تیكشۆ
یۆهانس لیندنەر -ی ئەڵمانی و پاڵەوانی لەشجوانی تەمەن 30 ساڵ، لەناكاو ئەو كۆمپانایەی كە هەیبو بۆ جوانی لەش، هەواڵی كۆچی دوایی بڵاو دەكاتەوە و ئەمەش سەرجەم جیهانی توشی شۆك كرد.
شۆكی ئەم هەواڵە لەوەدابوو كە چۆن دەبێت پاڵەوانێكی تەمەن 30 ساڵ و وەرزشكارێكی ناودار كە قورسترین جۆری وەرزش دەكات بەو شێوە لەناكاوە كۆچی دوایی بكات، كاتێكیش هەواڵەكە بڵاو بۆوە، بەلێشاو و لەسەرتاسەری جیهانەوە پرسەو خەمباری بۆ كۆچی دواییەكەی راگەیەنرا.
ئەم پاڵەوانە جیهانییە لە ئنستاگرام زیاتر لە 8 ملیۆن فۆلۆوەری هەبووە، لە یوتیوبیش 941 هەزار فۆلۆوەری هەبووە، لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، بەڵام ماوەیەكی زۆربوو لە تایلەند دەژیا و كۆمپانیا و هۆڵێكی لەشجوانی بەناوبانگی هەبووە و لەگەڵ نیتچای خۆشەویستی كۆمپانیاكەیان بەڕێوەبردەوە، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە هەردووكیان سەروەت و سامانێکی باشیان پێكەوە ناوە و لە سەرتاسەری جیهانەوە سەردانی هۆڵ و سەنتەرەکەی كراوە.
نیتچای خۆشەویستی كە ئەمیش پاڵەوانێكی لەشجوای كچانە و خەڵكی تایلەندە، بەرەسمی كۆچی دواییەكەی راگەیاند، لەم بارەیەوە نووسیویەتی: لە باوەشی خۆمدا دوا هەناسەی داو كۆچی دوایی كرد، پێش كۆچی دواییەكەی سێ رۆژ بوو بەمنی دەوت ملم ئازارێكی تێدایە، هەروەها خۆشەویستەكەی ئەوەشی راگەیاند: پاش شیكارییە پزیشیكییەكان دەركەوت كە شادەمارە خوێنبەرەكانی توشی كشانێكی زۆر بووبون ، ئەم كشان و درێژبوونەی دەمارەكانیش زۆر لە ناكاوبووە و دەرفەتی ئەوە نەبوو چارەسەر بکرێت.
وەك لێكۆڵینەوە پزیشكییە وەرزشییەكان دەریانخستووە، ئەم جۆرە مردنە لەناكاوو لەپڕەی وەك مردنی لیندنەر هۆكارەكەی خواردنی دەرمانەكانی ستیرۆیدات و ئەو مادانەی ترە كە ورزەی زیاد لەپێویست دەدات بە وەرزشكار، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە كە ئەو جۆرە دەرمان و هۆرمۆنانە دەبنە هۆی فراوان بوونی زیاد لەپێویستی دەمارەكان و دواتر ئەنجامەكەی ئەم جۆرە مردنانەیە.
هەروەها لەو لێکۆڵینەوە پزیشكییانەدا هاتووە؛كاتێك تۆ بەبەردەوامی هۆرمۆن و ستیرۆیدات بۆ بنیاتنانی لەش بەكار دەهێنیت كاری ئاسایی دڵ تێكدەدات، دواجاریش فشاری خوێن زیاد دەكات و ماسولكەكانی دڵ زیاد لە قەبارەی خۆیان گەورە دەبن و ئەمەش دەبێتە هۆی رودانی كارەساتی لەم جۆرەی كەبەسەر ئەم پاڵەوانەدا هاتووە.
پزیشكە پسپۆڕەكانی ئەم بوارە ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە ئەم پاڵەوانە و چەندین پاڵەوانی تریش لە سەرتاسەری جیهاندا لەگەڵ بەكار هێنانی ئەو جۆرە وزە بەخشانە ئەنسۆلین و هۆرمۆنی گەشەی جەستەو ئەو مادانەی كە وادەكات مرۆڤ زۆر میز بكات و چەند مادەیەكی تریش زیاد لەپێویست بەكار دەهێنن و سەرجەم ئەمانە مەترسی گەورە لەسەر جەستەو دەمارەكان و دڵ و خوێن دروستدەكەن، ئەم پاڵەوانەی ئەڵمانیاش لەو رووەوە زیاد لەپێویست وای كردووە، دواجار بۆتە هۆی ئەوەی دەمارەكانی و بەتایبەتیش شادەمارە خوێنبەرەكانی لە قەبارە و درێژی ئاسایی خۆیان تێپەڕ بكەن و دواجار دەبێتە هۆكاری مردنی لەناكاوی لەم جۆرەی لیندنەر.
وەك ئەوپزیشكانەی لەو ماوە كەمەدا كە ویستویانە چارەسەری لیندنەر بكەن وتویانە؛ كاتێك پاڵەوانەکانی لەشجوانی زیاد لەپێویست دەرزی ئەنسۆلین لەخۆیان دەدەن، ئەوە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی شەكر لەخوێندا و سەرەنجام كەسەكە دەمرێت، هەروەها ئەو دەرمانانەی كە میزی زیاد لەپێویست بە مرۆڤ دەكەن، بەكارهێنانی زیاد لەسنوری رێگە پێدراو ئاوێكی زۆر لەلەش دەكاتە دەرەوە ئەمەش وادەكات لەش زۆر جوان دەربكەوێت بەڵام نازانن ئەوە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی جەستەو ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ تەمەڵ دەکەن، بۆنموونە وەستانی دڵ و گورچیلەكانی لێدەكەوێتەوە.