رەفائیل سانزیۆ: خاوەنی فڵچەی ئاڵتوونی!

11:11 - 2023-07-17
کەلتور
643 جار خوێندراوەتەوە
رەفائیل سانزیۆ

خەلیل عەبدوڵڵا

رەفائیل سانزیۆ، ناوێكی دیاری هونەری نیگاركێشانی ئیتاڵیایە، وەك هونەرمەندی شێوەكاری‌ و ئەندازیاری تەلاسازیی سەردەمی رێنیسانسی ئیتاڵی خزمەتی كردووە‌ و شوێن پەنجەی رەنگینی بە هونەری نیگاركێشان ‌و نەخشەسازیی تەلارسازیی ئەو وڵاتە دێرینەوە دیارە. 
رەفائیل 6ی نیسانی 1483 لە شاری ئۆربینۆی خنجیلانە ‌و كەلتورپەروەر لەدایك بووە، لە ئامێزی خێزانێكی نیگاركێشدا پەروەردە بووە، باوكی نیگاركێش بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەر لە منداڵییەوە بە تابلۆ ‌و بۆیە ‌و فڵچە ئاشنا بێت‌ و خولیای هونەری نیگاركێشان بێت.
هێشتا منداڵ بوو، دایك‌ و باوكی كۆچی دواییان كرد، لە تەمەنی 8 ساڵی دایكی‌ و لە تەمەنی 11 ساڵی باوكی بە دوای یەكدا ماڵئاوایی یەكجارییان لێكرد، مامی ئەركی بەخێوكردن ‌و پەروەردەكردنی گرتە ئەستۆ.
كۆچی دوایی دایك‌ و باوكی لەو تەمەنە منداڵییەدا، بۆ رەفائیل كارەسات‌ و خەمێكی قووڵی بە ئازار بوو، بەڵام خۆڕاگر ‌و ورەبەرز بوو، مامی ‌و هونەری نیگاركێشان ئیرادەی رەفائیلییان بەهێز كرد، هەر بۆیە نەیهێشت مەرسەمەكەی باوكی دابخرێ‌ ‌و شوێنەواری كوێر بێتەوە. ئەركی بەڕێوەبردنی مەرسەمەكەی گرتە ئەستۆ ‌و نیگارەكانی لەوێدا دەكێشا‌ و بە ئاوەدانی هێشتییەوە.
ساڵی 1500 رەفائیل چووە لای (پرۆجینۆ)ی هونەرمەندی نیگاركێشی ناودار لە ناوچەی ئومبریای ناوەڕاستی ئیتالیا. لە مەرسەمەكەی پرۆجینۆ، دەستی بە نیگاركێشان كرد، بەركوڵی تابلۆكانی هێندە جوان‌ و سەرنجڕاكێش بوون، پرۆجینۆ بە توانا ‌و بەهرەی  زۆر سەرسام بوو ‌و وتی: (رەفائیل بەم زوانە دەبێتە مامۆستام، نەك خوێندكار). ئەو قسەیەی مامۆستاكەی زۆر كاری تێكرد ‌و هونەری نیگاركێشانی لە لای شیرینتر كرد‌ و زیاتر بایەخی پێدا‌و تێیدا قاڵ بوو.

هونەرمەندانی  هاوسەردەمی خۆی
ساڵی 1504 رەفائیل چووە  شاری سیینا ‌و دواتر چووە شاری فلۆرەنسا ‌و چوار ساڵ لەو شارە مایەوە، ئەو شارەی لانكەی شارستانی‌ و  كەلەپوور ‌و تەلارسازی‌ و هونەری ‌و رۆشنبیری‌ و فیكری بوو، هەر بۆیەش بە (ئەسینای سەدەكانی ناوەڕاست) ناودەبرا، ئەو شارە كەلتورییە بەهادارە، رەفائیلی سەرسام كرد ‌و كاریگەری هونەریی زۆر لەسەر بەجێهێشت، هەربۆیە  دواتر لە ڤاتیكان تابلۆی (قوتابخانەی ئەسینا)ی كێشا، كە بە یەكێك لە تابلۆ جوان ‌و ناوازەكانی دادەنرێت‌ و ئەو هونەرمەندی زیاتر ناساند ‌و ناوبانگی دەركرد.
رەفائیل سوودی زۆری لە ئەزموون‌ و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندانی  هاوسەردەمی خۆی وەرگرت، لە مایكل ئەنجلیۆی هونەرمەندی مەزنەوە، زانیاری تەواوی لەسەر جەستەی مرۆڤ وەرگرت، بەهۆی ئەو توێژینەوە زانستی ‌و توێكارییانەی كە مایكل ئەنجیلۆ لەسەر جەستەی مرۆڤ كردبوونی، زۆر سوودی لەو زانیارییە بەنرخانە بۆ كێشانی تابلۆكانی وەرگرت.
هەروەها بە تابلۆكانی لیۆناردۆ داڤینشی بە گشتی ‌و تابلۆی مۆنالیزا بە تایبەتی زۆر سەرسام بووە، هەربۆیەش ئیلهامی لە تابلۆی مۆنالیزا وەرگرتووە‌ و تابلۆیەكی بەناوی (ژنێكی گەنج) كێشاوە، كە كاریگەری ئەو تابلۆیەی  داڤینشی لەسەر بووە.
مایكل ئەنجلیۆ ‌و لیۆناردۆ داڤینشی ‌و رەفائیل سانزیۆ، سێ‌ هونەرمەندی ناوداری سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵی بوون، هەرچەند رەفائیل بەتەمەن لەوان گچكەتر بووە، بەڵام بە هۆی توانا ‌و سەلیقەی بەزری هونەری‌ و بەرهەمە ناوازەكانییەوە، هاوشانی ئەوان ناوی هاتووە ‌و بە سێكوچەی پیرۆزی هونەریی سەردەمی رێنیسانسی ئیتاڵی ناودێر كراون.

بە ژووری رەفائیل ناسرابوو
ساڵی 1509، رەفائیل چووە شاری رۆما‌ و دەرگای ڤاتیكانی بۆ كرایەوە، هەردوو پاپا یۆلیۆسی دووەم ‌و لیوی دەیەم، كە بایەخیان بە هونەر زیاتر لە ئایین دەدا، زۆر گرنگییان بە رەفائیل دا‌و رێزیان لێگرت‌ و هەموو پێویستییەكانی ژیان ‌و كاری هونەرییان بۆ دابینكرد،  لە ساڵانی (1504 - 1507) لە كەنیسەی ڤاتیكان، لە ژوورێكدا كە بە ژووری رەفائیل ناسرابوو، رەفائیل خۆی‌ و خوێندكارەكانی چەندین تابلۆی جوان‌ و ڕەنگینیان دروستكرد ‌و دیوارەكانی كەنیسەی ڤاتیكانیان رازاندەوە.
رەفائیل لە ژێر كاریگەریی ئاینی مەسیحیدا، تابلۆكانی (موعجیزەی بۆلیسنا ‌و ئازادكردنی قەشە پەتریۆس)ی كێشا.هەروەها چەند تابلۆیەكی تری كێشا، لەوانە (مادۆنا‌ و منداڵەكە، عەزرای كورسی، عەزرای سیستین، قوتابخانەی ئەسینا، خەونی سوارچاك، شووكردنی خانمی عەزرا، گالاتی، دەركەوتنی مەسیح، میكائیلی پیرۆز، جۆرجی پیرۆز) ‌و چەندان تابلۆی دیكە.
رەفائیل، ئەندازیاری تەلارسازیش بوو، لەو بوارەشدا زۆر شارەزا‌ و دەستڕەنگین بوو، چەندین نەخشەی بۆ دروستكردنی كۆشك‌ و كەنیسە‌ و شوێنی خواپەرستی لە رۆما كێشا ‌و تەلارەكان بە پێی نەخشەكانی رەفائیل دروستكران، بوونە جێگەی سەرسامی ‌و ستایشی ‌و توانا ‌و سەلیقەی ئەندازەیی ئەویان نیشاندا، هەر بۆیە رەفائیل بە سەرۆكی ئەندازیاران لە رۆما دەستنیشانکرا.
ئەگەرچی رەفائیلی هونەرمەند ‌و ئەندازیار، ماوەیەكی كەم ژیا ‌و بە گەنجی سەری نایەوە، بەڵام لەو تەمەنە كورتەدا زۆرترین خزمەتی هونەری‌ و تەلارسازی پێشكەش بە  ئیتالیا كرد ‌و وەك یادگاری‌ و شاكاری ئەو ماونەتەوە ‌و مایەی شانازی ئەو و ئیتاڵیا ‌و مرۆڤایەتین.

لە گۆڕستانی ناوداران
رەفائیل خاوەنی 287 تابلۆی جوان ‌و رەنگین ‌و دەیان نەخشەی كەنیسە‌ و كۆشكی بڵند‌ و سەركەشی سەرنجڕاكێشە كە وەك یادگاری ‌و سامانێكی هونەری‌ و كەلتوری‌ و كەلەپووری ‌و تەلارسازی ‌و مێژوویی ماونەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، رۆژی 6ی نیسان رۆژی لە دایكبوونی رەفائیل بوو، دەبوو لەو رۆژەدا ئاهەنگی رۆژی لە دایكبوونی بگێڕایە،  كەچی  رۆژی 6ی نیسانی 1520، كە هەمان رۆژی لەدایكبوونی بوو، بەكتوپڕی ‌و لە تەمەنی گەنجی ‌و جوانیی 37 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، لە رێوڕەسمێكی فەرمی ‌و میللی كە پاپا ‌و كاربەدەستانی وڵات‌ و خەڵكێكی زۆر ئامادەی بوون،  وەك رۆڵەی دامەزراوەی ڤاتیكان رێزیان لێگرت‌ و لە گۆڕستانی ناوداران لە شاری رۆما بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
ئەم هونەرمەندە گەنجە هێندە خۆشەویست بوو، خوێندكاران‌ و هاوڕێیانی بە (مامۆستا گەنجەكە) ناویان دەبرد ‌و كە كۆچی دواییشی كرد بە (خاوەن فڵچەی ئاڵتوونی ‌و میری نیگاركێشانی ئیتاڵیا) 
ناودێر كرا.
رەفائیلی هونەرمەند ‌و ئەندازیار، 503 ساڵ لەمەوبەر ماڵئاوایی لە ژیان كردووە، بە جەستە ڕۆیشتووە ‌و لە بەر چاوان دیار نەماوە، بەڵام ئەو تابلۆ جوان ‌و ئەو تەلارە سەركەشانەی ئەو نەخشاندوونی، بە نەمری ‌و زیندوویی هێشتوویانەتەوە. ئەوەش بایەخی هونەر ‌و بەهرەی ناوداران 
نیشان دەدات.


قوتابخانەی ئەسینا یەکێک لە تابلۆ بەناوبانگەکانی رەفائیل سانزیۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان