ماستەرز و گراند سلامەكان

12:40 - 2022-05-09
وەرزش
638 جار خوێندراوەتەوە

ماستەرز و گراند سلامەكانی تێنسی سەرزەوی چەند هەنگاوێكی باشیان ناوە و تا ئێستا گراندسلامێك و 5 ماستەرز كراوەن، بەم نزیكانەش ماستەرز و گراند سلامێكی تریش دەستپێدەكەن كە یەكەمینیان ماستەرزی رۆمایە و تەنیا بۆ كوڕانە كە 10/4/2022  دەستپێدەکات.
بەرنامەی دانراو بۆ پاڵەوانێتییەكانی تێنسی سەرزەوی چڕو پڕە و چەندان پاڵەوانێتیی (250 خاڵ) و (500 خاڵ) و ماستەرزی (1000 خاڵ) كە 9 ماستەرزن و گراندسلامی (2000 خاڵ) كە 4 گراند سلامن لەخۆ دەگرێت.
جیاوازیش هەیە لەبەشدارییكردنی یاریزاناندا، ماستەرزەكان و خولەكانی 250 و 500 خاڵیش هێندێكیان بۆ كوڕان و كچانەو هێندێكی تریشیان تەنیا بۆ كوڕانە، هێندێكیشیان تەنیا بۆ كچانە، تەنیا هەرچوار گراند سلامەكە نەبێت كە هەر چواریان بۆ كوڕان و كچانە . 

مەدرید كۆتاییهات
چوارەمین ماستەرز ماستەرزی مەدرید بوو، خولی كچانی شەوی شەممەی رابردوو كۆتاییهات و لە یاریی كۆتاییدا ئونس جابری تونسی مێژوویەكی پڕ سەروەریی تۆمار كرد و توانی لە یاریی كۆتاییدا 2-1 لە جیسیكا بیگۆلای ئەمریك بباتەوە.
بەم بردنەوەیە ئونس بوو بەیەكەم كچی وڵاتانی عەرەبی بتوانێت نازناوی ماستەرزێك بباتەوەو خۆیشی بۆ یەكەمین جار بوو بە پاڵەوانی ماستەرزێك لە ماستەرزەكانی 1000 خاڵ و بەوەش بۆ پلەی حەتەمی ریزبەندیش سەركەوت، دەبێت شەوی رابردووش یاریی كۆتایی كوڕانی ئەم ماستەرزە زڤیریڤی ئەڵمانی و ئەلكارازی ئیسپانی كردبێتیان.

ماستەرزی مۆنتیكارلۆ (كوڕان)
ئەم ماستەرزە سێیەمین ماستەرز و چوارەمین پاڵەوانێتیی 1000 خاڵ بووە رێكبخرێت، رۆژی  10/4 دەستیپێكرد و تا 17/4/2022 بەردەوام بوو، یاریی كۆتاییش بەمشێوەیە  كرا:
*ستیڤانۆس تیستیباس-یۆنان× ئەلیخاندرۆ داڤیدۆڤیچ-ئیسپانیا (2-0). 

ئەوانەی بەم نزیكانە دەستپێدەكەن
بڕیار وایە تا كۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئایندە ماستەرز و گراند سلامێكی تریش بەمشێوەیە دەستپێبكەن:
*ماستەرزی رۆما(كوڕان و كچان)، 9/5 تا 15/5/2022.
*گراند سلامی رۆڵاند گارۆس، 22/5 تا 5/6/2022.

ئەوانەی تائێستا كراون
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە تیشكێك بخەینە سەر گراند سلام و ماستەرزەكان، ئەو ماستەرز و گراند سلامانەش كە تائێستا كراون ئەمانەی خوارەوەن:

ئوستورالیا ئۆپن
ئەمە یەكەمین گراند سلام بوو لە ئوستورالیا كرا، رۆژی 17/1 تا 30/1 بەردەوام بوو، یاریی كۆتایی هەردوو خولی كوڕان و كچان بەمشێوەیە بوون:

كوڕان
*رافائێل نادال×دانیێل میدڤیدییڤ (3-2).

كچان
*ئاشلی بارتی×دانیێلا كولینز(2-0).

قەتەر تۆتال
ئەم پاڵەوانێتییەی قەتەر تەنیا بۆ كچان بوو، ناچێتە چوارچێوەی بەرنامەی ماستەرزەكان هەرچەندە براوە 1000 خاڵیش وەردەگرێت، بەڵام پاڵەوانێتییەكە گرنگی خۆی هەیە، یاریی كۆتایی ئەم پاڵەوانێتیەش بەمشێوەیە بوو:
*ئیگا شیڤیۆنتیك ×ئانیت كۆنتاڤیت (2-0).

ماستەرزی ئیندیانا وێڵز
ئەمە یەكەم ماستەرز بوو بكرێت، 9/3 تا 20/3/2022 ی خایاند، یاریی كۆتایی هەردوو خولی كوڕان و كچان بەمشێوەیەی لای خوارەوە بوون:

كوڕان 
*تایلۆر فریتز×رافائێل نادال(2-0).

كچان
*ئیگا شیڤیۆنتیك ×ماریا ساكاری (2-0).

ماستەرزی میامی ئۆپن
ئەم ماستەرزە دووەمین ماستەرزو سێیەمین خولی 1000 خاڵی بووە ساڵی 2022 بكرێت، 23/3 دەستیپێكردو 4/4 كۆتاییهات، یاریی كۆتایی هەردوو خولەكە بەمشێوەیە كران:

كوڕان
*كارلۆس ئالكاراز×كاسپەر رۆند (2-0).

كچان
*ئیگا شیڤیۆنتیك×ناوۆمی ئۆساكا(2-0).

 


بابەتە پەیوەندیدارەکان