ئۆكرانیا داوای كۆمەكی دارایی بەپەلە دەكات

09:57 - 2022-05-09
ئابووری
654 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی ئۆكرانیا بانگەوازێك ئاڕاستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، بۆ كۆمەکكردنی بەپەلەی وڵاتەكەی و لە پەیامێكیشیدا بۆ سەرۆكی ئەمریكا داوا دەكات، مانگانە بڕی دوو ملیار دۆلاریان بۆ بنێردرێت.
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) بڵاویكردۆتەوە: سێرخی مارچینكۆ، وەزیری دارایی ئۆكرانیا لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ بەرپرسە ئەمریكییەكان، بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییە بەپەلەكان تا مانگی حوزەیران، داوای بڕی دوو ملیار دۆلاری لە ئیدارەی جۆ بایدن كردووە، هاوكات داوای پێنج ملیار دۆلار دیکەی هاوكاریی ئابووری لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە.
ئەو وەزیرەی ئۆكرانیا بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و سەركەوتن لە جەنگەكەدا، دەبێت بە زووترین كات كێشە ئابوورییەكان چارەسەر بكەین.
ماوەیەک لەمەوبەریش، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی (بانكی جیهانی)ی سەر بە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەكردبوو: بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییانەی كە لە هێرشەكانی روسیاوە دروستبووە، مانگانە ئۆكرانیا پێویستیی بە حەوت ملیار دۆلار هاوكاریی هەیە.
لای خۆیەوە، جانێت یەلەن وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە: ئیدارەی بایدن ئامادەكاریی بۆ داواكردنی هاوكاریی زیاتر بۆ ئۆكرانیا لە كۆنگرێس دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان