سۆشیال دیموكرات (تیۆری – گەشەسەندن – پراكتیزەكردن)

11:17 - 2023-07-19
کەلتور
773 جار خوێندراوەتەوە

 ساڵح عوسمان*

سۆشیال دیموكرات وەك چەمك و ئایدۆلۆژیا و جێبەجێ كردنی لە مەیدانی سیاسەت‌ و كاری سیاسیدا، مێژوویەكی درێژی لە جیهاندا هەیە و پانتاییەكی فراوانی لە كایە جیاوازەكاندا داگیر كردووە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆر لە خوێنەرانی كورد، ئاشنای تەواوی رەهەندەكانی نەبوون، لەوەیە وەك ناو پێیانگەیشتبێت، بەڵام زانیارییەكی پڕاوپڕیان لەسەری نییە كە بتوانن وەبەرهێنانی تێدا بكەن و لە كاری خۆیاندا بنەماكانی جێبەجێ بكەن و بە سودی گشتی بیشكێننەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بە پێویستم زانی نوێترین كتێبم لەسەر سۆشیال دیموكرات بێت، بۆ ئەوەی هەموومان ئاشنای فكر و بۆچوونەكانی ببین و تێبگەین سۆشیال دیموكراتی لە ناوەخنیدا چی بۆ كۆمەڵگە هەڵگرتووە.
یەکەم و دووەم
راستە كۆمەڵێك نووسەری بەتوانا تیشكیان خسۆتە سەر ئەم بابەتە، بەڵام هەریەكەیان و گۆشەنیگایەكیان هەڵبژاردووە كە لەوەیە تەواو گشتگیر نەبێت، بۆیە من هەوڵمداوە سوود لە بەرهەمی ئەم نووسەرانە وەربگرم و بابەتەكانیان كۆبكەمەوە و كتێبێكی گشتگیری لێ بەرهەم بهێنم كە خۆی لە سێ تەوەری سەرەكی دەبینێتەوە كە بریتین لە باس كردنی سۆشیال دیموكرات لە ڕووی تیۆرییەوە تا گەشەسەندنی، دووەمیشیان چۆنییەتی جێبەجێكردنی سۆشیال دیموكرات لە كوردستان، سێیەم تەوەریشمان تایبەت كردووە، بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك تاقە حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان، بێگومان ئەم سێ تەوەرە سەرەكییە دابەشی چەند بەش و باسێكی دیكە بوون كە لێرەدا بە كورتی ئاماژەیان پێدەدەین:
بەشەكانی یەكەم، تەرخانكراوە بۆ ناساندنی سۆشیال دیموكرات لە رووی چەمك و پێناسە و بەها و بیری سۆشیال دیموكرات و جیاوازی لەگەڵ سۆشیالیست دیموكرات، لە بەشی دووەمدا بەهاكانی سۆشیال دیموكرات و چەمكە هاوشێوەكانی لەگەڵ بەكارهێنانی وەك ئامرازێك بۆ خۆشگوزەرانی كۆمەڵگە ڕوون كراوەتەوە.
سێیەم تا حەوتەم
بەشی سێیەم تەرخانكراوە، بە گەشەی سۆشیال دیموكرات، واتە مێژووی سەرهەڵدانی تا جیاكردنەوەی قۆناغە جیاوازەكانی و گەیشتنی بە ئەمڕۆ، كە ئەمیش خۆی لە چەندین قۆناغ و بەش دەبینێتەوە، هەروەها بەشی چوارەمیش لە سەرچاوە و بنەما و تایبەتمەندییەكانی بزووتنەوەی سۆشیال دیموكراتی پێكدێت، كە هەموو باس و رەهەندەكانی شی كراوەتەوە.
بەشی پێنجەم تایبەت كراوە بە دید و بەهاكانی سۆشیال دیموكرات لەسەر ئاستی جیهان و دیدی ئەوان بۆ كۆمەڵگەی نوێ، ئەمە جگە لەوەی بەهاكانییشی لەسەر ئاستی جیهانی ئاماژەی پێدراوە، بەشی شەشەمیش تەرخانكراوە بۆ رێكخراوی سۆشیال ئینتەرناشیۆناڵیستی جیهانی (SI) و ئەندامەكانی لەگەڵ حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا (SPD).
لە بەشی حەوتەمدا، هاتوومەتە سەر تەوەری دووەمی كتێبەكە، كە ئەویش میكانیزم و ڕێگاكانی جێبەجێكردنی سۆشیال دیموكراتە لە كوردستان، بۆ ئەمەش سەرباری ئاماژەدان بە چۆنیەتی سەرهەڵدانی بیری سۆشیال دیموكرات لە كوردستان و بنەماكانی، باسم لە میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی بیری سۆشیال دیموكرات لە كوردستان كردووە كە دەكرێت لە گشت سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردیدا جێبەجێ بكرێت.
هەشتەم و نوێیەم
بەشی هەشتەم و نوێیەم، تەرخانكراوە بۆ تەوەری سێیەمی كتێبەكە كە تایبەتە بە یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان و سۆشیال دیموكرات، لەم دوو بەشەدا باسمان لە فكری سۆشیال دیموكرات و ناسنامەكەی كردووە، ئەمە جگە لەوەی بە وردی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان و وەرچەرخانی فكریمان روون كردۆتەوە، پرۆگرام و كاركردنی بۆ خاڵە بنەڕەتییەكانی سۆشیال دیموكراتیش باسكراوە.
لە كۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم سۆشیال دیموكرات ئەوەندەی واقعی و پراكتیكە، ئەوەندە فكرێكی تیۆری نییە، ئەگەر بە تەنها وەك تیۆر سەیری بكەین، ئەوە ئێمە ناتوانین بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردی و ئەزمونی خۆمان سودی لێوەربگرین، بۆیە گرنگە بەندەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكەین، بۆ ئەمەش پێویستە پێداچوونەوەیەكی هەمەلایەنە بەخۆماندا بكەین و بەراوردی كار و بەرنامەی خۆمان بە فكری سۆشیال دیموكرات بكەین، بزانین لە كوێدا بە تەواوی جێبەجێ كراوە، لە كوێشدا كەمتەرخەمیمان تیایدا كردووە، بۆ ئەوەی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی بنەماكانی یەكلایی بكەینەوە.

*ئەندامی سەرکردایەتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان