سابیری سه‌ندیكا
كێشه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان، كه دیارترینیان پارێزگای كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ی كورد و هێزه ئه‌منییه‌كانی فیدراڵی، دابینكردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی فیدراڵی، مه‌سه‌له یاساییه‌كانی كه‌رتی نه‌وت و غاز، ئه‌مانه ئه‌و كێشانه‌ن كه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی ئابووری عیراقدا دروست ده‌كه‌ن به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هێزه ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌قۆزنه‌وه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌ستی تێوه‌رده‌ده‌ن و به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌مریكا به گشتی پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و په‌یوه‌ندیی قووڵی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبە گه‌وره‌كه‌دا هه‌یه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دراوی قورس
ساڵی 2017 كاتێك هێزه‌كانی عیراقی فیدراڵ كه‌ركوكیان له هێزی پێشمه‌رگه وه‌رگرته‌وه و به بیانووی شه‌ڕی دژی داعشه‌وه كۆنترۆڵی ناوچه‌كه‌یان گرته ده‌ست.
توركیاش له‌لایه‌ك به چاوی گومانه‌وه ده‌ڕوانێته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له لایه‌كی دیكه‌وه گه‌وره‌ترین سوودمه‌ند بووه له كه‌رتی نه‌وت و غازی ئه‌و هه‌رێمه، چونكه نزیكه‌ی كۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه، به‌و پێیه‌ی خاوه‌نی بۆرییه‌كانی ناو توركیا و به‌نده‌ری جیهانه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت، كه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی دراوی قورس بووه بۆی، ئه‌وه‌ش له كاتێكدا بوو كه لیره‌ی توركی به‌رده‌وام روو له داڕمان بوو.
كۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی قووڵی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حزبە گەورەکەدا هەیە و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له حزب و لایه‌نه‌كانی عیراقیش په‌یوه‌ندی به‌هێزی هه‌یه. له كۆتاییدا چین و روسیاش ئه‌م ناوچه‌یه وه‌ك خاڵێكی ئه‌گه‌ری فراوانبوون بۆ هه‌ژموونی خۆیان ده‌بینن. روسیا خاوه‌نی به‌شێكی زۆری بۆرییه ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه و پێده‌چێت كۆمپانیا چینییه‌كانیش به په‌رۆشه‌وه به‌شداری پڕۆژه‌كان بكه‌ن له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام ره‌نگه سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر روسیا، دۆخه‌كه بۆ كۆمپانیا روسییه‌كان ئاڵۆزتر بكات.
دوو ئاسته‌نگی یاسایی
كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی (2012-2019) بنیاتنراوه و رۆژانه له نێوان (400-500) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌ڵام ئێستا پێگه‌ی كه‌رتی نه‌وت و غازی هەرێم به دوو ئاسته‌نگی یاسایی ئاڵۆز بووه. یه‌كه‌میان، ته‌حه‌دای ناوبژیوانی له‌لایه‌ن به‌غداوه له ژووری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره سه‌باره‌ت به یاساییبوونی فرۆشتنی نه‌وتی هەرێم به‌بێ ره‌زامه‌ندی عیراق. دووه‌میان، داوای یاسایی كه ساڵی 2014 له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه دژی ده‌ستووریبوونی یاسای نه‌وتی هه‌رێم تۆماركرا و دواجار له‌لایه‌ن دادگای باڵاوه له شوباتی ئه‌مساڵدا به قازانجی به‌غدا یه‌كلایی كرایه‌وه.
بۆچی بڕیاره‌كه ساڵانێكه هه‌ڵپه‌سێردراوه و له‌م دواییانه‌دا جووڵه‌ی تێكه‌وته‌وه؟ ئه‌وه‌یان هێشتا وه‌ك خاڵێكی مشت‌ومڕ جێگه‌ی قسه و باسه. به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی یاسای نه‌وتی هەرێمی به ناده‌ستووری ناساندووه و فه‌رمانی كردووه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌و نه‌وته به‌رهه‌م هێنراوانه راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ بكات، ئه‌مه‌ش مافێكی به به‌غدا داوه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له نێوان هەرێم و كۆمپانیاكاندا ئیمزا كراون.
لێكدانه‌وه و بیانووی جیاواز
له رووی یاساییه‌وه ئه‌م بڕیاره كه‌وته سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی ماده‌كانی 110 و 111ی ده‌ستووری عیراق، كه باس له خاوه‌نداریی و كۆنترۆڵكردنی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی عیراق ده‌كه‌ن، كه دیارترینیان نه‌وته. هه‌ردوولا ئارگیومێنتی خۆیان هه‌یه. دۆسێی حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه روونه وه‌ستاوه كه له ماده‌ی 110دا هاتووه، له كاتێكدا دۆسێی كورد له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵاوێردی ئه‌و یاسایه‌ی كه له ماده‌ی 111دا هاتووه وه‌ستاوه، به كورتی ده‌ستوور زۆر دووفاقییه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و دادگاش ده‌بوو هه‌ڵبژێرێت كه كام حكومه‌ت له‌سه‌ر هه‌قه.
هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه له سایه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 2017دا به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا شكایه‌وه. له دوای سه‌ركه‌وتنێكی سه‌رسه‌ختانه له ریفراندۆمی ناپابه‌ندكه‌ردا، به‌غدا هێزه‌كانی عیراقی فیدراڵی به‌كارهێنا بۆ دووباره كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، كه له رووی ته‌كنیكییه‌وه به‌شێكه له عیراقی فیدراڵ، به‌ڵام ناكۆكی له‌سه‌ر بوو. له‌ده‌ستدانی ئه‌م پارێزگایه ده‌ریخست كه حكومه‌تی هه‌رێم چه‌نده خێرا ده‌توانرێت له‌لایه‌ن به‌غدا و وڵاتانی ئیقلیمییه‌وه گۆشه‌گیر بكرێت.
پاشه‌كشه و خۆلادان
له‌و كاته‌وه دادگا زنجیره‌یه‌ك بڕیاری دیكه‌ی داوه كه بڕیاره‌كه‌ی مانگی شوبات جێبه‌جێ ده‌كات. ته‌نها چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چوار گرێبه‌ستی نه‌وت كه له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئیمزا كرابوون، به بێده‌نگی هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه. جگه له‌وه‌ش، زۆرێك له كۆمپانیاكان ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخی یاساییدا نه‌رم ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كی زۆریش له كۆمپانیا خۆرئاواییه‌كانی وه‌ك: به‌یكه‌ر هیوز، شلومبێرگه‌ر و هالیبێرتۆن ده‌ستیان كردووه به خۆلادان و پاشه‌كشه له پڕۆژه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌كی زه‌قه بۆ پاشه‌كشه‌ی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.