ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
جارێ باس له‌وه ناكه‌م له‌كاتی هه‌ڵواسینی وێنه‌كه‌مدا، به ده‌ستی چه‌ند هه‌رزه‌كارێكه‌وه به دیواره‌كانی شاردا چیم لێ به‌سه‌رهات. روخساری، وه‌ستانه‌كه‌ی، شێوه‌ی سه‌یركردنی به‌رامبه‌ر كامێراكه، كات و ساڵ و ئه‌و ده‌مانه‌ی دیواره‌كانی شار پڕ كرابوون له وێنه‌و پۆسته‌ره‌كان، خۆم ده‌بینییه‌وه، كاتێكیش كه‌سانێك منیان ده‌ناسی له دووره‌وه سڵاوێكیان لێده‌كردم، خۆشم كه‌وتبوومه گومانه‌وه كه ئه‌و وێنه‌یه خۆمم، پێكه‌نینم به خۆم ده‌هات، كه چ رۆژگارێك تێیكه‌وتووم.
به‌ڕێكه‌وت سه‌فه‌رێكم بۆ دروستبوو وێنه‌كه‌ی خۆم له‌به‌رده‌م یه‌كه‌م خاڵی پشكنیندا بینی، به‌لامه‌وه سه‌یرنه‌بوو كه جامی سه‌یاره‌كه‌م كرده‌وه پێی وتم شوناسه‌كه‌ت.
له وێنه‌كه‌ی خۆم ده‌ڕوانی هێشتا ژیان خه‌یاڵ و وڕێنه‌كانی و رابردوو له‌توپه‌تی نه‌كردبووم، كه ئه‌وه‌ی داوای شوناسم لێده‌كات، جیاوازی ناكات له نێوان وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی خۆم و ئه‌و وێنه ره‌نگاو ره‌نگه‌ی له خاڵی پشكنین هه‌ڵواسراوه، پێی وتم، تۆ زۆرجار به‌م رێگه‌یه‌دا ده‌ڕۆیت، كه‌سێكی نه‌ناسراو نیت، به‌ڵام شێوه‌ت ده‌كه‌م. نازانم له كوێ تۆم بینیوه..
پرسیاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و شوێنه بێ وه‌ڵام بوو، ئه‌و به‌كاری خۆی ده‌ڕوات و شۆفێره‌كه لێی پرسیم زۆر وێنه هه‌یه له‌تۆ ده‌چێ، منیش تێبینی ئه‌وه‌م كردووه، له‌وبه‌ری ده‌ریای زه‌رده‌وه هه‌مان وێنه، له‌مبه‌ر ده‌ریای سه‌وزیشه‌وه به‌هه‌مانشێوه، له‌به‌رخۆیه‌وه وتی لێكچووه‌كان زۆرن.
له‌به‌رخۆمه‌و وتم، لێكچووه‌كان چل جۆرن.
چه‌ند هه‌رزه‌كارێك كه ساڵانێك بوو وێنه‌كه‌م خۆره‌تاو سووتاندبووی، باراناو كاڵی كردبۆوه، بینیم ده‌یانخسته ناو خۆڵه عه‌مه‌له‌كانه‌وه. زۆر دڵخۆشبووم به‌و كاره‌یان، لێره‌وه بوو هه‌ستێك منی گه‌ڕانده‌وه بۆناو وێنه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆم، وه‌ك ده‌وترێت دڵم كه‌ف ده‌كات.
له وێنه‌كه‌ی خۆم هاتمه ده‌ره‌وه، زۆری نه‌برد هات و له ته‌نیشتمه‌وه دانیشت، كه‌وتینه قسه‌كردن و یاده‌وه‌رییه‌كانی رۆژانی رابردوو، دوای هه‌واڵپرسینی هاوڕێ دێرینه‌كان پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد ئێستا به‌كام دیواردا هه‌ڵواسراوم، پێموت به دیواری دڵی -با-دا، وه‌كو خۆم پێكه‌نی و چاوه‌كانی پڕ بوون له ئاو.
وتی تینوومه.
منیش تینوومه
له دووه‌م خاڵی پشكنین هه‌ردووكمان دابه‌زین، شۆفێره‌كه چاوه‌ڕوان بوو، تاوه‌كو ئه‌و دوو كه‌سه‌ی كه یه‌ك كه‌سین بگه‌ڕێته‌وه، به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه خۆم خه‌ریك كرد، تاوه‌كو بزانم هه‌مان سێبه‌رم جگه‌ره ده‌كێشێت.
سه‌فه‌ره‌كه به شه‌و بوو، جارجاره خه‌وم لێده‌كه‌وت، به‌ڵام كه‌سه‌كه‌ی تر كه خۆم بووم ده‌یان خه‌وی ده‌بینی كه نه‌یده‌هێشت به ئارامی پشوویه‌ك بده‌م.
هه‌رسێكتان دابه‌زن، له خاڵی پشكنینی سێهه‌مدا، شۆفێره‌كه دابه‌زی كه‌مێك له‌ولاتره‌وه سه‌یری ده‌كردین، سه‌ربازه‌كه له دوای پشكنین، به شۆفێره‌كه‌ی وت، ئه‌وه یه‌كه‌مینجاره به‌ته‌نها سه‌فه‌ر ده‌كه‌یت، تۆ به ئێمه غه‌ریب نیت.
پۆسته‌ره‌كه‌م به دڵی ئه‌و سه‌ربازه‌وه بوو كه نه‌یده‌ناسیمه‌وه، وێنه‌كه‌ی من به‌رامبه‌ر ئه‌و رێگه‌یه بوو كه خه‌ڵكانی تر له دووره‌وه ده‌هاتن، ئه‌وه‌ی تر كه ماندووه له خه‌وێكی قووڵدایه خۆمم كه به‌رامبه‌ر دوو وێنه‌ی خۆم دانیشتووم، ئه‌وان من ده‌ناسن، به‌ڵام من هیچ كام له‌و دوو وێنه‌یه ناناسمه‌وه.
زۆرمان نه‌ماوه وا ده‌گه‌ینه جێ.
هه‌سته له‌خه‌و ئه‌مه دوا خاڵی پشكنینه
شۆفێره‌كه، له‌به‌رده‌م دوا خاڵی پشكنین وه‌ستا، سه‌ربازه‌كه داوای شووناسی لێكردم، من زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كم كرد، به منی وت به‌چی پێده‌كه‌نیت..؟
وتم، به وێنه‌كانی خۆم، كه به‌رامبه‌ر خۆی هه‌ڵواسرابوو.
له‌خه‌و هه‌ستام، شۆفێره‌كه وتی گه‌یشتین، ئیتر من ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه، هیچم پێ نه‌بوو، هه‌روه‌ك وێنه‌كانم ساده‌و په‌رتوبڵاو شێوه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی ساده‌و ساكارن، وه‌ك ئه‌و ئه‌وی تر كه منێكی تره‌و خه‌وی لێكه‌وتووه، سه‌ربازه‌كه پێی ده‌ڵێت، له كوێوه هاتوویت شوناسه‌كه‌ت؟.
كه‌سمان شوناسمان نییه.
نازانم كه‌سی سێهه‌م بۆ هاته قسه، به‌ختی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه سه‌ربازه‌كه تێنه‌گه‌یشت، له وێنه‌كه‌وه ته‌مومژ ده‌باری، شۆفێره‌كه وتی ئای له‌و به‌خته‌ی رێگاكه نابینم.
-وتت گه‌یشتین
زۆرمان نه‌ماوه، وێنه‌كه‌م پێی وتم، ئه‌وه قسه‌ی شۆفێره‌كه بوو، ئه‌وه‌یتر كه‌سمان نه‌مانده‌ناسییه‌وه وتی، تاوه‌كو به‌م خه‌یاڵه‌وه بژین ناگه‌نه هیچ شوێنێك. ئه‌و شه‌وه به‌ر له سه‌فه‌ركردنه‌كه‌م به وێنه‌و ئه‌لبووم و ئه‌و وێنانه‌ی به كامیرای كۆداك گیرابوون خه‌مێكی سارد به‌ناو ده‌ماره‌كانمدا ده‌گه‌ڕا، وێنه سارد‌و سڕه‌كان كه رۆحیان تێدا نه‌مابوو، بیریان ده‌كه‌م كه ئێستا كه‌سیان له ژیاندا نه‌ماون، ئه‌وانیش مه‌راقی من ده‌خۆن كه هێشتا سه‌رقاڵی راكه‌ڕاكه‌ی ژیانم، هه‌ر به‌به‌ر خۆمه‌وه قسه ده‌كه‌م، شۆفێره‌كه ئارامی لێبڕاو وتی، ئه‌رێ تۆ ته‌واویت..؟
پێموت، جارجاره... پێكه‌نینێك گرتمی به هیچ جۆرێك ژیر نه‌ده‌بوومه‌وه.