رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(14)
كەس ناتوانێت لافی ئەوە لێبدات هەموو نهێنییەكانی جیهان دەزانێت، لەبەرئەوەی ئەم جیهانە پڕە لە ئاڵۆزی كە مێشكی مرۆڤ ناتوانێت لە هەموو وردەكارییەكانی تێبگات. تەنانەت ئەگەر كەسێكی خاوەن بڕوانامە بیت تەنیا دەتوانیت لە بەشێكی بچووكی راز و رەمزەكانی بوون تێبگەیت و ئەم بەشە بچووكە دەتوانێت پەڕوناڵی فڕینت بێت و بتگەیەنێت بە خەونەكانت، بەڵام تەنانەت ئەگەر لە دۆزینەوەی ئەم كڵاورۆژنە بچووكە خافڵ بیت هەمیشە لە چاڵایی و كێشەكاندا نقووم دەبیت و هەرگیز ناتوانیت بفڕیت.
وارین بێفت، ئەو شارەزاییانەی هەر مرۆڤێك بۆ رێكخستنی ژیانی فێری بووە ناو دەنێت بازنەی ركابەری، بێگومان هەرچەندە شارەزایی زیاتر بەدەستبهێنیت ئەم بازنەی ركابەرییە گەورەتر دەبێت. هەڵبەتە كۆمەڵێك مەسەلەش هەن ئێمە هەرگیز ناتوانین لێیان تێبگەین، بەڵام لەوانەیە لە بێخەوە ئیشمان بەو بابەتانە نەبێت و لە پێشكەوتنماندا كاریگەرییان نەبێت. بۆیە وارین بێفت باوەڕی وایە، باشتر وایە سنووری خۆمان بزانین و نەیبەزێنین، هەڵبەتە گرنگ نییە سنوورەكانت فراوان بن یان بچووك بن، گرنگ ئەوەیە باش بزانیت تا كوێیە. چارلی مەنگەر هاوكاری بێفت باوەڕی وایە دەبێت ئاگات لەوە بێت لە چ بوارێكدا توانات هەیە و بە باشترین شێوە خاڵە پۆزەتیڤەكانی خۆت بەكاربهێنیت، بەڵام ئەگەر بتەوێت لە ئیشێكدا سەركەوتوو بیت كە بە هیچ شێوەیەك شارەزاییت تێیدا نییە، بێگومان ماندوو و پەرێشان دەبیت و هیچی پێناكەیت، تۆم واتسۆن (Tom Watson) دامەزرێنەری IBM باشترین نموونەی ئەم بابەتەیە. باوەڕی وایە بە هیچ شێوەیەك لە هەموو بوارەكاندا زیرەك و شارەزا نییە، بەڵكو تەنیا لە هەندێ مەسەلەدا راست و دروست ئیش دەكات، بۆیە تەنیا تەركیزی لەسەر ئەو بوارانەیە.
لەگەڵ خۆت راستگۆ بە
كەواتە باشتر وایە لە كاتی هەڵبژاردنی پیشەكەی خۆتدا زۆر بایەخ بەو بابەتە بدەیت، لەبەرئەوەی ئەگەر هەموو تەركیزی خۆت بخەیتە سەر ئەو بوارەی شارەزاییت تیایدا هەیە، بێگومان ئەنجامێكی باشترت دەستدەكەوێت. هەروەها بە نیسبەت خۆتەوە هەستێكی باشترت دەبێت، چونكە سەركەوتن لە ئیشەكەتدا هەستی گەورەیی و بەتواناییت پێدەبەخشێت، وێڕای ئەوەش كارامەییەكی باشترت دەبێت و پێویست ناكات بۆ هەر ئیشێكی بچووك لەو بوارەدا كە حەزت لێیە ماوەیەكی زۆر بیر لە شێواز و هەڵسەنگاندنی بكەیتەوە. ئەگەر لەگەڵ خۆتدا مكوڕ و راستگۆ بیت، ئیتر ناكەویتە ژێر كاریگەریی قسەی كەسانی ترەوە و هەموو داوایەكی نالۆجیكی قبووڵ ناكەیت.
لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كاتێك نابێت سنووری خۆت ببەزێنیت. باشم لە یادە چەند ساڵێك پێش ئێستا خاوەنكارێكی دەوڵەمەند و سەركەوتوو پێشنیازی یەك ملیۆن یۆرۆی بۆ كردم بۆ ئەوەی ژیاننامەی بنووسم. ئەم ئۆفەرە زۆر ئیغراكەر بوو، بەڵام من قبووڵم نەكرد، چونكە لە بواری نووسینەوەی ژیاننامەدا شارەزاییەكی قووڵم نییە. جگەلەوەش نووسینی ژیاننامەیەكی باش پێویستی بە چاوپێكەوتنی زۆر لەگەڵ خاوەنی ژیاننامەكە و لێكۆڵینەوەی فراوان هەیە و پێویستی بە شارەزایی جیاواز هەیە كە بۆ نووسینی رۆمان و چیرۆكی واقیعی پێویستن. بە زمانێكی سادە من شارەزایی و توانای نووسینی ژیاننامەم نییە و بێگومان گێژ دەبم و سەرم لێتێك دەچێت و لە كۆتاییدا كتێبێكی قۆڕی لێدەردەچێت.
خۆدزینەوە
لە كتێبی (هۆشی ریسك (Risk Intelligence)ی دیلان ئیڤانس (Dylan Evans)دا باسی ژیانی یاریكەرێكی تاوڵە كراوە كە بە ئەنقەست هەڵە دەكات بۆ ئەوەی بزانێت بەرامبەرەكەی كاردانەوەی چی دەبێت و سوود لە هەڵەكانی ئەم دەبینێت؟ ئەگەر یاریكەرەكەی بەرامبەری یارییەكی باشی هەبوایە، یەكسەر یارییەكەی تێكدەدا و لەگەڵ یاریكەری بەقوەتدا یاریی نەدەكرد، بۆئەوەی لە قوماردا نەدۆڕێت. بەدەربڕینێكی دیكە یاریكەری چیرۆكەكەمان رازێكی دەزانی كە زیاتر قورماربازان لێی بێخەبەرن: دەیزانی چ كاتێك گرەوكردن پڕمەترسییە و بە زیانی تەواو دەبێت. لە راستیدا سنووری خۆی دەزانی و بەباشی ئاگای لە تواناكانی خۆی بوو، ئەگەر یاریكەرانێك لەو بەتواناتر بوونایە هەوڵیدەدا لە یاریكردن لەگەڵیاندا خۆی بدزێتەوە.
لەوانەیە تۆ حەز بەوە نەكەیت خۆت لە قاڵب بدەیت و بتەوێت بازنەی شارەزایی و زانیارییەكانت فراوانتر بكەیت. ئەگەر حاڵی حازر توانیوتە بەباشی دەرەقەتی ئەو ئیشانە بێیت كە خراونەتە ئەستۆت، خراپ نییە قۆناغی پێشكەوتووتر تاقیبكەیتەوە، بەڵام ئەگەر لەو سنوورەشدا كە بۆ خۆتت داناوە كێشەت هەیە یان حەز ناكەی ئەزموونی تازەتر بەدەستبهێنیت و لە بەرامبەر قسە و نیگەرانییەكانی كەسانی تردا بوەستیت و ریسك بكەیت. هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت كە هەر شارەزاییەك پێگەی خۆی دەوێت و كاریگەری تایبەتی خۆی هەیە. بۆ نموونە مامۆستایەكی گەورەی شەترەنج لەوانەیە نەتوانێت ستراتجێكی گونجاو بۆ كارگەیەك یان كۆمپانیایەك دابنێت. هەروەها لەوانەیە دكتۆرێكی شارەزای نەشتەرگەری دڵ نەتوانێت ببێتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەك. بڕیار نییە بەڕێوەبەری سوپەرماركێتێك بتوانێت ببێتە بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی گەورە.
تۆ چۆن سنووری خۆت دیاریی دەكەیت؟
لەوانەیە زۆر كەس باسی ئەوە بكەن لە بوارە جیاوازەكاندا زانیارییەكانیان لە ویكیپیدیاوە بەدەستدەهێنن و لەو رێگەیەوە ئاستی شارەزایی و زانیارییەكانیان زیاد دەكەن، كە بەڕای من رێگایەكی گونجاو نییە، چونكە كاتێكی زۆری دەوێت و شایانی باسە دێبی مێڵمان (Debbie Millman) نەخشەسازی سەركەوتووی ئەمریكایی باوەڕی وایە ناتوانیت چاوەڕێی دەسكەوتی بە بەها لە گۆتەیەكی زەمانبەر بكەیت.
جگلەوەش گەڕانی لەڕادەبەدەر لە ئینتەرنێتدا ئالوودەت دەكات و ئیتر ناتوانیت لە لاپ تۆپەكەت یان موبایلەكەت دوور بكەویتەوە. بیرمە وتارێكم سەبارەت بە ئالوودەبوانی یاریی كۆمپیوتەری، زنجیرەی تەلەفزیۆنی و شتی لەو بابەتە خوێندۆتەوە. دەبێت بڵێم ئالوودەبوانی لەم شێوەیە چەندان سەعات بۆ گۆتەیەكی بێبەها بەفیڕۆ دەدەن. هەڵبەتە ئالوودەبوون تەنیا پەیوەندی بە شتی نەگەتیڤەوە نییە. هەندێك كەس ئالوودەی گۆتەی پۆزەتیڤ دەبن، وەكو بیل گەیتس (Bill Gates) كە چەندین سەعات سەرقاڵی نووسینەوەی بەرنامەی كۆمپوتەری بوو، یان ستیڤ جۆبز (Steve Jobs) كە چەندین سەعاتی بۆ دیزاینی بەرهەمەكانی ئەپڵ تەرخان دەكرد. وارین بێفت پارەی رۆژانەی خۆی لە سەرمایەگوزاری لە بۆرسەدا خەرجكرد. لەو كاتەدا تەمەنی تەنیا دوانزە ساڵ بوو، لەوە بەدواوە ئالوودەی سەرمایەگوزاری بوو لە بۆرسەدا. بێگومان ئەمڕۆ كەس ناڵێت گەیتس و جۆبز و بێفت تەمەنی گەنجییان بە فیڕۆدا. بە پێچەوانەوە ئەمانە كاتێكی زۆریان بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی عەمەلی تەرخان كرد و بە ئەنجامیش گەیشتن. كەواتە ئالوودەبوون هەمیشە زیانبەخش نییە و هەندێ جار دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆت.
گەردەلوول بگۆڕە بە شەماڵ
بۆچی دیاریكردنی سنووری توانا گرنگییەكی زۆری هەیە و رازی سەركەوتنی ئەو كەسانەی سنووری خۆیان دەزانن لە چیدایە؟ بێگومان بەرنامەنووس (پڕۆگرامەر)ێكی قووڵ، شارەزایی زیاتری لە بەرنامەنووسێكی ئاسایی نییە، بەڵكو دەتوانێت كێشەكان لە ماوەیەكی زۆر كەمتردا لە بەرنامەنووسێكی ئاسایی چارەسەر بكات، كە لای ئەو درێژە دەكێشێت. بێگومان بەرنامەنووسێكی قووڵ لە هەڵفڕین بەسەر لقە جیاوازەكاندا خۆی بەدوور گرتووە و هەموو كاتەكەی خۆی لە شارەزاییەكدا خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بەوپەڕی خێراییەوە ئیش بكات.
هەڵبەتە وەكو لە بەشی دووەمی ئەم كتێبەدا باسكرا، ناتوانیت هەمیشە بەدرێژایی ژیانت لەسەر یەك رێڕەو بڕۆیت و چاوەڕێ بكەیت بگەیتە مەنزلی مەبەستەكەت. لەوانەیە هەلومەرج بەگشتی بگۆڕێت، لەوانەیە گەردەلوولێكی ترسناك لە ژیانتدا رووبدات و هەموو شتێك بگۆڕێت، بەڵام ئەگەر پشت بە شارەزایی خۆت ببەستیت و لە سنووری خۆت دەرنەچیت، دەتوانیت لەبەرامبەر گەردەلوولە ترسناكەكاندا بوەستیت و بیگۆڕیت بە شەماڵی ئارامی. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە دەگەیتە ئارامی هەمیشەیی، بەڵام بەلای كەمەوە لە رێڕەوی خۆت لانادەیت و دەتوانیت بە ئامانجەكانت بگەیت. بەدەربڕینێكی دیكە ئەگەر لە سنووری توانای خۆت دەرنەچیت، تاڕادەیەكی زۆر لە وەهمی هەڵەتێگەیشتن سەبارەت بە خۆت رزگار دەبیت. هەڵبەتە دەتوانیت لە هەندێ شوێندا ریسك بكەیت، بەڵام دەبێت ئاگات لەوە بێت لەوانەیە شتی وات بەسەر بێت كە پێشبینی نەكراو بن.
لە كۆكردنەوەی بابەتەكەدا دەبێت بڵێم:
هیچ كاتێك لەبەر بێتوانایی سەركۆنەی خۆت مەكە و هەمیشە سەرنجی خاڵی لاواز و بەهێزی خۆت بدە. ئەگەر دەستوپێ سپیت باشتر وایە خۆت بەوەوە خەریك نەكەیت فێری سەمای سالسا (Salsa) بیت، یان ئەگەر منداڵەكەت ناتوانێت ئەسپ لە مانگا جیا بكاتەوە، قەت نابێتە هونەرمەندێكی باش، یان ئەگەر تاقەتی بینینی پوریشت نییە، خەیاڵی كردنەوەی رێستۆرانێكی گەورە لەسەری خۆت دەركە. لە راستیدا زۆر ئیش هەیە بۆ كردنیان دروست نەبوویت و دەرەقەتیان نایەیت، بەڵام ئەو مەسەلانە ئەسڵەن گرنگ نین. هەوڵ بدە تەركیز لەسەر یەك بوار بكەیت، ئەو بوارەی توانایەكی زۆرت تیایدا هەیە و دەتوانیت سەركەوتوو بیت. ئەگەر بتوانیت پەی بە تواناكانی خۆت ببەیت و گەشەیان پێبدەیت، ئەوا چوارچێوەی ژیانی خۆتت ناسیوە و دەزانیت چیت لە خۆت و چواردەوری خۆت دەوێت. هەمیشە هەوڵدەدەیت حەوزێكی بچووك بەڵام قووڵ بیت تا دەریاچەیەكی فراوانی تەنك، بە دەربڕینێكی دیكە لە جیاتی فێربوونی رووكەشی شارەزایی جیاواز، لە پیشەیەكدا ببە بە مامۆستا و ئەوە بزانە هەر دەقەیەك بۆ ئەو بوارەی شارەواییت تیایدا هەیە لە هەزار دەقە باشترە كە بۆ ئیشی بێسەروبەرە و بێسوود بەفیڕۆی دەدەیت.
سەرچاوە: هنر خوب زیستن، ص82-87
ئالوودەبوونی ستیڤ جۆبز بە كارەكەیەوە بەرهەمی باشی لێكەوتەوە