سومهرست موم
له فارسییهوه: محهمهد كهریم
4-4 و کۆتایی
ئۆنۆرێ بەلزاك (1799-1850) یەكێكە لە داهێنەرە گەورەكانی رۆمانی فەرەنسی، لە ماوەی (21) ساڵدا كە ئیتر بە ناوی خۆیەوە و بەجدی نووسیوێتی (90) دەقی لە رۆمانی درێژ و كورت و چیرۆك نووسیوە، پێش ئەوەش بەناوی ترەوە دەقێكی بێشوماری نووسیوە، گرنگترین وانەی ژیانی بەلزاك ئەوەیە ئەگەر نووسەر بەردەوام بێت و كۆڵ نەدات دەبێتە نووسەرێكی داهێنەر.
ئاخری، ئەو كاتە هات كە بەلزاك ماوەیەكی زۆر بوو چاوەڕێی دەكرد، مێردەكەی هانسكا مرد. خەریكبوو خەونەكەی دەهاتەدی. ئیتر دەوڵەمەند دەبوو. دواجار دەیەویست لە قەرزە گەورە و بچووكەكانی قوتار بێت. بەڵام دوای ئەو نامەیەی ئیڤلین هەواڵی مردنی مێردەكەی پێدابوو، نامەیەكیتر هات، تیایدا ژنە دەیوت شووی پێناكات، گوایە نەیدەتوانی چاوپۆشی لە بێوەفایی و دەستبڵاوی و قەرزەكانی ئەم بكات. بەلزاك نائومێدبوو. ئیڤلین لە ڤیەننا پێی وتبوو: هەتا ئەو كاتەی دڵی تۆ هی منە، چاوەڕێی ئەوە ناكەم بەدەنت بەرامبەرم بەوەفا بێت. باشە، خۆ هەمیشە دڵی ئەم هی ئەو بووە. لە بێویژدانی ژنە زۆر بێتاقەت بوو. بەو ئەنجامە گەیشت لە رێگەی بینینەوە دەتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە. بۆیە دوای چەندان نامە، سەرەڕای بێمەیلی ژنە خۆی گەیاندە سان پترسبورگ كە ئەو لەوێبوو.
هەردوو دەستی كردبوو بەناو جزدانەكەیدا
بۆچوونەكەی راست دەرچوو، هەردووكیان میانەساڵ و قەڵەو ببوون. ئەم 43 و ئەو 42 ساڵ بوو. بەڵام ئەوەی دیارە كاتێ ئیڤلین لەگەڵ بەلزاك بوو نەیدەتوانی لە هیچ روویەكەوە درێغی لێبكات. دوو جار عاشقی یەك ببوون، دووجاریش بەڵێنی پێدا شووی پێبكات. بەڵام حەوت ساڵ درێژەی كێشا تا بەڵێنەكەی بردەسەر. نووسەرانی ژیاننامەی بەلزاك، سەریان لەوە سووڕماوە، ئیڤلین بۆچی ئەو هەموو دەستی دەستییەی پێكرد. بەڵام هۆكارەكانی دیارە. مەدام هانسكا ژنێكی دیاربوو، شانازیی بە ئەسڵ و فەسڵی خۆیەوە دەكرد، دەشێ باوەڕی بەوە هەبووبێت جیاوازی زۆرە لەوەی ژنێك عەشیقەی نووسەرێكی بەناوبانگ بێت لەگەڵ ئەوەدا ژنی كەسێكی تازە پیاكەوتووی ئاسایی بێت. بێگومان خێزانەكەشی هەتا دەیانتوانی، هەوڵیاندەدا لەو زەماوەندە نەگونجاوە پەشیمانی بكەنەوە. كچێكی عازەبیشی هەبوو كە ئەركی بوو بەپێی پلەو پایەی خۆی بیخاتە سەر ماڵ و حاڵی خۆی. بەلزاك كەسێكی دەستبڵاو بوو، ژنە لەوە دەترسا سامانەكەی ئەویش بەبا بدات. هەمیشە داوای پارەی لێدەكرد و بەپارەی كەمیش رازی نەدەبوو، هەردوو دەستی كردبوو بەناو جزدانەكەیدا، راستە مەدام پارەی هەبوو بەڵام خۆشی خەرجی زۆر بوو. بەڵام جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی پارەكەت بۆ خۆت خەرج بكەیت لەگەڵ ئەوەدا یەكێك بۆت بخوات.
بەلزاك شاگەشكە بوو
ئەوەی سەیرە ئەوەیە ئیڤلین بۆچی ئەو هەموو كاتە وەستا تا شووی پێبكات، یان ئەوەی ئەسڵەن چۆن شووی پێكرد؟ لەماوەی ئەو حەوت ساڵەدا، هەر ماوەیەك جارێك یەكیان دەبینی، لە ئەنجامی یەكێك لەم ژوانانەدا، ئیڤلین سكی پڕ بوو، بەلزاك شاگەشكە بوو. پێی وابوو ئاخری سەركەوتوو بووە و داوای لێكرد یەكسەر زەماوەند بكەن، بەڵام ژنە حەزی نەدەكرد ناچار بێت، بۆی نووسی دوای مناڵبوون بەتەمایە بگەڕێتەوە بۆ ئۆكرانیا و دەست بەپارەوە بگرێت و پاشان زەماوەند بكەن. مناڵەكەی لەبارچوو، بەمردوویی لەدایكبوو. ئەمەش 1845 یان 1846 بوو، مەدام 1850 شووی پێكرد. بەلزاك زستانی لەگەڵ بەسەر برد و زەماوەندەكە لەوێ بەڕێوەچوو.
بۆچی ئیڤلین دواجار رازی بوو؟ ئیشی زۆر و قورسی بەلزاك، سەرەنجام بەدەنی تۆكمەی لەناوبردبوو، سەلامەتی نەمابوو. لە زستاندا نەخۆشییەكی قورسی گرت، لەگەڵ ئەوەشدا كە چاك بۆوە، دیاربوو ماوەیەكی زۆر ناژی. لەوانەیە ژنە دڵی بە حاڵی سەرەمەرگی بەلزاك سووتابێت، كە سەرەڕای بێوەفاییەكانی ئەو هەموو ساڵە هەر خۆشیدەویست. لەوانەشە ئەو قەشەیەی ئیڤلین ئیعترافی لاكرد (چونكە ژنێكی دیندار بوو) داوای لێكردبێت، باری نالەباری خۆی رێكبخاتەوە. هەرچۆنێك بێت شووی پێكرد و پێكەوە گەڕانەوە بۆ پاریس. لە پاریس بە پارەی ژنەكەی خانوویەكی گەورەی كڕی و بە كەلوپەلی گرانبەها رازاندییەوە. بەڵام ئیتر ژنە دەوڵەمەند نەبوو، سامانە زۆرەكەی دابوو بە كچەكەی و بۆخۆی تەنیا دەرامەتێكی ساڵانەی مامناوەندی هەبوو. ئەگەر بەلزاك لەمەش نائومێد بووبێت دەرینەبڕی. باسكردنی ئەم بابەتە مایەی غەمبارییە، دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە، سەرەنجام كاتێ ئاواتەكەی هاتەدی، ژنهێنانەكەی سەركەوتوو نەبوو. ئیڤلین خەمی دایە. بەلزاك، دووبارە نەخۆش كەوتەوە و ئەمجارە چاك نەبۆوە. رۆژی (1850/8/17) مرد. ئیڤلین دڵی شكا و لە نامەیەكدا بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی نووسی، ئیتر هیچ ئارەزوویەكی نییە، جگەلەوەی لەودنیا بە مێردەكەی بگاتەوە. بەو شێوەیە دڵخۆشی خۆی دایەوە پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكدا دروست كرد. وێنەكێشێك بوو بەناوی (ژان ژیگۆ) كە ناووناتۆرەی "ئەسپێی خۆڵەمێشی" بوو، دیارە لەبەرئەوەی زۆر ناشیرین بوو. وادیارە وێنەكێشێكی باشیش نەبووە.
بابەگۆریۆ جوان چنراوە
لەناو بەرهەمە زۆرەكانی بەلزاكدا هەڵبژاردنی رۆمانێك كە لە هەموو رۆمانە ناسراوەكانی باشتر بێت، ئاسان نییە. تەقریبەن لەناو هەموو رۆمانەكانیدا، بەلای كەمەوە دوو یان سێ كارەكتەر هەن لەبەرئەوەی گیرۆدەی عەشقێكی سادە و سەرەتایین، بەتوانایەكی لەڕادەبەدەرەوە دیاریكراون، توانای بەلزاك، رێك لە وێنەكێشانی ئەم جۆرە كارەكتەرانەدا بوو، بەڵام كاتێك دەیەویست پاڵەوانێك كە خاسیەتی رۆحی و فكری و ئەخلاقی ئاڵۆزی هەیە، رەسم بكات، كەمتر سەركەوتوو دەبوو.
تەقریبەن لە هەموو رۆمانەكانی بەلزاكدا دیمەنی زۆر بەهێز و لە زۆریاندا، چیرۆكی سەرنجڕاكێش هەیە. من لەبەر چەند هۆیەك "بابەگۆریۆ"م هەڵبژارد. چیرۆكی رۆمانەكە یەكبینە و سەرنجڕاكێشە. بەلزاك لە هەندێك لە رۆمانەكانیدا درێژەی حیكایەتەكە دەبڕێت، بۆئەوەی سەبارەت بە جۆرەها بابەتی لابەلا بدوێت. بەڵام بابەگۆریۆ لەم خەوشە بێبەرییە. بەلزاك سروشتی وابوو لێدەگەڕا كارەكتەرەكانی وجود و ماهیەتی خۆیان بە قسە و كردەوەكانیان روون بكەنەوە.
بابەگۆریۆ جوان چنراوە، دوو تەوەری رۆمانەكە، واتە عەشقی فیداكارانەی پیرمێردەكە بۆ كچە ناشكورەكانی و ئیشەكانی سەرەتای "راستیناك"ی هەلپەرست لە پاریسی قەرەباڵغ و گەندەڵی زەمانی ئەودا، بەشێوەیەكی جوان و گونجاو پێكەوەچنراون.
بابەگۆریۆ لەم رووەشەوە سەرنجڕاكێشە: لەم رۆمانەوە بەلزاك بۆ یەكەمجار بیری لەوە كردەوە لە رۆمانەكانیدا بەردەوام كۆمەڵێك كارەكتەر بهێنێت و ئەم بیرۆكەیەی بەشێوەیەكی تایبەتی خستەكار.
كێشەكە لەوێدایە: دەبێت كۆمەڵێك كارەكتەر بخوڵقێنێت كە حەزت لە چارەیان بێت و ئەو حەزە بایی ئەوەندە بیت بتەوێ بزانیت لە كاتێكدا ژیانیان بەرەو پێشەوە دەچێت چیان بەسەردێت. لەم لایەنەوە بەلزاك زۆر سەركەوتوو بووە. با باسی خۆم بكەم، من بەچێژێكی زیاترەوە ئەو رۆمانانە دەخوێنمەوە كە ئاگاداری چارەنووسیان بم. بۆ نموونە چارەنووسی راستیناك كە حەزدەكەم داهاتووی بزانم.
ئەم شێوازی نووسینە گرنگە، چونكە كەمتر كارەكتەری تێدا بەكاردێت. بەڵام لەو باوەڕەدا نیم بەلزاك بەو خەیاڵە فراوانەیەوە لەبەر ئەم هۆیە پەنای بۆ ئەم شێوازە بردبێت. پێم وایە هەستیكردووە ئەو شێوازە واقیعبوونی رۆمانەكە زیاتر دەكات. چونكە لە رەوتی ئاسایی رووداوەكاندا، تەماسی بەردەوام لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كارەكتەردا پەیدا دەكەین، كە چەندان جار دیومانن. بەڵام لەوەش گرنگتر، باوەڕم وایە ئامانجی سەرەكی بەلزاك ئەوەبوو، هەموو بەرهەمەكانی خۆی وا لێبكات پێكەوە پەیوەست بن و یەكەیەك پێك بهێنن.
ئامانجی ئەوە نەبوو گروپێك، دەستەیەك، چینێك و تەنانەت كۆمەڵگایەك رەسم بكات، بەڵكو ئەوەبوو سەردەم و شارستانییەتێك رەسم بكات. بەلزاك تووشی ئەو خەیاڵە پووچە ببوو، كە فەرەنسا سەرەڕای ئەو هەموو كارەساتەی بەسەری هاتووە، چەقی قورسایی جیهانە، ئەمەش ئەو خەیاڵە بێهوودەیە بوو كە زۆر لە هاووڵاتیانی گیرۆدەی ببوون. بەڵام لەوانەیە رێك لەبەرئەمە بووبێت كە دەیتوانی بەدڵنیایی و پشت بەخۆبەستەوە، یەك دنیای رەنگاوڕەنگ و زیادە بخوڵقێنێت و توانای ئەوەی هەبوو رۆحی ژیانی بكات بەبەردا، ژیانێك خوێنەر هەست بكات لە دنیای دەسكردی بەلزاكدایە.
ئەم قسەیە سەبارەت بە "كۆمیدیای ئینسانی" یانی كۆبەرهەمەكەی، راستە. بەڵام ئێمە لێرەدا ئیشمان بە بابەگۆریۆ هەیە. پێم وایە بەلزاك یەكەم رۆماننووس بوو بۆ یەكەمجار پەناگەی بۆ شوێنی رووداوی رۆمان بەكارهێنا. لەوە بەدواوە چەندین جار بەكارهاتووە. چونكە نووسەر دەتوانێت كۆمەڵێك كارەكتەری جیاواز كە تووشی بارودۆخێكی ناخۆش بوون، بەبێ دەردیسەر لەیەك جێگادا بەیەك بناسێنێت. بەڵام قەت نەمدیوە ئەم شێوازە بەو كاریگەرییە گەورەیەی كە بابەگۆریۆ لەسەر خوێنەر دایدەنێت، بەكارهاتبێت.
بەلزاك بە ئارامی دەستی بەنووسینی رۆمانەكانی دەكرد. شێوازی ئیشكردنی وابوو بە وەسفی وردی شوێنی رووداوەكان دەستیپێدەكرد. دیارە ئەم وەسفانە چێژیان هەبوو زۆرجار پتر لەوەی دەتەوێ بیزانێت، پێت دەڵێت. هەرگیز فێری ئەو هونەرە نەبوو، ئەوەی پێویستە بگوترێت، بیڵێت و ئەوەی پێویست نییە نەیڵێت. پاشان بەخوێنەر دەڵێت سەرو سیمای كارەكتەرەكان و سروشتیان چۆنە و ئەسڵ و فەسڵیان چییە، نەریت و بیروباوەڕیان چییە، خەوشی ئەخلاقیان چییە، پاش هەموو ئەمانە ئینجا رۆمانەكەی دەستپێدەكات.
بیانشۆن رزگارم دەكات
بەلزاك لە روانگەی سروشتی خۆنواندنی خۆیەوە، سەیری كارەكتەرەكانی كردووە. بۆیە واقیعی وجودیان زۆر لە واقیعی ژیانی راستەقینە ناچێت. كارەكتەرەكانی بە رەنگی سەرەتایی و تۆخ رەسم كراون. جاریوابووە ئارایشی كردوون. ئەم كارەكتەرانە لە خەڵكی ئاسایی هەژێنەرترن، بەڵام زیندوون، باوەڕت بە زیندووێتیان هەیە. پێم وایە لەبەرئەوەیە خودی بەلزاكیش تەواو باوەڕی بە زیندووێتیان هەبوو. لە چەند رۆمانێكیدا پزیشكێكی زیرەك و بەشەرەف بەناوی "بیانشۆن" دەردەكەوێت. بەلزاك كاتێك لە سەرەمەرگدا بوو وتی: "بنێرن بە دوای بیانشۆندا بیانشۆن رزگارم دەكات".
بابەگۆریۆ لە روانگەیەكی تریشەوە جێگای سەرنجە. چونكە لەم رۆمانەدا بۆ یەكەمجار، رووبەڕووی یەكێك لە كارەكتەرە هەژێنەرەكان دەبینەوە كە بەلزاك خوڵقاندوێتی، ئەویش "ڤاترین"ە. لە تایپی ڤاترین هەتا ئێستا هەزار كارەكتەریان خوڵقاندووە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ئەو كارەكتەرەی كاریگەرییەكی زۆر لەسەر خوێنەر بەجێدەهێڵێت و وجودی بەو رادەیە لە واقیعدا پەسەند بێت، بخوڵقێنن. ڤاترین مێشكێكی باش و هێزی ئیرادەی هەیە و وزەی زۆری ژیانی تێدایە. خراپ نییە خوێنەر سەرنجی ئەو خاڵە بدات كە بەلزاك بە چ شارەزاییەكەوە، بێئەوەی ئەو رازەی دەیەویست هەتا كۆتایی رۆمانەكە ئاشكرا نەبێت ئاشكرا بكات، توانیوێتی ئەوە بگەیەنێت لە ناخی ئەم پیاوەدا چ شتێكی خراپ هەیە. ڤاترین ئەهلی كەیف و بەخشندە و رەفتار باشە، نەك هەر ئافەرینی دەكەیت و دەبیتە هاوخەمیشی، لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆر ترسناكە. پێی سەرسام دەبیت وەكو راستیناك. ئەو گەنجە وەجاخزادەیەی هاتبووە پاریس بۆ ئەوەی رێگای خۆی لەو دنیایەدا بكاتەوە. بەڵام لە هاوڕێتی ڤاتریندا، هەست بەو ناڕەحەتییە دەكەیت كە راستیناك كردی. لەوانەیە ڤاترین بەكەڵكی كارەكتەری میلۆدرامی بێت، بەڵام خوڵقێنراوێكی گەورەیە.
هەموان باوەڕیان وایە بەلزك باش رۆمانی نەدەنووسی، كەسێكی بازاڕی بوو. (بەڵام ئایا بازاڕیبوونی، بەشێكی پێویستی بلیمەتی ئەو نەبوو؟)، داڕشتنی ئاسایی بوو. درێژدادڕ و بێزاركەر، پڕ بریق و باق و زۆرجار هەڵە بوو. "ئیمێل فاگێ" كە رەخنەگرێكی زۆر دیارە، لە كتێبەكەیدا لەبارەی بەلزاكەوە نووسیوێتی، یەك بەشی تەواوی بۆ هەڵەكانی لە سەلیقە و شێواز و رێزمان و زماندا تەرخانكردووە. لە راستیدا هەندێك لەم هەڵانە ئەوەندە زەقن، پێویست ناكات مرۆڤ زانیارییەكی قووڵی لەسەر زمانی فەرەنسی هەبێت بۆ ئەوەی بیانزانێت. با راست بڵێم ئەم هەڵانە مایەی شەرمەزارین، بەڵام دەڵێن چارلز دیكنزیش باش بەئینگلیزی نەیدەنووسی. روسە خوێندەوارەكان پێیان وتووم تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسكیش بە روسییەكی زۆر سەرپێی نووسیویانە.
سەیرە! چوار رۆماننووسی گەورەی دنیا، ئەوەندە خراپ بە زمانی دایك بنووسن. وادیارە باشنووسین بەشێكی سەرەكی هونەری رۆماننووسین نییە، بەڵكو هێز و توانای ژیانیی، توانای خەیاڵ، توانای داهێنان، روانگە، هۆشیاری سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ، وێڕای حەز و خۆشەویستی بۆی و هاودەردی لەگەڵیدا و بەرەكەتی هۆش، ئەمانە گرنگترن. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە رۆماننووس باش بنووسێت نەك سەقەت.
سهرچاوه: كتێبی درباره رمان و داستان كوتاه