رانان و هەڵزنان

كتێبی حەفتا و چوار پرسیارەكەی مام جەلال

10:55 - 2023-07-19
کەلتور
563 جار خوێندراوەتەوە

ئاریان محەمەد

تێگەیشتن لە رابەر، رامانە لە سروشتی ژیان و پەروەردەی كۆمەڵایەتی و ژینگەی خێزانیی، ئەم تێز و تێفكرینە هەر دوو زانستی سیاسەت و كۆمەڵناسی دووپاتی دەكەنەوە و قوتابخانەكانی راڤەی كەسێتیش كۆكن لەسەر بایەخی قۆناغەكانی ژیانی منداڵی لە رەنگڕێژكردنی داهاتووی رابەر، لە خۆڕا نییە پرۆفیسۆر (یاڵچین كوچوك) دەرهەق بە كتێبی (داستانی ژیانەوە) نووسیوویەتی «درككردن بە ئێستای سەركردە، بەبێ رامان و شرۆڤەی رابردوووی، ئەستەم دەبێت لە داهاتووی تێبگەین»، لەسەربنەمای تیۆرییەكی لەم چەشنە، كتێبی هەڤاڵی ئازیزمان (رێبوار ستار) لەژێرناونیشانی (مام جەلال لە وەڵامی حەفتا و چوار پرسیاردا) دەشێت وەك بەرهەمێكی بە پێزی مامناسی بخوێنرێتەوە، كە لە زمانی سەرۆك مام جەلال خۆیەوە چیرۆكی هەڵزنانی بە پلیكانەی سیاسەت و كەماڵ دەگێڕێتەوە.
ئەوەی یەكێتی و رێبازەكەی حەوجەدارین
فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سەرۆك مام جەلال دەوڵەمەندە و هەر خۆی لە خەزێنەی قارون زیاتر ژیریی و شكۆ و ئەقڵی تێدایە، بەڵام قۆناغ بەندییەكانی كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی بە ئەندازەیەك لاوازە، هێشتاش نەبۆتە خەمێكی گشتی، لەكاتێكدا ئەوەی كورد و بزووتنەوە نیشتمانییەكەی، ئەوەی یەكێتی و رێبازەكەی حەوجەدارین، ئەندێشە و باوەڕەكانی مام جەلالە، لەبەرئەوەشە كتێبی (مام جەلال لە وەڵامی حەفتا و چوار پرسیاردا) دەشێت بكرێتە هەنگاوێكی سەرەتایی و گرنگ لە كۆكردنەوە و چاپكردنەوەیاندا، بەتایبەت كە بەشێكی زۆری ئەو بەرهەم و بەخششە گرنگانە لەناو میدیای بینراو و بیستراودا ترسی نەمانیان لەسەرە، بۆ هەنگاوێكی لەمجۆرە ماندوبوون و شەونخونی هەڤاڵ رێبوار جێگەی ستایشە و دەستپێكێكی گرنگیشە بە ئاراستەی هیمەتێكی گشتگیریی یەكێتیانە، تا لەكۆی بوارەكان و سەرجەم ژانرەكانی میدیاوە، گوتار و وتاری مام جەلال جارێكی تر تروسكایی چاپ ببینن و ئەویندارانی رێبازی مام جەلال لە تێز و ئەندێشە وتراوەكانی بەهرەمەند بن.
دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی
لە رابردوودا ئەركی كۆكردنەوەی بەرهەمەكانی سەرۆك مام جەلال، رەنگدانەوەی دڵسۆزی و خۆشەویستییەكی خۆڕسكانەی ئۆرگانە جیاوازەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە و لە هەنگاوی جیاجیادا دامەزراوەكانی یەكێتی بەشێك لەو فەرهەنگەیان چاپكردۆتەوە، بەڵام سەرپێكەوتنی (دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی) دەشێت هەنگاوی یەكخستنەوەی ئەو كۆششانە بێ و بۆ داهاتوو وەك تاكە دامەزراوە، كە نوێنەرایەتی ئەندێشەی مام دەكات، بە كۆكردنەوەی بەرهەمەكانی سەرۆك تاڵەبانی ئەركدار بكرێت، بۆ كۆششێكی لەمجۆرەش پێویستە كۆی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان پاڵپشت و هاوكاربن و فەرهەنگی ئەمانەتی مام جەلال رادەست بە خاوەنەكەی بكەنەوە، چونكە چیتر ئەو پەرت‌ و بڵاویەی بیر و بەرهەمی مام نابێت درێژەی هەبێت، لەكاتێكدا نەك هەر لە ئاستی كوردستانیی، بەڵكو بۆ عیراق و ناوچەكەش دید و هەڵوێست و باوەڕەكانی مام جەلال جێگەی بایەخ و لەسەر وەستانن.
نووسەر شایستەی دوو سوپاسە
 كتێبی (مام جەلال لە وەڵامی حەفتا و چوار پرسیاردا) كە بەرهەمی كۆشش و ئامادەكردنی هەڤاڵ (رێبوار ستار)ە، بە تەنها بڵاوكردنەوەی تێكستی پرسیار و وەڵامەكانی ئێزگەی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی نیە، بەڵكو هاودەم ئەلبومێكی بیرهێنانەوەی نایابی وێنەكانی سەرۆكیشە، كە لە رۆژگاری جیاواز و لەگەڵ تێكۆشەرانی یەكێتیدا بوونە یادگاری، بۆ ئەم هەنگاوە شایانە، لەپای دوو دەستكەوت نووسەر شایستەی دوو سوپاسە، یەكێكیان لە هەماهەنگی و كۆمەككردنی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی وەك میراتگری ئەدەبیاتی مام و دووەمیش لە كۆكردنەوە و ماندوبوونی بە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان