ئابووریی داهێنان

09:46 - 2023-07-23
ئابووری
586 جار خوێندراوەتەوە
دەبێ کرێکاران خۆیان لەگەڵ تەکنۆلۆجیای نوێ بگونجێنن

فەیسەڵ عەلی


تیۆری ئابووریی داهێنان لەم چەند دەیەی رابردوودا پەرەسەندنێکی دیاری بەخۆیەوە بینیوە، ئەو پەرەسەندنە دەرئەنجامی پەرەسەندنەکانی بواری تەکنولۆجیای دیجیتاڵی بەدیهاتووە، بەتایبەتی کە هاوکاتی سەردەمی مەعریفە بووە و هەموو شتێکی گۆڕیوە، لە بری روانینە کۆنەکەی ئابووری بۆ داهێنان، بەوەی کە هێزێکی سەربەخۆیە، ئێستا داهێنان، بە پێی عورفەکانی سەردەمی مەعریفە بۆتە پرنسیپێکی بنچینەیی، دەبێ لە رێی سیاسەتەکانی حکومەتەوە بە مەعریفە و تەکنۆلۆجیا و پێشەنگانی بزنس پشتیوانی بکرێت، وێڕای پەرەپێدانی هاوبەشی نێوان هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، بۆ هاندانی داهێنان و بەرهەمداری، بۆ ئەوەی ئەو هاندانە بە زەرورەت ببێتە ئامانجێکی سەرەکیی سیاسەتی ئابووریی حکومەتەکان.

خۆئامادەکردن بۆ ئابووریی دامەزراو لەسەر داهێنان، لە خوێندکاران و دامەزراوەکانی خوێندن دەخوازێت، توێژینەوە لەسەر کێشە راستەقینەکانی جیهان بکەن و بیر لە چارەسەرکردنیشیان بکەنەوە.

ئامانجی نوێی کۆمەڵگە
پشت بەستنی کۆمپانیا نوێیەکان لەسەر کەفائەتە بنچینەییەکان یان گرتنەبەری رێوشوێنی بەرەبەرە بۆ پاراستنی تایبەتمەندی کێبڕکێ ناتوانێ سەرکەوتنیان زامن بکات، چونکە سەردەمی مەعریفە تەرکیزکردنە سەر داهێنان دەخوازێت، ئەمەش بنچینەی (ئابووریی نوێ)یە، بەڵام ئەوانەی دەستیان بە رێگە کۆنەکەی مومارەسەی کارکردنەوە گرتووە و لە میتۆدەکانی داهێنان بە دوورن، بە حەتمی لە رەوتی بەرەوپێشچوون دواکەوتوون و دواتریش دەکەون.
ئابووریی داهێنان، تەواوی تەرکیزی کۆمەڵگەکانی جیهان دەگۆڕێت، لەبری ئەو ئابوورییانەی تەرکیزیان لەسەر پەرەپێدان و بەشکردنی کاڵا گران و دەگمەنەکانە، ئامانجی نوێی کۆمەڵگە زیادکردنی جۆریی ژیانی هەمووان و بەشکردنی سامانە، ئەمەش لە میانی پەرەدان بە سامپڵەکانی بزنس و بەرهەم و خزمەتگوزاریی نوێ و شێوەکانی بەرهەمهێنان کە تێیدا هەمووان لە مافی بەشدارییکردنیدا یەکسان دەبن.

هاندان بۆ زۆرترین داهێنان
داهێنان لە پیشەسازیی تەکنۆلۆجیادا دەستی پێکرد و بە خێرایی بۆ هەموو کەرتەکانی تری ئابووری پەڕییەوە، بەهۆی توانا چاککراوەکانی تەکنۆلۆجیا و رێساکانی مەعریفەوە کە دەتوانرێ لەسەر ئاستی جیهان دەستی پێ بگات، یارمەتی تاک و کۆمپانیاکان دەدات تا بەرهەم و خزمەتگوزاریی کاراتر بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئابوورییەکی دامەزراو لەسەر داهێنان بەدیبهێنن، ئەمەش بیرکردنەوەی دەرەوەی سندوقە و ئاڵنگاریی بەردەوام و گەڕانە بە دوای چارەسەر بۆ هەموو ئەوەی بە کێشە دادەنرێن. کێبڕکێ، پابەندبوون بەو پێداویستییانە بەسەر هەموو کۆمپانیاکاندا دەسەپێنێت، وەک چۆن ناچاری مرونەتی زیاتریشیان دەکات و هانی زۆرترین ئاستی داهێنانیان دەدات تا بە خێرایی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕ خۆیان بگونجێنن، سەرباری هەموو ئەوانە، ئابووریی داهێنان کۆمپانیاکان ناچار دەکات بەردەوام لە حاڵەتی گەشەکردندا بن، چونکە داهێنان بەردەوام وای بۆ دەچێت کە شتێکی نوێ هەیە بۆ ئەوەی فێری بین، یان رێگەیەک بۆ باشتر بوون هەیە.

ژیانی ئاسانتر کردووە
ئەو داهێنانەی لە میانی ئەو چەند دەیەیەی رابردوودا بەدەستهێنران، شێوازی ژیان و گوزەرانمانی گۆڕیوە، هەروەها ئەو رێگەیەی کە کاروبارمانی پێ بەڕێوەدەبەین و ئەو رێگەیەی دەیگرینەبەر و ئەوەشی کە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانیتردا بەکاری دەهێنینك هەموو ئەوانەشی گۆڕیوە. ئەم جۆرە ئابوورییە ژیانی رۆژانەمانی ئاسانتر و گونجاوتر کردووە، رێگەی خێرا و باشتری بۆ ئەنجامدانی هەموو هەموو شتەکان دەستەبەر کردووە، واتە خەڵکی کاتی زیاتریان بۆ کردنی ئەوەی دەیانەوێ و پارەی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، بە گوزارشتێکی تر، دەتوانن باشتر بژین.
ئەو کاریگەرییەی ئابووریی داهێنان بەسەر ژیاندا سەپاندوویەتی، تەنها کەرتی کۆمپانیا بازرگانییەکانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەر سیستمی خوێندنیشدا سەپاندووە، هەروەها کاریگەریی لەسەر بژاردەکانی خەڵکی بۆ پسپۆرییە زانستییەکانیش داناوە، ئەو ئاراستە خوێندنەی بە درێژایی دەیەکانی رابردوو باو بوون، لە فەلەکی هونەر و زانستە مرۆییەکاندا دەخولایەوە، بەڵام داهێنان روانینێکی نوێی بۆ جیهان سەپاند، کە پێداگیریی لەسەر جێبەجێکردنی هزری داهێنەرانە دەکات، ئەمڕۆ خوێندن پێویستی بە توێژەران و زانایانی ماتماتیک و بەرنامەسازان و ئەندازیاران و کیمیاییەکان و ئەوانیترە. واتە ئاراستەیەکی خوێندن گەورەتر لەوەی پێشوو، بەرەو زانستە پراکتیکییەکان دەسەپێنێت.

فراوانکردنی بازنەی پسپۆرییەکان
ئابووریی داهێنان وێڕای فراوانکردنی بازنەی پسپۆرییە زانستییەکان، بوارەکانی خوێندنی تاک و پابەندبوون بە خوێندنەوە بە درێژایی ژیانی سەپاند، ئەمەش لە هیچ زەمەنێکی پێشوودا بوونی نەبووە، ئەمەش بۆتە پرسێکی یەکجار زەرور و پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.
ئەوەی ئابووریی داهێنان بەسەر مەنزومەی خوێندن و مەنهەجە کۆن و باوەکانیدا دەیسەپێنێ بۆ ئەوەی ئاراستەکەی بەرەو ئەو مەنهەجانەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و کاری بە کۆمەڵ بگۆڕێت، ئەو مەنهەجەی لەسەر تەلقین و لەبەرکردنی زانیاری دامەزرابوو، بە تەواوی لەگەڵ سروشتی داهێناندا نایەتەوە و دژ بە یەکن.
خۆئامادەکردن بۆ ئابووریی دامەزراو لەسەر داهێنان، لە خوێندکاران و دامەزراوەکانی خوێندن دەخوازێت، توێژینەوە لەسەر کێشە راستەقینەکانی جیهان بکەن و بیر لە چارەسەرکردنیشیان بکەنەوە، لەبری ئەوەی تەنها پشت بە تاقیکردنەوەکان ببەستن، هەروەها دەبێ بە گروپ کاربکەن و فێری بیرکردنەوەی دەرەوەی سندوق بن.

مافی کێبڕکێی یەکسان
بە هیچ جۆرێک ئەم پرنسیپانە لە فێربوون لە شوێنی کار جیاواز نییە، دەبێ کرێکارانی ئەمڕۆ ئامادەیی بەردەوامیان بۆ خۆگونجاندن و فێربوون و گەشەکردنیان لەگەڵ پیشەسازییەکانیان هەبێت. ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە دەبێ بە گشتی کۆمپانیاکان لێی تێبگەن و هانی تیمەکانیان بدەن تا بەشداری لە راهێنان و پەرەپێدانی بەردەوامی تواناکانیان بکەن.
دەشێ لە دواییدا بوترێ، سەردەمی مەعریفە پێداگیریی لەسەر راستییەک دەکات، کە هەمووان لەو فێربوونەی بەرەو داهێنانمان دەبات یەکسانین، لەم ئابوورییە نوێیەدا مافی تەواوی کێبڕکێمان هەیە لەگەڵ ئەوانیتر بەبێ هیچ کۆتوبەندێک، ماوەتەوە سەر خواستی خودی تاک، کە تا چەند دەیەوێ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا بڕوات و سوود لەو دەرفەتە وەردەگرێت، هەر کەسێکیش بە هەر بیانوویەک بێت نەیەوێ خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا بگونجێنێت ئەوا لە ژیانی سەردەمیان دوا دەکەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان