عەلی حەمەڕەشید*
فێستیڤاڵی بەهرەی نوێ کارێکی گرنگ و چالاکییەکی پێویست بوو کە بەڕێوەبەرێتیی چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی وەک ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان بەڕێوەیان برد. فێستیفاڵەکە خۆی دەبینییەوە لە نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆی تایبەتدا کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە لە چەند پەروەردەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە پێشکەش کران.
لە ساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کاری زۆرتر و جوان تر و باشتر بکرێت، هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە بە هەند وەربگیرێن و لەو رێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر لای قوتابی و خوێندکار خۆشەویست بکەن
بە هەند وەربگیرێن
من ئاستی دەق و نمایش و دەرهێنان و هەموو ئەو کارانەی پەیوەستن بە سەما و شانۆکانەوە بەجێدەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە، ئەوەی لای من گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە ئەوەیە توانرا ئەو رێچکە هونەرییە بەرزەی لە سلێمانی و لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە پێشکەش دەکرا، بەردەوامی پێبدرێت و لەساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کاری زۆرتر و جوان تر و باشتر بکرێت، هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە بە هەند وەربگیرێن و لەو رێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر لای قوتابی و خوێندکار خۆشەویست بکەن، تا وا نەزانن هەر وانە خوێندن و پۆل و وایت بۆرد و داتاشۆ لە خوێندندا هەن، بەڵکو شانۆ و شێوەکاری و مۆزیک و گۆرانی و سرود و سەما لە پاڵ ئەوانەدا کە باسمان کردن هەن و منداڵ دەتوانێت بە خۆشییەوە پەرە بە حەز و خولیا و توانا و بەهرە شاردراوەکانی خۆی بدات.
کۆکەرەوەی گشت هونەرەکانی ترە
شانۆ وەک هەمووان دەیزانین کۆکەرەوەی گشت هونەرەکانی ترە، لە شانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و جوڵە و سەما و دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا دەدەن. ئارایشتێکی رازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە تەواوکەری بە شێوەیەکی دروست و گونجاو. بەهرەکان دەردەکەون و بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە لەلایەن مامۆستایانی بوارەکەوە پەرەیان پێدەدرێت و زۆر بەجوانی گەشە دەکەن. ئیتر گوڵی حەزەکانی منداڵان ناژاکێن و دەگەشێنەوە، بە شنەی زەردەخەنە و ئافەرینی مامۆستا دڵسۆزەکانیان، منداڵ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ قوتابخانە لادروست دەبێتەوە و رۆژانە بە پەرۆشەوە روو لە قوتابخانەکەی دەکات و دەیکاتە مەڵبەندی بەدیهێنانی خولیاکانی و بەگەڕخسنی تواناکانی، ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونیشی باشتر دەگەشێتەوە و نەشونما دەکات بە بڕوایەکی پتەوەوە کاروچالاکییەکانی دەکات و بێ ترس و دوو دڵی بوونی خۆی دەسەلمێنێت. دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئەوانەی بەشداربوون لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی چالاکییەکاندا.
* نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی