كاریگەرییەكانی خۆڵبارین لەسەر ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان

11:55 - 2022-05-09
ڕاپۆرت
1144 جار خوێندراوەتەوە

کەرکوک، هێمن ئەحمەد

خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتی ژینگەییە بێ چارەسەرە و ساڵانە زیانی ملیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان دەدات، سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین  ناوچە وشک و بیابانیەکانە کە نزیکەی %35ی رووبەری وشکانی زەوی پێکدەهێنن، لەبەرئەوەی خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان ورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا شەپۆلی خۆڵبارین دروست دەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستوونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، نەک رووبەری سەوزایی و دارستان و بەرزیی دارەکان بەڵکو بەرزیی شاخەکان و شێی دەریا و زەریاکانیش ناتوانن ببن بە بەربەست لەبەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە وشکەکان .
خۆڵبارین دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام هۆکاری زیادبوونی لە ئێستادا، ئەو وشکە ساڵییەیە و هەروەها گۆڕانە خێراکانی کەشوهەوای ناوچەکانە خۆڵبارین تیایدا روودەدات، بەتایبەت ئەو گۆڕانانەی لە پەستانی هەوای سەرناوچەکە رۆژانە روودەدەن.

جێبەجێكردنی پڕۆژە كۆنەكانی سەوزكردن
زوهیر محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم وشکەساڵی و شەپۆلی خۆڵبارینەی ناوە ناوە روو دەکاتە شارەکان  پێویستی بە چارەسەری هەنوكەیی هەیە تا کاریگەرییە سلبییەکانی لەسەر ژینگە کەمبێت. 
وتیشی: ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی لە بەرنامەیدایە ئەو پڕۆژە كۆنەی رابردوو جێبەجێ بكات كە چەند ساڵێك پێش ئێستا هەیبووە، ئەویش چاندنی ملیۆنەها داری هەمیشە سەوز، بۆ رێگرتن لە خۆڵبارین، بەتایبەتی لە ناوچە بیابانیەكان‌ و تەختەكان، ئەو شوێنانەی خۆڵبارین دەیگرێتەوە، كەركوكیش وەكو پارێزگاكانی تر هەندێ شوێنی بۆ دیاریكراوە بە مەبەستی سەوزبوون و روواندنی ئەو جۆرە دارانە.

زیان گەیاندن بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان
باسی لەوەشكرد، زیانەكانی خۆڵبارین و وشكە ساڵی دەبێتە هۆی پێنەگەیاندنی بەرهەمی كشتوكاڵی و لەناوچوون یان خراپبوونی بەرهەمەكانی كشتوكاڵ، دابەزینی ئاستی گەنم و جۆ یان لە ناوچوونی بەشێكی زۆری بەرهەمەكەی ئەویش بە زیان گەیاندنی یان بەفیڕۆچوونی رەنجی جووتیار، بۆیە وەكو فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك لە كاركردنداین بۆ ئاودێریكردنی هەندێ لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بۆ ئەوەی لە فەوتان بیانپارێزین.

بەراوردەكانی كۆن و ئێستا ترسناكن
شكۆفە محەمەد، ئەندامی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لەسەر كاریگەرییەكانی خۆڵبارین بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵانی رابردوودا شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە شارە جیاوازەکان کردووە، بەڵام کەمتر بوو بەراورد بە ئێستا لەبەرئەوەی ساڵانی رابردوو رێژەی سەوزایی و دارستانە سروشتییەکان زیاتر بوو، بەڵام ئێستا بەشێكی زۆری لەو دارستانانە بڕاونەتەوە جا چی بەهۆكاری جەنگ بێت یان سووتاندن.. یان بڕینەوەی بۆ خۆ گەرم كردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەت وەكو پێویست كاری نەکردووە بۆ پاراستنیان.

دەرهاویشتەكانی ژینگە رۆڵیان هەیە 
وتیشی ئەو گۆڕانكارییە ژینگەییانەی ئێستا روودەدات، کاریگەری نەرێنی لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان هەیە و زیانی پێدەگەیەنێت، هەروەها زۆربوونی کارگەکان کاریگەریی لەسەر  كەشوهەوای شارەكان هەیە و بارانبارین كەمدەكاتەوە و دەبێتە هۆی نەمانی شێ لە هەوادا و زیادبوونی بیابان و دیاردەی خۆڵبارین.

باشوور و ناوەڕاستی عیراق لە بیابان بوونەوە نزیكن
باسی لەوەشكرد: خۆڵبارین لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە روو دەکاتە ناوچەکانمان، بەتایبەتی لەو ناوچانەوە  بیابانیان زۆرە، سەوزكردنی پانتایەكی زۆر بە كشتوكاڵ کە چارەسەری خۆڵبارین دەکات، بۆیە یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانە پێویستە بکرێت دروستكردنی بەنداو و كۆكردنەوەی ئاوە، چونکە لە وەرزی زستاندا ئاوێكی زۆر بەفیرۆ دەچێت، سەوزکردنیش پێوستی بە رێژەیەکی زۆر لە ئاوە. لەم چەند ساڵەی دوایشدا نزیكەی 30 ملیۆن داری خورما لە ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق بڕدراوەتەوە ئەمەش رێژەی  خۆڵبارینی زیادکردووە.
سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: نزیكەی 750 كەس بەهۆی تووشبوون بە تەنگەنەفەسیەوە سەردانی نەخۆشخانەكانی كەركوكیان كردووە، زۆربەیان لە تەمەندا گەورەن و نەخۆشی جۆراو جۆریان هەیە، یان لە ژێر كاریگەری خۆڵبارینەكەوە تووشی نەخۆشی تر بوون هەر بۆیە سەرجەم نەخۆشخانەكان خراونەتەوە حاڵەتی ئامادە باشیەوە بۆ رووداوی چاوەڕوان نەكراوی خۆڵبارین.
بەرپرسانی تەندروستی رێنمایی هاووڵاتیان دەکەن لە کاتی خۆڵبارین لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە، لە کاتی ناچاربوونیشیان بە هاتنە دەرەوە پێویستە ماسک ببەستن تا کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ کەم ببێتەوە.

#خۆڵبارین #کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان