حیاة الیاقوت
لە عەرەبیەوە: نەرمین عوسمان محەمەد
حەیات ئەلیاقوت نووسەرێكی لاوی كوێتییە لەدایكبووی ساڵی 1980یە، یەكێكە لە نووسەرە چالاكەكانی نەوەی خۆی سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە و 15 كتێبی لەبوارە جیاجیاكانی ئەدەبدا نووسیووە، لەم وتارەی خوارەوەدا ئاماژە بەمەرجەكانی داهێنان و سەركەوتنی نووسەران دەكات:
ئەو دەمەی پاداشتی داهێنەرانی هەندێك لە وڵاتانی جیهان دەبیستیت جەرگت پەرت پەرت دەبێت بۆ نموونە نووسەرێكی دانیماركی ژن دەناسم مینحەی خۆتەرخانكردنی هەتا هەتایی لە وڵاتەكەی وەرگرتووە بە مەبەستی نووسینی داهێنەرانە. دەی گرنگ نییە ئەوان نەتەوەیەكن وئێمەش نەتەوەیەكی دیكەین.
یەكێك لە شتە باشەكان لە كوێتدا پێدانی مۆڵەتی خۆتەرخانكردنە لەپێناوی بەرهەمهێنانی هونەری یاخود ئەدەبیدا دەبەخشرێتە فەرمانبەران و دەكرێت درێژبكرێتەوە بۆ ماوەیەكی زیاتر لەپێناوی كارێكی ئەدەبی یاخود هونەریدا بەو مەرجەی كەسەكە لەوانە بێت خاوەنی بەرهەمێكی دیار و تایبەت بێت لەو بوارەی داوای خۆتەرخانكردنی لەپێناودا دەكات بێگومان هەروەها پێویستە پڕۆژەی كارەكە رەزامەندی لیژنەی تایبەتمەندی لە ئەنجومەنی نیشتمانی رۆشنبیری و هونەر و ئەدەب بەدەستبهێنێت، بەڵام بۆم دەركەوت ئەو پاداشتە مەرجێكی دیكەشی هەیە سەیرە و پاش كەمێكی دیكە پێتان دەڵێم.
بەشبەحاڵی خۆم زۆر دەمێكە پێویستم بەو پشووەبوو، بەڵام هەنگاوێك دەچوومە پێشەوە وهەنگاوێكی دیكە دەهاتمەدواوە، لە چاوەڕوانی ئەوەی بەرهەمێكی دیارم هەبێت، ئەوەبوو دەستم دایە نووسین و تێیدا قاڵبووم و گەیشتمە پێگەیەك لە داهێنان و كۆی ئەو كتێبانەی بڵاوم كردنەوە گەیشتنە (13) سیانزە كتێب لەبوارەكانی رۆمان و چیرۆك و ئەدەبی منداڵان و زماندا ئەمە بێجگە لەهەندێك بڵاكراوەی ئەلیكترۆنی ولێشاوێك لەوتار لێرە و لەوێ، هەموو ئەم كارانە هانیان دام بچمەپێشەوە و داوای ئەو مۆڵەتە بكەم.
یاسای خزمەتی مەدەنی
لە وەڵامدا ئەنجومەنی نیشتمانی رۆشنبیری و هونەر و ئەدەب بە سوپاسەوە رەزامەندی بۆ مۆڵەتەكەم دەربڕی وپەیوەندییان بەشوێنی كارەكەمەوە كرد لە زانكۆی كوێت بەو پێیەی لەو زانكۆیەدا مامۆستای یاریدەدەر بووم زانكۆی كوێتیش دەستی بەلێكۆلێنەوە كرد لە شایستەییم بۆ ئەو مۆڵەتە بە پشت بەستن بەیاسای خزمەتی مەدەنی، كە تێیدا مەرجێكم دۆزییەوە و دەڵێت:"پێویستە فەرمانبەر لەكارمەندانی بواری پەروەردە نەبێت"مادەی یاساكە وەها دەڵێت وەك ئەوەی داهێنان نەتوانێت لە مێشكی كارمەندانی بواری پەروەردەدا ببزوێت!.
تێڕامام و پرسیم : ئاخۆ دەبێت مەبەست لەم بەندەی یاساكە چیبێت؟ ئایا لەپێناوی پاراستنی پەروەردە وفێركردنەكەیە لە دابڕان بۆ نموونە؟ چونكە چوونەدەرەوەی مامۆستا لەپۆل و لەكاتی خوێندندا لەوانەیە ببێتە مایەی شڵەژان بێگومان، بەڵام مەعقول نییە ئەمە هۆكارێك بێت لە مۆڵەت وەرگرتنی مامۆستا وەكو پرەنسیپێك بۆ نموونە مادەی یاساكە دەیتوانی بڵێت لە حاڵەتێكدا فەرمانبەرەكە مامۆستا بێت ئەوا لە سەرەتای ساڵی خوێندنی نوێدا مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ماوەی ساڵێكی تەواوی خوێندن و ئەو مۆڵەتە بۆماوەی ساڵێكی دیكەی خوێندن نوێ دەكرێتەوە لەكاتی پێویستدا.
بەڵام چاوەڕوان بكەن، بەگەڕان ولێكۆڵینەوە لە یاساكانی دیوانی خزمەتدا بۆم دەركەوت كە چەند جۆرێكی دیكە لە مۆڵەتی خۆتەرخانكردن هەیە وەكو مۆڵەتی خۆتەرخانكردنی وەرزشی و زانستی و مۆڵەتی خۆتەرخانكردن لەپێناوی پێشكەشكردنی نمایشی هونەری كە هیچ كام لەم مۆڵەتانە ئەو مەرجەی تێدا نییە كە فەرمانبەر مامۆستا نەبێت، كەواتە بۆچی بەدیاریكراوی مامۆستا بێبەش دەكرێت لە مۆڵەتی خۆتەرخانكردن لەپێناوی بەرهەمی هونەری و ئەدەبیدا؟ بابەتەكەم لە مێشكمدا هێناوبرد هەوڵی ئەوەم دەدا پێشبینی ئەو بیركردنەوەیە بكەم كە لە مێشكی دانەرانی ئەو یاسایەدا بووە كە یاساكەیان داڕشتووە لە ساڵی 1980دا. چونكە ئەو كەسانە لە نەوەیەكی پرشنگداربوون و ئێمە هیچیان لەسەر نازانین، لەوانەیە ئەوان بەبیری تیژیان شتێكیان دۆزیبێتەوە كە ئێمە لێی خافڵ بین، بەڵام لە پاش گەڕانێكی دوور و درێژ گەیشتمە حیكمەتێكی شاراوە ئەویش بریتییە لەوەی وانە وتنەوە كاریگەری دەبێت لەسەر توانا داهێنەرەكانی تاك! بەڵێ چونكە ئاشكرایە وانەوتنەوە یەكێكە لەپیشە سەختەكان و دیارە یاسادانەرەكان زانیویانە كە ئەم سەختییە وا لەمرۆڤ دەكات توانای داهێنانی نەبێت، بۆیە بەزەییان پێماندا هاتەوە و لەزەخیرە خستنمان بۆ هەوڵدان وەستاندیانین و هەر لەسەرەتاوە رێگرییان لێكردین لە مۆڵەت وەرگرتن نەبا كارە خراپەكانمان بێتە ئاراوە و كەموكوڕییەكانمان بۆ خەڵكی دەربكەوێت و ببینن چۆن وانەوتنەوە كاریگەری هەبووە بۆ سەر هێزەكانی مێشك وداهێنانمان. بەڵام بوەستن ئایا نەدەكرا هەوڵبدەن چارەسەری ئەو بەشەی كۆڵەواربووە لەمێشكی ئێمەی مامۆستایان بكەن و مۆڵەتێكی دووقاتمان بدەنێ؟ قاتێك تێیدا چارەسەری خۆمان دەكرد لە سەختییەكانی پیشەی وانەوتنەوە وقاتی دووهەم كارە داهێنەرەكانی خۆمانمان دەنووسییەوە.
دواجار دیدەكە روون بووەوە
بوەستن، دواجار دیدەكە روون بووەوە، بێگومان ئەدیب و داهێنەرەكان كۆمەڵێك بوونەوەری ترسناكن لەوانەیە ڤایرۆسی داهێنان بۆ خوێندكارەكان بگوێزنەوە بۆیە داڕێژەری یاساكان پێیانوابوو پێویستە هەموو رێكارەكان بگرنەبەر لەپێناوی دوورخستنەوەی داهێنان لە كارمەندانی بواری پەروەردە و فێركردن بەهەموو رێگا گونجاوەكان. خەڵكینە دۆشداماوم لەم مەسەلەیەدا و تا خودا شتێك دەڕەخسێنێت ئەوا من بڵاوكردنەوەی گشت جۆرە كتێبێكی ئەدەبی رادەگرم لەپێناوی بەرژەوەندی گشتیدا یاخود لەوانەیە گەشت بكەم بۆ دانیمارك لەپێناوی گەڕاندنەوەی گشت هێزە عەقڵی و داهێنەرانەكەمدا كە بەهەدەرمدان لەپای بیركردنەوەی زۆرم لە نهێنی ئەم مەرجە نامۆیە.
سەرچاوە:
www.alraimedia.com