراون.
تاقمی پێڵاو
کاتێک شاژن پیڵاوێکی تازە دەکرێت بەرلەوەی تاقی بکاتەوە، تاقمێکی تایبەتی ژنان هەن کە قەبارەی قاچیان هەمان قەبارەی ئەوە، پێڵاوەکە لەپێ دەکەن و بۆ چەند رۆژێک پێیەوە دێن و دەچن تا دڵنیابن لەوەی کە قاچی شاژن ئەزیەت ناداو بێ کێشە لەپێی دەکات ئەوکاتە بۆی دەبەن و لە رێوڕەسمێکدا لەپێی دەکەن و پیرۆزبایی لێ دەکەن.
تیپی مۆسیقا
تیپێکی سەمفۆنی هەیە کە لە ئاواز دانەر و مۆسیقاژەن پێکهاتوون و کاریان دانانی ئاواز و ژەنینی مۆسیقایە لەو بۆنە تایبەتانەی ناو کۆشک و دەرەوە کە شاژن تیایدا بەشدار دەبێت، ئەوان لە زەوق و سەلیقەی شاژن شارەزان و لەسەر نەزمی ئەو دەژەنن.
قەساب
وا باوە شاژن حەزی لە گۆشت بڕینە بەدەستی خۆی، بەڵام لەبەر پیری تاقەتی نەماوە و پێویستی بە هاوکاری کەسێکە تا یارمەتی بدات، بۆیە ستافێکی قەساب هەن کە لەسەر ئارەزووی شاژن پێکەوە گۆشت دەبڕن و خۆی بەدیاریانەوە دادەنیشێ و لەزەت لەو ئیشە وەردەگرێت، کە گۆشتەکان چاککران دەنێردرێنە چێشتخانە بۆ لێنان، شاژن هەمیشە خواردنی کلاسیکی فەڕەنسی دەخوات و حەزی بە خواردنە مۆدێرنەکانی ئێستا وەک پیتزا و ماکەرۆنی و هامبەرگر و هەندێک خواردنی تر نییە.
سۆشیاڵ میدیا
ستافی سۆشیاڵ میدیای شاژن کاریان نیشاندانی لایەنە جوانەکانی کۆشکی پاشایەتی و کارە خزمەتگوزارییەکانە لەگەڵ وەڵامدانەوەی هاووڵاتیان و پەخشکردنی هەواڵ و وێنە جوانەکانی شاژن، ئەو ستافە پسپۆڕو شارەزان لە میدیاو رۆژنامەگەریی و بە مووچەیەکی شایستە لەناو کۆشک بە دوو شەفت دەوام دەکەن.
تابلۆ و پول و پۆستە
شاژن هەر لە منداڵی و لەکاتی شازادەییەوە حەزی لە کۆکردنەوەی پولی پۆستە و تابلۆی هونەری بووە خاوەن ئەرشیفێکی گەورەیە کە لەسەر ئاستی هەموو ئەوروپا گەورەترینە، ستافێکی بۆ ئەو ئیشەش هەیە بۆ کۆکردنەوەی زیاتر و پاراستن و رێکخستنیان.
شاژنە ئەلیزابێس لە دوای مردنی شا جۆرجی باوکی لەساڵی 1952 شاژنی یەکەمی بەریتانیا و 12 وڵاتی ترە و چەند رۆژێک لەمەوبەر لەیادی 96 ساڵەی لەدایکبوونیدا ئاهەنگێکی شاهانەی بۆکرا.

سەرچاوە: Bright Side Cala

بابەتە پەیوەندیدارەکان