رۆڵف دۆبێڵێ
لە فارسییەوە: محەمەد كەریم
(16)
ئه‌نتۆنی ساڵی (251ز) له‌دایكبوو. كوڕی خاوه‌ن موڵكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی میسر بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه ته‌مه‌نی بوو به هه‌ژده ساڵ دایك و باوكی مردن. كاتێك بۆ رێوڕه‌سمی دایك و باوكی چووبووه كڵێسا رسته‌كانی ئینجیل كاری تێكرد:
«ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندیت ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی هه‌ته له‌گه‌ڵ هه‌ژاراندا به‌شی بكه. ئه‌گه‌ر خشڵ و موڵك و ماڵه‌كه‌ت بفرۆشیت و ته‌رخانی بكه‌یت بۆ هه‌ژاران، له به‌هه‌شتدا ناز و نیعمه‌تێكی زۆر بۆ خۆت دابین ده‌كه‌یت، كه‌واته دوای من بكه‌وه و په‌یڕه‌وی فه‌رمانه‌كانم بكه.»
به‌م پێیه ئه‌نتۆنی هه‌رچی موڵك و ماڵی هه‌بوو فرۆشتی و كه‌وته بیابان بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ده‌روێشێك بژی و ئیتر هه‌رگیز نه‌چۆوه به‌لای بابه‌تی مادی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی ساماندا. ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی میسر كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌وه‌وه و ویستیان رێگاكه‌ی بگرنه‌به‌ر و ورده ورده ژماره‌یان زیادیكرد و گروپێكیان له ده‌روێشان پێكهێنا كه به جیا ده‌ژیان و به‌ره‌به‌ره ئه‌و لقه‌یان له مه‌سیحییه‌تدا كرد به باو كه پێی ده‌ڵین ته‌ركی دنیا، ئه‌مڕۆ ئه‌نتۆنی وه‌كو باوكی راهیبانی مه‌سیحی ناسراوه.
خه‌ونێكی له‌ناكاو
هه‌زار ساڵ دوای ئه‌وه رووداوێكی هاوشێوه‌ی ئه‌مه به‌سه‌ر كوڕی یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ئیتالیادا هات كه دیزاینه‌ری جلوبه‌رگ بوو. فرانسیس ئه‌سیسی (Francis of Assisri) هه‌موو ته‌مه‌نی له ناز و نیعمه‌تدا ژیابوو، به‌ڵام له‌ناكاو خه‌ونێك بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژیانی بگۆڕێت و هه‌موو سامانه‌كه‌ی و جلوبه‌رگه‌كه‌ی خسته خزمه‌تی هه‌ژارانه‌وه و باقی ته‌مه‌نی وه‌كو ده‌روێشێك ژیا و خه‌ریكی پاكردنه‌وه‌ی كڵیساكان بوو. به‌ره به‌ره كۆمه‌ڵێك لێی كۆبوونه‌وه و ئه‌ویش لقی فرانسیسكان
(Franciscan Order)ی دامه‌زراند.
له راستیدا هه‌ندێك باوه‌ڕیان وایه خواوه‌ند فرانسیس و ئه‌نتۆنی بانگ كردووه. ئه‌م دوانه چاره‌یه‌كی تریان نه‌بووه، جگه‌له‌وه‌ی فه‌رمانی خواوه‌ند جێبه‌جێبكه‌ن. هه‌روه‌ها رووداوی هاوشێوه‌ی ئه‌مانه به‌سه‌ر پۆڵ (Paul) و ئۆگەستین (Augustin) و پاسكاڵ (Pascal)دا هات و ژیانی ئه‌مانه‌ش گۆڕانكاریی له‌ناكاو و پێشبینینه‌كراوی به‌سه‌ردا هات.
ئه‌مڕۆش ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك هه‌میشه به‌دوای ئه‌و رووداوانه‌وه‌ن كه ژیانیان بگۆڕێت و به‌ره‌و لای خۆی بانگیان بكات. هه‌ركاتێك لاوێك ئه‌م بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ باس ده‌كات لێوی خۆم ده‌گه‌زم، له‌به‌رئه‌وه‌ی بانگكردن په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵێك كه‌سی تایبه‌ته‌وه هه‌یه له مه‌سیحییه‌تدا و حاڵی حازر مانایه‌كی ئه‌وتۆی نییه.
دژی پره‌نسیپه‌كان نین
هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چاوه‌ڕێن (وه‌حی)یان بۆ بێت و بیانخاته ژێر كاریگه‌ریی خۆیه‌وه، دژی ئه‌و پره‌نسیپانه نین كه حوكمی دنیا ده‌كات، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ره‌وت و بۆچوونی خه‌ڵك بڕۆن و باوه‌ڕیان وایه له‌ناخی هه‌ر مرۆڤێكدا باشی و باوه‌ڕی قووڵ هه‌یه كه ده‌بێت بگاته قۆناغی گه‌شه‌كردن. به‌هه‌رحاڵ به‌لای منه‌وه زۆر سه‌یره بۆچی ئه‌و كه‌سانه هه‌تا ئه‌و راده‌یه گوێ له بانگی ده‌روونیان ده‌گرن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن ئیلهامی شتێكیان بۆ بێت. هه‌روه‌كو پێشان باسكرا په‌یڕه‌وی له بانگی ده‌روونی ده‌توانێت مه‌ترسی بۆ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆیدا بێنێت، چونكه ئه‌و گۆته‌یه پڕه له هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی هه‌ڵه.
جۆن كه‌نه‌دی تۆل
(John Kennedy Tool) هه‌ستیكرد بۆ ئه‌وه له‌دایكبووه ببێته نووسه‌رێكی شاره‌زا. له ته‌مه‌نی 26 ساڵیدا به هیوای چاپكردنی، ده‌ستنووسه‌كانی نارد بۆ ده‌زگای چاپی سیمۆن و شوشته‌ر (Simon and Schuster) هه‌ستیكرد رۆمانه‌كه‌ی ده‌بێته یه‌كێك له باشترین و پڕخوێنه‌رترین رۆمانه‌كانی سه‌ده، به‌ڵام ده‌زگای چاپی سیمۆن و شوشته‌ر رۆمانه‌كه‌یان بۆ چاپ نه‌كرد، به‌ڵام نا‌ئومێد نه‌بوو بڕیاریدا رۆمانه‌كه‌ی بنێرێت بۆ چه‌ند ده‌زگایه‌كی دیكه، به‌ڵكو یه‌كێكیان رازی بێت و چاپی بكات، به‌ڵام هه‌موو ده‌زگاكان ده‌ستیان به روویه‌وه نا و چاپیان نه‌كرد. ئیتر هیچ متمانه‌ی به‌خۆی نه‌ما و ده‌ستیكرد به عه‌ره‌ق خواردنه‌وه. شه‌ش ساڵ دوای ئه‌وه له ساڵی 1969دا، كاتێك له بیلۆكسی (Biloxi) له ویلایه‌تی میسیسیپی (Mississipi) سه‌رقاڵی چاكردنه‌وه‌ی ئوتومبیله‌كه‌ی بوو، بیرۆكه‌یه‌كی بۆ هات، سۆنده‌یه‌كی به‌ست به ئه‌گزۆزی ئوتومبیله‌كه‌یه‌وه و سه‌ره‌كه‌ی تری خسته ناو ئوتومبیله‌كه‌یه‌وه، پاشان سه‌ركەو‌ت و ده‌رگاكانی داخست و به‌و شێوه‌یه خۆی كوشت.
خۆهەڵكێشان نیشانه‌ی په‌رێشانییه
دوای خۆكوشتنی دایكی بڕیاریدا به هه‌ر نرخێك بێت رۆمانی كوڕه‌كه‌ی چاپ بكات و سه‌ره‌نجام رۆمانی یەکێتی گه‌مژه‌كان (Confederacy of Dunces) له ساڵی 1980دا چاپكرا و ره‌خنه‌گران به شاكاری ئه‌ده‌بی ئه‌مریكی له قه‌ڵه‌میان دا و له هه‌مان ساڵدا تۆل خه‌ڵاتی پوڵیتزه‌ر (Puliter Prize)ی وه‌رگرت بۆ باشترین رۆمانی ساڵ و ته‌قریبه‌ن یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دانه له رۆمانه‌كه فرۆشرا.
بێرتراند راسل باوه‌ڕی وایه «خۆهه‌ڵكێشان و بایه‌خدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به خود یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی ناڕه‌زایی و په‌رێشانیی كه‌سه‌كان.»
به رای من ئه‌گه‌ر پێت بوترێت پێشان بانگهێشت كراویت و هه‌ڵبژێردراویت، خۆت و ئیشه‌كانت زۆر به گرنگ و به به‌ها سه‌یر ده‌كه‌یت.
ئه‌وه‌ت له‌به‌رچاو بێت ئه‌گه‌ر وه‌كو جۆن كه‌نه‌دی تۆل هه‌موو شتێك ببه‌ستیته‌وه به ئامانجه‌كه‌ته‌وه و بیكه‌یت به قوربانی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ت له حاڵه‌تی شكست و ناكامیدا ئیتر نا‌توانیت درێژه به ژیان بده‌یت. ئه‌گه‌ر تۆل رۆمانه‌كه‌ی زۆر به گرنگ و شاكار نه‌زانیایه و وه‌كو ئه‌زموونێك سه‌یری بكردایه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆر بوو بژی و هه‌رگیز بیری له خۆكوشتن نه‌ده‌كرده‌وه.
چانسێكی زۆرت نییه
هه‌ڵبه‌ته بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ت ده‌بێت عاشقی ئامانجه‌كه‌ت بیت به ئارەزوویه‌كی زۆره‌وه شوێنی بكه‌ویت، به‌ڵام ده‌بێت ته‌ركیزت ته‌نیا له‌سه‌ر ئامانجه‌كه‌ت بێت و زۆر بیر له سه‌ركه‌وتن نه‌كه‌یته‌وه. بۆ نموونه من حاڵی حازر سه‌رقاڵی نووسینی ئه‌م كتێبه‌م كه‌واته باشتر وایه له جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌سه‌ور بكه‌م به نووسینی ئه‌م كتێبه خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌ب وه‌رده‌گرم ته‌ركیز له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌م ئه‌مڕۆ به‌لای كه‌مه‌وه ده‌بێت به‌شێك ته‌واو بكه‌م.
ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه وه‌حی و ئیلهام خۆشحاڵت ده‌كات و له‌شت سووك ده‌بێت ته‌واو هه‌ڵه‌یه و ئه‌و كه‌سانه‌ی كوێرانه به دوای سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ن له بواری ئیشه‌كه‌ی خۆیاندا، ئاسایی هه‌ست به شادی و خۆشحاڵی ناكه‌ن، ئه‌وانه ئاسایی به‌ره‌و گومڕایی په‌لكێش ده‌كرێن، چونكه زۆربه‌ی ئیلهامی ده‌روونیی مرۆڤ واقیع بینانه نییه و گێلانه‌یه. له راستیدا ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئامانجی تۆ ئه‌وه بێت كه رۆمانێك بنووسیت ببێته رۆمانی سه‌ده یان ریكۆردی جیهانی بشكێنێت یان هه‌ژاری و به‌دبه‌ختی بۆ هه‌میشه له دنیادا ریشه‌كێش بكات، بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ت چانسێكی زۆرت نییه، ئه‌مه‌ش په‌رێشان و غه‌مگینت ده‌كات. ئه‌گه‌ر كوێرانه دوای بانگی ده‌روونت بكه‌ویت بێگومان گرده‌نشین ده‌بیت و ده‌كه‌ویت.
داوی چیرۆكی هه‌ڵبژاردن
هه‌وڵ بده هیچ كاتێك نه‌كه‌ویته داوی چیرۆكی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه. به‌و مانایه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی چیرۆكی كه‌سانێك باس ده‌كرێت كه په‌یڕه‌وی ئیلهام و بانگی ده‌روونی خۆیان كردووه و گه‌یشتنه ئه‌نجام و چیرۆكی كه‌سانی فاشیلیان له‌پشت وێرانه‌كانی مێژووه‌وه ناشت.
ماری كوری (Marie Curie) له ته‌مه‌نی پانزه ساڵیدا بڕیاریدا ببێته زانا و له كۆتاییدا توانی دوو خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌ربگرێت، یان پیكاسۆ (Picasso) كه له قوتابخانه‌ی هونه‌ر وه‌رگیرا و له ره‌سم و تابلۆدا شۆڕشێكی به‌رپاكرد. له كتێب و به‌ڵگه‌نامه‌ی زۆردا ئاماژه بۆ ئه‌م چیرۆكانه ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌میشه چیرۆكی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو پیكاسۆ و كوری به‌دوای بانگی ده‌روونیاندا چوون، بووه به خۆڵه‌مێش و له‌بیرچوونه‌ته‌وه. بۆ نموونه زانایه‌ك كه هیچ كه‌سێك جگه‌له دایكی و ژنه‌كه‌ی كڕیاری لێكۆڵینه‌وه‌كانی نییه یان پیانۆژه‌نێكی بلیمه‌ت! كه دواجار له گوندێكی چه‌په‌ك و دووره‌ده‌سته‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و هه‌موو رۆژێك ناچاره له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نه‌زان و گه‌مژه‌دا مامه‌ڵه بكات. هه‌موو ئه‌م كه‌سانه‌ی دوای بانگی ده‌روونیان كه‌وتن، به‌ڵام حاڵی حازر به گومناوی و به‌دبه‌ختی ده‌ژین و ته‌نانه‌ت له رۆژنامه ناوچه‌ییه‌كانیشدا ناویان به‌رچاو ناكه‌وێت.
پاساو بۆ هه‌ڵه‌كانی ده‌هێنێته‌وه
له‌وانه‌یه هه‌ندێ كه‌س لافی ئه‌وه لێبده‌ن چاره‌یه‌كیان نییه و بێگومان ده‌بێت ئیشێكی تایبه‌ت بكه‌ن. له‌وانه‌یه ئه‌م قسانه وه‌همی بێت، به‌ڵام له راستیدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه قسه‌كانیان راست بێت. راوچییه‌كانیش بژارده‌یه‌كی تریان نه‌بوو یان كۆیله‌كان له میسری كۆن. كۆیله‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیش بژارده‌یه‌كی تریان نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ جۆره‌ها ئازادی بۆ مرۆڤ فه‌راهه‌م بووه، كه‌سێك ئه‌م قسانه بكات و بڵێت بانگی ده‌روونم رێگای هه‌ڵبژاردنی لێگرتووم و فه‌رمانی پێداوم ژیانم بۆ گیتار ته‌رخان بكه‌م، بێگومان قسه‌كانی هیچه و خه‌ریكه پاساو بۆ هه‌ڵه‌كانی خۆی ده‌هێنێته‌وه.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بانگی ده‌روونیت بۆ ئیشێك هانیدایت كه به‌بێ بیركردنه‌وه و حساب به‌دوایدا بچیت، ئه‌وه‌ت له‌یاد بێت كه دز و تیرۆریسته‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان بنه‌ما ئیشه‌كه‌یان كردووه و به ئه‌نجامیش گه‌یشتوون. ناپلیۆن له‌كاتی داگیركردنی وڵاتاندا هه‌ستێكی وای هه‌بوو. كه‌واته ئه‌وه‌ت له یاد بێت كه بانگی ده‌روونیمان هه‌میشه بۆ بابه‌تی دروست و ئه‌خلاقی هانمان نادات، بۆیه باشتر وایه زۆر گوێ به بانگی ده‌روونیمان نه‌ده‌ین چونكه بانگی ده‌روونی جگه‌له مه‌یلی نه‌ست شتێكی دیكه نییه. باشتر وایه ژیانمان له‌سه‌ر پێدراوه‌كان و واقیع بنیات بنێین نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای شتی وه‌همی. ئێمه ئاسایی له‌و ئیشانه‌ی تیایدا بووینه‌ته مامۆستا چێژ ده‌بینین. هه‌ڵبه‌ته ئێمه پێویستمان به ته‌ئیدی كه‌سانی تره و ئینێرژی و وره‌ی لێ وه‌رده‌گرین و له كاتێكدا كه‌سانی دی گوێمان پێناده‌ن تووشی نیگه‌رانی و نائومێدی ده‌بین. هه‌روه‌كو جۆن گره‌ی (John Gray) فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی ئینگلیزی باوه‌ڕی وایه: «هیچ كه‌سێك وه‌كو ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌وانی تر توانایان به ره‌سمی ناناسێنن غه‌مگین و په‌رێشان نابن.»
سه‌رچاوه: هنر خوب زیستن، ص93-98