ژیریی دەستکرد و ئەو پرسانەی جێی گرنگیپێدانن

09:52 - 2023-07-09
ئابووری
403 جار خوێندراوەتەوە
#ژیریی دەستکرد لاساییکەرەوەی مرۆڤە، داهێنەر نییە

فەیسەڵ عەلی


ژیریی دەستکرد بە تەواوی دەستکرد نییە. دەستکردە چونکە جێبەجێکەرەکەی ئامێرە. بەڵام لە ناوەرۆکدا وا نییە، چونکە سەرچاوەکەی ژیریی سروشتیی مرۆڤە. ئامێرەکان لە بەجێهێنانی ئەو ژیرییەدا لاسایی ژیریی مرۆڤ دەکەنەوە، هەروەها لە شێوازی بیرکردنەوە و فێربوون و هەڵهێنجانی دەرئەنجامەکانیشدا لاسایی مرۆڤ دەکەنەوە، ئەمە وایکرد یان لۆکین (Yann LeCun) بەڕێوەبەری ژیریی دەستکرد لە فەسیبوک بڵێ: ئەوە ژێرییەکەمانە وای لێکردووین وەک مرۆڤ لەوانیتر جیاواز بین، ژیریی دەستکردیش درێژەپێدەری ئەو جیاوازییەمانە.

ژیریی سروشتیی
پێدەچێ ئەوەی بایەخێکی تایبەتی بە ژیریی دەستکرد بەخشیوە، سەرکەوتنییەتی بەسەر ژیریی سروشتی لە بەجێهێنانی رێوشوێنەکانی بیرکردنەوە و هەڵهێنجانی دەرئەنجامەکاندا. بە سادەیی، ئەو زمانی تەلنۆلۆجیای دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت، یارمەتی لەخۆگرتنی بڕێكی ئێجگار زۆری زانیاری پێ دەدات، دواتریش رێکخستنیان و گواستنەوەی ئێجگار خێرای ئەو زانیارییانەیە، وێڕای ئەوەی ئەو وەک مرۆڤ دووچاری ماندووبوون و نارەزایی دەربڕین و بیرچوونەوە نابێت. لەگەڵ ئەمانەیشدا، ژیریی سروشتیی مرۆڤ هەندێک لایەنی تایبەتی هەیە کە لاسایی ناکرێتەوە و ئامێرەکان ناتوانن ئەنجامی بدەن. ئەوانیش، خەیاڵکردن و بیری نوێ، داهێنان و ئەفراندنە لە بوارە هەمەجۆرەکانی ژیاندا.
ئێستا ژیریی دەستکرد، بۆتە ئاڵنگارییەکی نوێی جیهان، لەسەر هەمووانیشە وەڵامی بدەنەوە، نەک تەنها بە پەرچەکردار، بەڵکو بە کردەوەش. لێرەدا چوار پرسی سەرەکیی تەواوکاری لەمەڕ ئەم پرسە دەخەینەڕوو، بە هیواین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاراستەکانی ئایندەی ئەم ژیرییە بەهەند وەربگیرێت:
یەکەمیان، پێویستە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، هەروەها ئامرازەکانی و ئاسۆی پراکتیزەکانی بناسین، ئەم پرسە خواستێکی سەرەکیی ئامادەسازییە بۆ پرسی دووەم، کە پێداگیریی لەسەر ئستیعابکردنی زانستەکەی و گواستنەوەی تەکنۆلۆجیاکەی و کارکردن بۆ دروستکردنی دەکات، هەروەها پەرەپێدان و داهێنان تێیدا و ئەو دامەزراوانەش کە لەم پرسە بەرپرسن. پرسی سێیەم، بەکارهێنانی ئەو ژیریی دەستکردەیە و سودوەرگرتنە لە ناوازەیی کارکردنی لە زۆربەی بوارەکاندا، بە رەچاوکردنی ئەو حەقیقەتەی لە بەکارهێنانیدا کێبڕكێی مرۆڤ دەکات، چونکە لە زۆر ئەرکدا دەبێتە شوێنگرەوەی مرۆڤ. پرسی چوارەم، تەواوکەری ئەوانیترە، بایەخ بە هەردوو مەسەلەی (کێبڕکێ و هاوکاری) دەدات بۆ پەرەدان بەو ژیرییە، تا بە باشترین شێواز بتوانرێ سوودی لێوەربگیرێت.

چەند تەوەرێکی گرنگ
ئەگەر بە پرسی بوارەکانی ژیریی دەستکرد دەست پێبکەین، دەشێ لە سێ تەوەری سەرەکییەوە لێی بڕوانین. یەکەمیان، ئەلیکترۆنیی ژیریی دەستکردە، ئەم تەوەرە بە پیشەسازیی پێشکەوتووی ئەلکترۆنییەوە پەیوەستە، کە پێویستیی بە بونیادێکی بنچینەیی تایبەتییە، دەبێ کارکردن لەسەر بنیاتانی بۆ ساڵانی ئایندە بەهەند وەربگیرێت. شایانی ئاماژە پێکردنە، زۆری ئەو جۆرە ئەلیکترۆنیاتانە بەردەستن، دەشێ بەدەستیش بهێنرێن، بەو جۆرە رێگە بە تەرکیزکردنە سەر تەوەری دووەم، کە تایبەتە بە ئەلگۆریتمی ژیر دەدات.
مرۆڤی پسپۆڕ
تەوەری دووەم، بایەخ بە ئەلگۆریتمەکانی رێوشوێنی بیرکردنەوەی ئامێر و فێرکردنی ئامێر دەدات. بونیادی بنچینەیی پێویست بۆ ئەمە، بوونی مرۆڤی پسپۆڕە کە توانای داهێنان و ئەفراندنی هەبێت، پێدراوی ناوازە پێشکەش بکات، ئەمەش ئامادەکردنی ئەو مرۆڤە دەخوازێت وێڕای رەخساندنی دەرفەتی پێویست. پاشان تەوەری سێیەم دێت، کە بە پراکتیزەکردنەوە پەیوەستە و بە گۆڕەپانی کاری ژیریی دەستکرد دادەنرێت، بە جۆرێک دەشێ لە میانی ئاراستەکردنی هەردوو تەوەرەکەی پێشووەوە تەماشا بکرێت، کە بەرەو دەستکەوتی پراکتیکیی ببرێت، کە بەهایەکی سودبەخشی بۆ بازاڕ هەبێت، هەروەها توانای کێبڕکێی هەبێت چ ئەوەی وەڵامی پێداویستییەکانی ئێستا بداتەوە، چ دەستپێشخەری لە وەڵامدانەوەی داخوازییە نادیارەکاندا بکات.

داهێنان و ئەفراندن
دێینە سەر بایەخدان بە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و ئەو دامەزراوانەی لێی بەرپرسن. دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە پێش هەموویانەوەن، پێویستە ئەم دامەزراوانە پڕۆگرامی خوێندن سەبارەت بە هوشیارکردنەوەی هەمووان لەسەر ژیریی دەستکرد پێشکەش بکەن، بەدەر لەوەی پسپۆڕییەکانیان چییە یان لە چ ئاستێکی خوێندندان، هەروەها پڕۆگرامی تر دابنێت تەرکیز لەسەر پسپۆڕیی ورد و ئاستی پیشەیی لە بوارە جیاجیاکان و پراکتیزەکردنەکانیدا بکات. ئەم پڕۆگرامانە دامەزراوەکانی توێژینەوەش بگرێتەوە، دەبێ هەوڵی داهێنان و ئەفراندن لە بوارەکانی ژیریی دەستکرددا بدەن، وێڕای ئەوەی دەبێ دەستکەوتە مەعریفییەکانیان بۆ دامەزراوە بەرهەمداری و خزمەتگوزارییەکان بگوێزینەوە، لێرەدا رۆڵی ئەم دامەزراوانەی دوواییش دێت کە پێویستە هەوڵ بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمی بەسوود بدات بە جۆرێک نەک هەر لە بازاڕی ناوخۆ بەڵکو لە بازاڕەکانی دەرەوەش دیار بێت.

بوارەکانی بەکارهێنان
دێینەسەر پرسی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، ئەم بەکارهێنانەی دەبێ ئەدائێکی باشتر و بەرهەمدارییەکی بەرزتر لەسەر ئاستە جیاوازەکانی وەزیفی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بە جۆرێک توانای کێبڕکێ و بەشداریی کردنی لە پڕۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام زیاد بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەکارهێنانەی وا دەکات لە چەندین ئەرکدا ئامێر جێی مرۆڤ بگرێتەوە، ئەمەش بەدوای خۆیدا بێکاریی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە و پاشان کێشەی کۆمەڵایەتی، لێرەدا چارەسەر کارکردنە بۆ دۆزینەوەی سامپڵی کاری نوێ کە بتوانێ ژیریی دەستکرد لە وەزیفە گونجاوەکاندا بەگەڕبخات، هاوکاتیش مرۆڤ ژیرییە سروشتییەکەی خۆی لەو ئەرکانەی بۆی گونجاون بەگەڕ بخات، تا هەردوولا تەواوکەری یەکتر بن. وانەکانی مێژوو ئەوەمان فێر دەکات، بەردەوام سامپڵی نوێی کار، رۆڵی مرۆڤ لە هەندێک کار دوور دەخاتەوە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا، دەرگایەکی فراوانی بۆ ئەرکی نوێی بێپێشینە بۆ دەکاتەوە.

دوا پرس
کێبڕکێ و هاوکاری دوا پرسی ئەم نوسینەمانە، لەبەر گرنگیی زۆری ژیریی دەستکرد، کێبڕکێ لە نیوان دامەزراوەکان بۆ پێشەنگیی دروست دەبێت، هەروەها هاوکاریش بەدیار دەکەوێت، بە تایبەتی لە نێوان ئەو دامەزراوانەی لە کارکردنیاندا یەکدی تەواو دەکەن، یان بە دوای چارەسەر بۆ کێشە هاوبەشەکانیاندا دەگەڕێن، هەریەک لە کێبڕکێ و هاوکاری، بوارێکی فراوان و فرە ئاستن. کێبڕکێ و هاوکاریی مەعریفی لە کاروباری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەرەپێدان، کێبڕکێ و هاوکاریی پیشەیی لە کاروباری بەرهەمهێنان و تەوزیفکرندا، هەروەها کێبڕکێ و هاوکاریی بازرگانی و بازاڕکاریی بەرهەمە هەمەجۆرەکان و چەندینی تر. کێبڕکێ و هاوکاری چەندین ئاستی هەیە، لەوانە: ئاستی کەسی، ئاستی دامەزراوەکان، هەروەها ئاستی دەوڵەتان. بێگومان کێبڕکێ و هاوکاری، پێویستی بە ژینگەیەکی ئەخلاقییە کە بە یاسای گونجاو پشت ئەستوور بێت و خزمەتی هەمووان بکات.

چاوەڕێی کەس ناکات
ژیریی دەستکرد ئاراستەیەکی ئایندەیی هەیە بەرەو جیهانێکی نوێ، کە ئەو پێشکەوتنە زانستییەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت، دەیسەپێنێت، دەبێ بە چاوی پلاندانەر و داهێنەر و پێشەنگانی بزنس و هەموو ئەوانەی رووەو ئایندە دەڕوانن دەتوانن بەشداری تێدا بکەن سەیر بکرێت، چونکە شەمەندەفەری ژیریی دەستکرد لە رۆیشتنی خۆی بەردەوامە و چاوەڕێی کەس ناکات، دەبێ لەناویدا جێگەیەکی شایستەمان هەبێت، پڕۆسەی گەشەپێدان کاراتر بکەین و بەردەوامی پێبدەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان