سومه‌رست موم
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
4-3
ئۆنۆرێ به‌لزاك (1799-1850) یه‌كێكه له داهێنه‌ره گه‌وره‌كانی رۆمانی فه‌ره‌نسی، له ماوه‌ی (21) ساڵدا كه ئیتر به ناوی خۆیه‌وه و به‌جدی نووسیوێتی (90) ده‌قی له رۆمانی درێژ و كورت و چیرۆك نووسیوه، پێش ئه‌وه‌ش به‌ناوی تره‌وه ده‌قێكی بێشوماری نووسیوه، گرنگترین وانه‌ی ژیانی به‌لزاك ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به‌رده‌وام بێت و كۆڵ نه‌دات ده‌بێته نووسه‌رێكی داهێنه‌ر.
له‌باره‌ی نامه‌كه‌ی دایكییه‌وه بۆ به‌لزاك، ده‌بێت چی بڵێم؟ نووسه‌ری ژیاننامه‌كه‌ی ده‌ڵێت: له‌به‌رئه‌وه‌ی بلیمه‌تی، به‌های تایبه‌تی خۆی هه‌یه، نابێت پره‌نسیپه‌كانی ئاكاری به‌لزاك به پێوه‌ری ئاسایی هه‌ڵبسه‌نگێنرێت. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به بیروبۆچوونه‌وه هه‌یه. پێم وایه باشتره ئه‌وه قبووڵ بكه‌ین كه به‌لزاك بێشه‌رمانه خۆپه‌رست و هیچ و پووچ و بێنامووس بوو. باشترین بیانوو كه مرۆڤ ده‌توانێت بۆ بێباری به‌لزاك دایبتاشێت، ئه‌وه‌یه به دڵخۆشی و گه‌شبینی خۆی، هه‌میشه باوه‌ڕی به‌وه به‌هێز بوو نووسینه‌كانی پاره‌یه‌كی زۆری بۆ په‌یداده‌كه‌ن (له‌و كاته‌دا پاره‌یه‌كی زۆری ده‌ستده‌كه‌وت)، له‌و بیرۆكانه‌ی یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌هاتنه ناو مێشكه توند و به‌رداره‌كه‌یه‌وه، پاره‌ی خه‌یاڵی ده‌ستده‌كه‌وێت. به‌ڵام هه‌ر كاتێك یه‌كێك له بیرۆكه‌كانی ده‌هێنایه مه‌یدانی ئیشه‌وه، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو زیاتر ده‌چووه ژێر باری قه‌رزه‌وه.
رواڵه‌تكاری ده‌په‌رست
به‌لزاك، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ئاسایی و پیاوی ژیان بوایه و پاشه‌كه‌وتی بكردایه، هه‌رگیز نه‌یده‌توانی ببێت به‌و نووسه‌ره‌ی كه بوو. مرۆڤی شۆ بوو، رواڵه‌تكاری ده‌په‌رست و نه‌یده‌توانی پاره خه‌رج نه‌كات. وه‌كو سه‌گ ئیشی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵینه‌كانی خۆی بباته‌سه‌ر، به‌ڵام به‌دبه‌ختانه، پێش ئه‌وه‌ی قه‌رزه به‌په‌له‌كانی بداته‌وه، قه‌رزی تازه‌ی كردبوو. ده‌بێت ئاماژه بۆ راستییه‌كی سه‌یر بكه‌ین: به‌لزاك ته‌نیا له ژێر فشاری قه‌رزدا ده‌یتوانی بنووسێت. كاتێك ئه‌م فشارانه له ئارادا بوون، ئه‌وه‌نده ئیشی ده‌كرد تا په‌رێشان ده‌بوو، ره‌نگی به‌ڕووه‌وه نه‌ده‌ما، له‌م بارودۆخه‌دا، كۆمه‌ڵێ له باشترین رۆمانه‌كانی خۆی نووسی. به‌ڵام به‌ڕێكه‌وتێكی موعجیزه ئاسا، ئه‌گه‌ر له ته‌نگانه‌دا نه‌بوایه، كاتێك خاوه‌نقه‌رزه‌كان لێی ده‌گه‌ڕان، یان سه‌رنووسه‌ر و ناشره‌كان شكاتیان لێ نه‌ده‌كرد، توانای داهێنانی نه‌ده‌ما و نه‌یده‌توانی قه‌ڵه‌م بخاته‌سه‌ر كاغه‌ز.
سه‌ركه‌وتنی به‌لزاك، به‌هه‌مان شێوه كه ئیمتیازێكی سه‌ركه‌وتنه، كۆمه‌ڵێ هاوڕێی نوێشی بۆ فه‌راهه‌مكرد و هێزی ژیان و رووخۆشی زۆری بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له هه‌موو هۆڵه‌كانی پێشوازی جگه‌له چه‌ند هۆڵێكی تایبه‌ت، به روویه‌كی خۆشه‌وه پێشوازی لێبكه‌ن. یه‌كێك له‌و ژنانه‌ی ناوبانگی به‌لزاك سه‌رنجی راكێشا "ماركیز دو كاستیری" كچی دۆك و خوشكه‌زای دۆكێكی تر بوو، كه له بنه‌ماڵه‌ی "جه‌یمسی دووه‌م"ی پاشای ئینگلیز بوو.
به‌لزاك عاشقی بوو
ئه‌م ژنه به ناوی خوازراوه‌وه نامه‌ی بۆ به‌لزاك نووسی، ئه‌میش وه‌ڵامی دایه‌وه، ژنه دووباره نامه‌ی بۆ نووسی و ناسنامه‌ی خۆی ئاشكرا كرد. به‌لزاك چوو بۆ بینینی، ورده ورده په‌یوه‌ندیان گه‌رموگوڕ بوو، هێنده‌ی پێنه‌چوو به‌لزاك هه‌موو رۆژێك ده‌یبینی.
ماركیز دو كاستیری ژنێكی ره‌نگپه‌ڕیوی قژزه‌ردی گوڵئه‌ندام بوو. به‌لزاك عاشقی بوو، به‌ڵام ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێگه‌ی دا ده‌ستی ماچ بكات، له به‌رامبه‌ر هه‌نگاوه‌كانیدا بۆ زیاتر چوونه پێشه‌وه به‌ربه‌ره‌كانی ده‌كرد. به‌لزاك بۆنی له خۆی ده‌دا، هه‌موو رۆژێك ده‌سكێشی زه‌رد و نوێی ده‌كرده ده‌ست، به‌ڵام هیچی شین نه‌ده‌كرد. ورده ورده بێتاقه‌ت بوو كه‌وته ئه‌و خه‌یاڵه‌وه كه ماركیز یاریی پێده‌كات، بابه‌ته‌كه روونه: ژنه ده‌یه‌ویست ریاكارێكی هه‌بێت، نه‌ك دۆست، گومانی تیانییه، حه‌زی لێ‌بوو پیاوێكی گه‌نجی هۆشیاری به‌ناوبانگ له‌به‌رده‌میدا به‌چۆكدا بێت، به‌ڵام به‌هیچ جۆرێك مه‌به‌ستی نه‌بوو ببێته عه‌شیقه‌ی.
قه‌یران له شاری جنێڤ ده‌ستیپێكرد. به‌لزاك و ماركیز و خاڵی دۆك "فیتز جه‌یمس" كه له‌گه‌ڵیدا بوو و ئاگای لێ‌بوو، له‌سه‌ر رێی خۆیان بۆ ئیتالیا، له جنێڤ لایان دا. كه‌س نازانێ به‌ڕاستی چی روویدا. ماركیز و به‌لزاك بۆ گه‌شت چوونه ده‌ره‌وه‌ی شار، كه‌چی به‌لزاك به‌گریانه‌وه گه‌ڕایه‌وه. له‌وانه‌یه ته‌سه‌وری ئه‌وه بكرێت به‌لزاك داواكاریی بێچه‌ندوچوونی له ماركیز هه‌بووبێت و ئه‌ویش به‌توندی ره‌تیكردبێته‌وه. به‌لزاك تووڕه و غه‌مگین، هه‌ستی ده‌كرد به‌شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون به‌كاریان هێناوه، گه‌ڕایه‌وه بۆ پاریس. به‌ڵام رۆماننووسێكی بێبه‌ها نه‌بوو، هه‌ر ئه‌زموونێك، چه‌ند پڕسووكایه‌تیش بوایه، سوودی لێوه‌رده‌گرت. به‌م شێوه‌یه، ماركیز له ئاینده‌دا بوو به مۆدیلی لاف و گه‌زافی بێهه‌ستی كه‌سانی چینی باڵا.
به‌لزاك، له كاتێكدا هێشتا ژنه‌ی به‌شه‌خسیه‌ت بێهووده گه‌مارۆی دابوو، له شاری "ئۆدسا"ی ئۆكرانیاوه نامه‌یه‌كی عاشقانه‌ی به ناوی "غه‌ریبه‌یه‌كه‌وه" پێگه‌یشت. له‌كاتێكدا به‌ینی له‌گه‌ڵ ماركیز تێكچوو، نامه‌ی دووه‌میشی به‌هه‌مان ناوه‌وه پێگه‌یشت. ئیتر له رێگه‌ی تاكه رۆژنامه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه‌وه كه مۆڵه‌تی هه‌بوو بچێته خاكی روسیاوه ئه‌م ئاگادارییه‌ی بڵاوكرده‌وه:
"ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆ مسیۆ دو "ب" ناردبووتان، به‌ده‌ستی گه‌یشتووه. ئه‌مڕۆ له رێی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌وه توانی گه‌یشتنی نامه‌كه رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه نازانێت وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ كوێ بنێرێت."
"ئیڤلین هانسا" كه ژنێكی وه‌جاخزاده و زۆر ده‌وڵه‌ندی پۆڵه‌ندی بوو، نامه‌كه‌ی ناردبوو. ئه‌م ژنه ته‌مه‌نی سى و دوو ساڵ بوو، مێرده‌كه‌ی زۆر له خۆی گه‌وره‌تر بوو، پێنج مناڵی ببوو، به‌ڵام ته‌نیا كچێكی له ژیاندا مابوو. هانسكا ئاگادارییه‌كه‌ی بینی و به‌شێوه‌یه‌ك شته‌كه‌ی رێكخست، ئه‌گه‌ر به‌لزاك نامه‌ی بۆ بنووسێت، له رێگه‌ی كتێبفرۆشێكه‌وه له ئۆدسا وه‌ریبگرێت. ئیتر نامه‌گۆڕینه‌وه ده‌ستیپێكرد. به‌م شێوه‌یه‌ش عه‌شقی گه‌وره‌ی ژیانی به‌لزاك ده‌ستیپێكرد.
ئیڤلین وه‌كو نووسه‌رێك ستایشی به‌لزاكی ده‌كرد
ئه‌و نامانه‌ی ئاڵ‌وگۆڕیان ده‌كرد رۆژ به رۆژ گه‌رمتر ده‌بوون. به‌لزاك ئه‌و رۆژه به‌شێوه‌یەک زیاده‌ڕه‌وی كرد، به‌شێوه‌یه‌ك دڵی خۆی هه‌ڵڕشت، كه به‌زه‌یی و هاوده‌ردی ژنه ببزوێنێ. ئیڤلین هه‌ستیار بوو، له ژیانی یه‌كڕیتمی و خێزانی كه له قه‌ڵای گه‌وره‌ی خانه‌دانیدا هه‌یبوو، ماندوو و بێزار بوو. ئه‌م قه‌ڵایه له ئۆكرانیا له ناوه‌ڕاستی زه‌وییه‌كی ته‌ختی په‌نجا هه‌زار هێكتاریدا بوو. ئیڤلین وه‌كو نووسه‌رێك ستایشی به‌لزاكی ده‌كرد و وه‌كو پیاویش به‌دڵی بوو. دوای یه‌ك دوو ساڵ له نامه گۆڕینه‌وه، مه‌دام هانسكا له‌گه‌ڵ مێرده نه‌خۆشه‌كه‌ی و كچه‌كه‌ی كه مامۆستا بوو، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نۆكه‌ر و خزمه‌تكار چوون بۆ "نۆشاتیل" له سویسرا، به‌لزاكیش به‌داوه‌تی ئه‌و چوو بۆ ئه‌وێ. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌لزاك و هانسكا چۆن یه‌كیان بینی، گێڕانه‌وه‌یه‌كی رۆمانسی هه‌یه كه له‌وانه‌یه راستیش نه‌بێت.
به‌لزاك له باخی گشتی پیاسه‌ی ده‌كرد، ژنێكی سه‌لاری بینی له‌سه‌ر كورسییه‌كی درێژ دانیشتووه و خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكه. ژنه له‌چكه‌كه‌ی خسته خواره‌وه، به‌لزاك كاتێ هه‌ڵیگرته‌وه بیداته‌وه به ژنه، زانی كتێبه‌كه یه‌كێكه له كتێبه‌كانی خۆی. قسه‌ی له‌گه‌ڵ ژنه كرد. ئه‌و ژنه بوو كه هاتبوو بۆ بینینی. له‌و كاته‌دا ئیڤلین ژنێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش بوو. گه‌رچی چاوانی ده‌یه‌شا، به‌ڵام جوان بوون، قژی جوان و ده‌می دڵفڕێن. له‌وانه‌یه ئیڤلین یه‌كه‌مجار كه ئه‌و پیاوه قه‌ڵه‌وه سوورفله‌ی دیبێت كه قه‌دوباڵای له هی قه‌سابه‌كان ده‌چێت و ئه‌و هه‌موو نامه شاعیرانه‌یه‌ی بۆ نووسیووه، كه‌مێك راچڵه‌كیبێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر واشبووبێت، تیشكی چاوه ئاڵتوونییه‌كانی به‌لزاك، وزه‌ی زۆری ژیانیی، ژنه‌ی ناچاركردووه، جووڵه‌ی رۆحی له‌بیر بكات و هێنده‌ی پێنه‌چوو، به‌لزاك بوو به مه‌عشوقی.
به‌لزاك دوای یه‌ك دوو حه‌فته ناچار بوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس. به‌و قه‌ول و قه‌راره له‌یه‌ك جیابوونه‌وه كه له سه‌ره‌تای زستاندا دووباره له جنێڤ یه‌كتری ببیننه‌وه. به‌لزاك بۆ كریسمس چووه جنێڤ و شه‌ش حه‌فته له‌وێ مایه‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا رۆمانی " دوشیس دولانژێ"ی نووسی و تیایدا، تۆڵه‌ی ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی كرده‌وه كه مه‌دام دوكاستیری پێی كردبوو.
به‌لزاك دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه بۆ پاریس، ژنێكی ناسی به ناوی مه‌دام "گیدۆبۆنی ڤیسكۆنتی". ئه‌م ژنه ئینگلیزه قژزه‌رده، هه‌وه‌سباز و هه‌وه‌سبزوێن بوو، به ئاشكرا خیانه‌تی له مێرده‌كه‌ی ده‌كرد. به‌لزاك زوو شه‌یدای بوو. ژنه بوو به عه‌شیقه‌ی. به‌ڵام رۆمانسییه‌كانی ئه‌و زه‌مانه، به‌شێوه‌یه‌ك عه‌شقبازیان ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له لاپه‌ڕه یه‌كی رۆژنامه‌یه‌كی "پڕ وێنه و درێژدادڕدا" چاپكرابێت. له‌به‌رئه‌وه زۆری نه‌برد، مه‌دام هانسكا كه له‌و رۆژانه‌دا له ڤیه‌ننا ده‌ژیا، بیستی دڵداره‌كه‌ی بێوه‌فایه. نامه‌یه‌كی پڕ سه‌رزه‌نشتی تاڵ و توندی بۆ به‌لزاك نووسی و رایگه‌یاند، ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئۆكرانیا. ئه‌مه گورزێك بوو بۆ به‌لزاك، چونكه وایدانابوو دوای مردنی مێرده‌كه‌ی كه به‌ڕای ئه‌و زۆری نه‌مابوو، له‌گه‌ڵ مه‌دام هانسكا زه‌ماوه‌ند بكات و ببێته خاوه‌نی سامانه زۆره‌كه‌ی. دوو هه‌زار فره‌نكی قه‌رز كرد و به‌خێرایی خۆی گه‌یانده ڤیه‌ننا بۆ ئه‌وه‌ی ئیڤلین ئاشت بكاته‌وه.
عه‌شیقه‌كه‌ی فریای ده‌كه‌وت
به‌لزاك به‌ناوی "ماركی دو به‌لزاك" و به نیشانه‌ی خێزانیی ساخته‌وه كه له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانی خۆی نووسیبووی، له‌گه‌ڵ خزمه‌تكارێكدا سه‌فه‌ری كرد. ئه‌م بابه‌ته خه‌رجی سه‌فه‌ره‌كه‌ی زیادكرد، چونكه وه‌كو مرۆڤێكی ناودار و خاوه‌ن نه‌ریت، له شان و شه‌وكه‌تی نه‌ده‌وه‌شایه‌وه له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئوتێله‌كاندا چه‌نه‌بازی بكات، بۆیه ناچار بوو شاگردانه‌ی كه‌سێكی خانه‌دان بدات كه به‌زۆر خۆی پێدا هه‌ڵواسیبوو، له كاتێكدا لات بوو، به‌و حاڵه‌وه چووه ڤیه‌ننا. مه‌دام هانسكا زیاتر سه‌رزه‌نشتی كرد، به‌لزاك ناچار بوو درۆی زیاتر بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌دگومانییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه. سێ حه‌فته دوای ئه‌وه، ئیڤلین گه‌ڕایه‌وه بۆ ئۆكرانیا و هه‌تا هه‌شت ساڵ یه‌كیان نه‌دییه‌وه. به‌لزاك گه‌ڕایه‌وه بۆ پاریس و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ گیدۆبۆنی ده‌ستپێكرده‌وه، له‌به‌ر خاتری ئه‌م ژنه، زیاتر كه‌وته ده‌ستبڵاوی، خاوه‌نقه‌رزه‌كانی خستیانه زیندانه‌وه، عه‌شیقه‌كه‌ی كه‌فاله‌ته‌كه‌ی دا كه‌پاره‌یه‌كی زۆریش بوو به‌و شێوه‌یه ئازادكرا. لێره به‌دواوه هه‌رچه‌نده باری دارایی خراپ ده‌بوو عه‌شیقه‌كه‌ی فریای ده‌كه‌وت. له ساڵی 1836 مه‌دام دۆ بێرنی، عه‌شیقه‌ی یه‌كه‌می مرد، مردنی خه‌م و خه‌فه‌تێكی زۆری دایه. سه‌باره‌ت دو بێرنی وتی: "دو بێرنی تاكه ژنێكه كه ئه‌می خۆشده‌ویست".
كوڕێك و سێ كچی هه‌بوو
له هه‌مانساڵدا دڵداره‌كه‌ی ئینگلیزه‌كه‌ی به‌لزاك مژده‌ی دایه كه سكی هه‌یه. كاتێ مناڵه‌كه هاته دنیاوه، مێردی ژنه‌كه كه پیاوێكی سپۆرت بوو وتی: " زۆر باشه، من ده‌مزانی مه‌دام مناڵێكی گه‌نم ره‌نگی ده‌وێت، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌ویست به‌ده‌ستی هێناوه".
خراپ نییه بڵێین به‌لزاك له ژیانی عاشقانه‌ی خۆیدا، له دڵداره جیاوازه‌كانی كوڕێك و سێ كچی هه‌بوو، وادیاره به شێوه‌یه‌كی سه‌یر مناڵه‌كانی فه‌رامۆش كردووه. له به‌سه‌رهاته عاشقانه‌كانی دیكه‌ی، ته‌نیا ئاماژه بۆ یه‌كێكیان ده‌كه‌م. چونكه ئه‌میش وه‌كو چیرۆكی ماركیز دو كاستیری و مه‌دام هانسكا، به نامه‌یه‌كی دڵداری ده‌ستیپێكرد، بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندی به بێوه‌ژنێكه‌وه هه‌یه به ناوی "هێلین دو ڤالێت". سه‌یره سێ تا پێنج عه‌شقی به‌لزاك به‌م شێوه‌یه ده‌ستیپێكردووه. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه عه‌شقه‌كان به ره‌زامه‌ندی نه‌بوون. كاتێك ژنێك له‌به‌ر ناوبانگی عاشقی پیاوێك ده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه متمانه و شانازی به‌ده‌ست بهێنێت، نیو ئه‌وه‌نده بیر له‌و شتانه ناكاته‌وه كه له عه‌شقی راسته‌قینه ده‌كه‌وێته‌وه و هیچ مه‌به‌ست و نیازێكی پێشوه‌خته‌ی تیانییه. ژنێكی ئاوا كه‌سێكه ته‌مسیل ده‌كات و سه‌رلێشێواوه بۆ هه‌لێك ده‌گه‌ڕێت ئارەزووی خۆی تێر بكات. به‌سه‌رهاتی عه‌شقی به‌لزاك و هێلین درێژه‌ی نه‌كێشا، له‌سه‌ر مشت‌ومڕێك له‌سه‌ر ده هه‌زار فره‌نك كۆتایی هات. به‌لزاك ئه‌م پاره‌یه‌ی لێ قه‌رز كردبوو.
سه‌رچاوه: كتێبی درباره رمان و داستان كوتاه