زیلینسكی دووبارە داوای كۆبوونەوە لە پوتین دەكات

10:27 - 2022-03-23
جیهان
953 جار خوێندراوەتەوە

ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا جارێكی تر پێشنیازی دانوستانی راستەوخۆی بۆ ڤلادیمێر پوتین كرد ‌و ئاماژەی بەوەشدا كە چارەنووسی هەرێمە ناكۆكەكانیش مایەی گفتوگۆن ‌و دەكرێت لەڕێی راپرسییەوە یەكلابكرێنەوە.

لەمیانی لێدوانیدا بۆ كەناڵە ناوخۆكانی وڵاتەكەی، زیلینسكی ئاماژەی بەوەدا، كە لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ ‌و كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی روسیا ‌و گەرەنتیی ئەمنیی وڵاتەكەی، كیێڤ ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر پابەندبوونی خۆی بكات بە دەستبەرداربوون لە بەدەستهێنانی ئەندامێتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ). وتیشی: ئەوە چارەسەرێكی ناوەندە بۆ هەموان. چارەسەرە بۆ خۆرئاوا كە نازانێت دەربارەی ناتۆ چیمان بۆ بكات. چارەسەرە بۆ ئۆكرانیا كە گەرەنتیی ئەمنیی دەوێت، چارەسەریشە بۆ روسیا كە فراوانبوونی دیكەی ناتۆی بەرەو خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناوێت.

جەختیشیكردەوە: تا لەگەڵ پوتین كۆنەبێتەوە، ئەستەمە بزانن ئەو وڵاتە دەیەوێت شەڕ رابگرێت یان نا؟
لە بەرامبەریشدا، دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی كریملین رایگەیاند: هەڵوێستی روسیا لای ئۆكرانییەكان زۆر ئاشكرایە، چونكە چەند رۆژێك لەمەوبەر داواكارییەكانی بە شێوەی دەستنووس پێشكەش بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە ‌و چاوەڕێی وەڵامی خێرا ‌و جەوهەری دەكەن.

دوای مانگێك تێپەڕبوون بەسەر جەنگی نێوان روسیا ‌و ئۆكرانیادا، تا ئێستا چەند جارێك وەفدی دانوستانكاری نێوان هەردوو وڵات كۆبوونەتەوە، بەڵام پێشكەوتنی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینیوە ‌و بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لە سەرەتای جەنگەكەوە تائێستا زیاتر لە 10 ملیۆن كەس ماڵ ‌و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، كە نزیكەی یەك ملیۆن ‌و 500 هەزاریان منداڵن ‌و لە دۆخێكی خراپدان.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

#ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان