و: كوردەوان محەمەد سەعید
لە مێژە بابەتی ژیریی دەستكرد و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی و مەترسییەكانی بۆ سەر مرۆڤایەتی جێگەی مشتومڕە، هەمیشە لایەنگرانی بە كۆمەڵێك بەڵگە و بیانووی جوانەوە دێنە پێشەوە و باس لە سوودەكانی دەكەن بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی، بەردەوامیش رەخنەگران دێنە وەڵام و زیانەكان و مەترسییەكانی دەژمێرن، ئەم دوو بۆچوونە وەك دوو هێڵی تەریب بەردەوام لە هەڵكشاندان، لە ساڵی 2023دا بابەتەكە لەسەر ئاستی جیهان هەڵچوونێكی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، هەڵچوون بە ئاراستەی كێبڕكێی وڵاتان لەسەر بەرهەمهێنانی ژیریی دەستكرد.
كەم رۆژ هەیە نەبیستین، كە كۆمپانیایەكی گەورەی جیهانی تێكەڵ بە كێبڕكێكە بووە، دواهەمینیان ئایلۆن ماسكە، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر رایگەیاند، كۆمپانیای (xAI)ی تایبەت بە بواری ژیریی دەستكرد دادەمەزرێنێت، ئەم كارەشی پێچەوانەی هەڵوێستەكەی پێشووی بوو، كە لە مانگی ئاداری رابردوودا رایگەیاندبوو: پێویستە راهێنانی نموونەكانی ژیریی دەستكرد بۆ ماوەی شەش مانگ رابگیرێت، تا مرۆڤایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ بكات.
با مەترسییەكان وەك خۆی ببینین
ئەوەی جێگەی سەرنجە، هاتنەناوەوەی ئایلۆن ماسكە بۆ بەشداری لە كێبڕكێكەدا، چونكە هاتنەناوەوەیەكی ئاسایی نییە، ئایلۆن ماسك خاوەنی هەردوو كۆمپانیای زەبەلاحی تویتەر و تێسلایە، هەڵبەتە بۆچوونی بەرامبەر بە ژیریی دەستكرد و مەترسییەكانی نەگۆڕاوە، ئەو هەڵوێستەشی بەوەدا دەردەكەوێت كە لە پڕۆژەكەیدا كۆمپانیایەكی وەك (xAI) و كەسایەتی وەك دان هیندریكس بەكار دەهێنێت، ئێستا هیندریكس یەكێكە لە راوێژكارە نوێیەكانی كۆمپانیاكە.
دان هیندریكس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەلامەتی ژیریی دەستكردە، هیندریكس ئەو كەسەیە كە لە مانگی ئایاری رابردوودا، لە رێگەی پەیامێكی تویتەرەوە دوای كرد مەترسییەكانی سەر لەناوچوونی مرۆڤایەتی كەمبكرێتەوە، كە بەهۆی ژیریی دەستكردەوە دروست دەبن، دان هیندریكس پێی وایە دەبێ ئەم مەترسییە، بە قەد مەترسییەكانی پەتا جۆربەجۆرەكان و جەنگە ئەتۆمییەكان گرنگی پێ بدرێت.
قڵپكردنەوەی مێزەكە
رەندە روفاعی پسپۆڕی بواری دیجیتاڵ و زانستی بلۆكچین، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی سكای نیوز رایگەیاند: بە روونی دیارە، هاتنەپێشەوەی (xAI) بۆ جیهانی ژیریی دەستكرد ئامانجەكەی قڵپكردنەوەی مێزەكەیە بەسەر ركابەرەكانیدا، كە لە بواری ژیریی دەستكردی بەرهەمداریدا كار دەكەن، ئەویش لە سایەی ئەو مەترسیانەی كە ژیریی دەستكرد لە ناخیدا هەڵی گرتووە بۆ سەر داهاتووی مرۆڤایەتی.
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوە دەدات، كە ئێستا بۆچوونی باو لە مەسەلەی پیشەسازی ژیریی دەستكرددا زیاتر بایەخ بە دیوە ئەرێنییەكەی دەدات و هەوڵیش دەدات لە مەترسیی كاریگەرییەكانی بۆ سەر مرۆڤ كەم بكاتەوە، بەڵام (xAI) وا ناكات، بە تایبەتی كە ئەو كۆمپانیایە راوێژكارێكی دامەزراندووە، مەترسییەكانی زیرەكیی دەستكرد بە مەترسییەكانی پەتای گشتگیر و جەنگی ئەتۆمی دەچوێنێت، ئەوە پەیامێكی ئاشكرایە و ئایلۆن ماسك-یش رێڕەوی كاری كۆمپانیای (xAI) دەستنیشان كردووە و بە ئاشكراش دەڵێ: ئامانجی ئەو كۆمپانیایە بنیاتنانی ژیرییەكی دەستكردی راستەقینەیە و دیوە خراپەكەشی ناشارێتەوە، لەو نێوانەشدا مرۆڤایەتی لە هەموو شتێك گرنگترە.
هەبوونی ركابەرییەكی توند لە نێوان كۆمپانیاكاندا وا دەكات راستگۆیانەتر كار بكەن و بەرهەمی باشتر پێشكەش بكەن، لە بواری پیشەسازی ژیریی دەستكردی بەرهەمداردا.
لە قازانجی ركابەرەكانی نییە
بە بۆچوون و لێكدانەوەی رەندە روفاعی، كاتێك ئەو كۆمپانیایە لە پەیامەكەیدا مرۆڤایەتی دەخاتە پێش هەموو شتێكەوە، كەواتە ئەگەری هەیە ئەو كۆمپانیایە هەر هەنگاوێكی پیشەسازی زیرەكیی دەستكرد كە مەترسی بۆ سەر داهاتووی مرۆڤ هەبێت ئاشكرای بكات، ئەمەش لە قازانجی كۆمپانیا ركابەرەكانی نییە، بە تایبەتیش كە ترسێكی راستەقینە هەیە لە ژیریی دەستكرد و زۆر كەس بە تەواوی نیگەرانن لەوەی ژیریی دەستكرد مەترسی بۆ سەر داهاتووی پشەییان دروست بكات. كەواتە بە گوێرەی ئەو پێدراوانە هاتنەناوەوەی كۆمپانیای (xAI) بۆ پڕۆسەی پیشەسازی ژیریی دەستكرد، چاوەڕوان دەكرێت هەرایەك بنێتەوە.
رەنگە جێگەی پرسیار بێت كە ناوی ئەم كۆمپانیایە، واتە (xAI)، واتای چییە و لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە، ئایلۆن ماسك كاتێك باسی ئەو كۆمپانیایەی كرد، روونی نەكردەوە، واتاكەی چییە، بەڵام لە قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەر كاتێك پرسیار لەبارەی ژیریی دەستكردەوە دەكرێت، وەڵامەكان جگە لە قسەی پڕوپووچ هیچی دیكە نییە، لەبەرئەوە ئەو كۆمپانیایە هەوڵ دەدات وەڵامی واقیعیانەی پرسیارەكان بداتەوە، دوای گەڕان و پرسیار لە تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا، دەركەوت ناوی كۆمپانیاكەش هەمان مەبەستی لە پشتەوەیە، چونكە (xAI)، كورتكراوەی (Explainable artificial intelligence)یە و واتە ژیریی، یان زیرەكییەكی دەستكرد كە مرۆڤ توانای تێگەیشتن و لێكدانەوەی هەبێت.
تیمێكی گەورەی كار
كۆمپانیای (xAI)، تیمێكی گەورەی لە پشتەوەیە بۆ كاركردن، زۆربەی ئەو كەسانەش كە كاری تێدا دەكەن، پێشتر لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی وەك گوگڵ و مایكرۆسۆفت و تێسلا ..هتد كاریان كردووە، لەبەرئەوە ركابەرییەكی بەهێزیان دەبێت لەگەڵ كۆمپانیاكانی دیكەی ئەو بوارەدا، بەڵام ئەم كۆمپانیایە پێی وایە هەبوونی ركابەرییەكی توند لە نێوان كۆمپانیاكاندا وا دەكات راستگۆیانەتر كار بكەن و بەرهەمی باشتر پێشكەش بكەن، بۆ نموونە پەرەپێدانی ژیریی دەستكردی بەرهەمدار بە جۆرێك كە فێری درۆكردن بكرێت، ئەوە مەترسییەكی گەورە، لە راستیدا دەبێ ئامانجی ئەم جۆرە تەكنۆلۆجیایە پێشكەشكردنی بەرهەم و ئامێری نوێی بەسوود بێت بە بەكاربەران.
ئەنجامەكەی روون نییە
كریستۆڤ زەغبی سەرۆكی كۆمپانیای (زاكا)، كە تایبەتە بە تەكنۆلۆجیای زیرەك، سەبارەت بە هاتنەناوەوەی (xAI) دەڵێ: ئەم كۆپانیا نوێیە، كاتێك پێناسەكەی لە ئینتەرنێتدا دەخوێنیتەوە، پێناسەیەكی زۆر گشتگیرانەیە و روون نییە، پێدەچێ هەر بۆ ركابەری كۆمپانیای ئۆپیناڵ (Openal)ی سەر بە (چات جی بی تی) و گوگڵ و كۆمپانیا گەورەكانی دیكە دروستكرابێت، ئەگەر وابێت، سەرەنجامی ركابەرییەكە روون و كەس نازانێ بە كوێ دەگات.
ئەم ساڵ هەر لە سەرەتای ساڵەوە باس و خواسی ژیریی دەستكرد زۆر بە گەرمی هاتە پێشەوە و بە پێی لێداونی ئایلۆن ماسك و كۆمپانیاكانی دیكەش بێت، بەرەپێشچوونێكی زۆر لە پیشەسازی زیرەكیی دەستكرددا رووی داوە، هەر لە سەرەتاشەوە پسپۆڕان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە كێبڕكێی توند لەسەر پەرەپێدانی روو دەدات، بەڵام بە دەركەوتنی ئەم كۆمپانیایە، ركابەری پێ دەنێتە قۆناغێكی دیكەوە.
سەرچاوە سكای نیوز