G7: جەنگی ئۆكرانیا تەنگژەی وزە ‌و خۆراكی ئاڵۆزتر كردووە

09:40 - 2022-05-19
جیهان
694 جار خوێندراوەتەوە

حەوت وڵاتە پشەسازییەكەی جیهان (G7) رایانگەیاند: جەنگی ئۆكرانیا تەنگژەی وزە ‌و خۆراك لە جیهاندا ئاڵۆزتر دەكات ‌و هەڕەشە لە وڵاتە هەژارەكان دەكات.
داواشیانكرد، دەستبەجێ رێكارەكان بگیرێنەبەر بۆ شكاندنی ئابڵوقەی ئابووری سەر گەنجینەكانی گەنم لە ئۆكرانیا.
ئانالینا بیربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كە وڵاتەكەی میوانداریی گەورە دیپلۆماتكارانی وڵاتانی گروپی حەوتی كرد، رایگەیاند: جەنگی نێوان ئۆكرانیا ‌و روسیا بۆتە تەنگژەیەكی جیهانی. وتیشی: ئەگەر گەنمی ناو گەنجینەكانی ئۆكرانیا ئازاد نەكرێت، ئەوا لە چەند مانگی داهاتوودا نزیكەی 50 ملیۆن كەس رووبەڕووی برسێتیی دەبنەوە، بە تایبەت لە وڵاتانی ئەفریقا ‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەكەیاندا، كە لە كەناری دەریای بەڵتیك لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو ‌و سێ رۆژی خایاند، نوێنەرانی وڵاتانی گروپی حەوت بەڵێنیاندا بە پێشكەشكردنی هاوكاریی زیاتری مرۆیی بە وڵاتە هەژارەكان.  
بەپێی بەیاننامەكە، هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا یەكێك لە مەترسیدارترین تەنگژەكانی وزە ‌و خۆراكی لە مێژووی نوێدا دروستكردووە ‌و لە سەرتاسەری جیهاندا هەڕەشە لە خەڵكی هەژار ‌و كەمدەرامەت دەكات. 

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#ئابووری #روسیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان