هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب له رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنیی كوردیدا، كتێبێكی نوێی نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌ده و ساڵی 2023 چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه. كتێبه‌كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورده له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بی و ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی نهێنی كوردیدا. له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه بریتییه له نامه‌ی ماسته‌ری نووسه‌ر، كه ساڵی 2000 پێشكه‌شی به‌شی زمانی كوردی له زانكۆی سلێمانی كردووه. هه‌روه‌ها مامۆستا دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ سه‌رپه‌ر‌شتی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی كردووه. هاوكات بۆ نووسینی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه هه‌ر یه‌ك له مامۆستایان دكتۆر دڵشاد عه‌لی محه‌مه‌د و دكتۆر ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف پشتیوانی لێكۆڵه‌ر بوون.
نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د له‌چاره‌كی كۆتایی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه تاكو ئێستا ده‌یان كتێبی بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه ژماره‌یان 81 كتێبه. به‌شێكی زۆری ئه‌و كتێبانه‌ی بۆ ناساندن و لێكۆڵینه‌وه له بڵاوكراوه كوردییه‌كان ته‌رخان كردووه. كه‌واته به‌باشی ئاگاداری بواری رۆژنامه‌گه‌ریی و بڵاوكراوه كوردییه‌كانه. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی نووسه‌ر له‌باره‌ی هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا، پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه و سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌پێزه بۆ كتێبخانه‌ی كوردی. له‌لایه‌كی تریشه‌وه دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سووڵ جگه له‌وه‌ی سه‌رپه‌ر‌شتیاری نامه‌ی ماسته‌ره‌كه بووه، بۆ خۆشی شاره‌زایه‌كی كه‌موێنه بوو له زمان و ئه‌ده‌ب و بڵاوكراوه كوردییه‌كان.
له كتێبی هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا سه‌ره‌تا نووسه‌ر په‌رژاوه‌ته سه‌ر پرسی رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنی له كوردستاندا. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌م چه‌ند گرفت و ناڕوونییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو و هه‌میش رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنیی كوردیمان بۆ پێناسه ده‌كات. نووسه‌ر له وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنی چییه؟ ده‌ڵێت: رۆژنامه‌ی نهێنی ئه‌م جۆرانه‌ن: رۆژنامه‌كه
- به نهێنی چاپكراوه و به ئاشكرا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
- به ئاشكرا چاپكراوه و به‌نهێنی بڵاوكراوه‌ته‌وه.
- به نهێنی چاپكراوه و به نهێنیش بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌ره‌نجڕاده‌كێشی و په‌رده له‌سه‌ر نهێنییه‌ك هه‌ڵده‌ماڵێت، بریتییه له‌وه‌ی كوردستانی داگیركراو لەپێناوی رزگاریی و سه‌ربه‌ستیدا له چه‌ندین بواردا تێكۆشاوه. یه‌كێك له‌بواره گرنگه‌كانی تێكۆشانیش، پرسی رۆژنامه‌گه‌رییه. نووسه‌ران و رووناكبیرانی كورد، به مه‌به‌ستی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و پێدانی زانیاری جۆراوجۆر، ناچاربوون به نهێنی رۆژنامه ده‌ربكه‌ن و بۆچوونی سیاسی و هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و رووناكبیریی خۆیان بگه‌یه‌ننه خه‌ڵكی.
له كتێبی هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا، رێباز و میتۆدی مێژوویی په‌یڕه‌وكراوه. نووسه‌ر هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ گرنگی و كارایی رێبازی مێژوویی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه چونكه رێبازی مێژوویی، رێبازێكی شیاوه بۆ وردبوونه‌وه و خوێندنه‌وه و قسه‌كردن له مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنی و ئاستی هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب له‌و رۆژنامانه‌دا.
هه‌روه‌ها وێڕای پێشه‌كی كتێبه‌كه، كه باسێكی ورده له‌مه‌ڕ چییه‌تی رۆژنامه‌گه‌ریی نهێنی، لێكۆڵینه‌وه‌كه له سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه.
به‌شی یه‌كه‌م له دوو به‌ند پێكهاتووه. له به‌ندی یه‌كه‌مدا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی و ده‌ربڕینی بۆچوونی دیكه كراوه سه‌باره‌ت به مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی. له به‌ندی دووه‌مدا له رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا له رۆژگاری شۆڕشی ئه‌یلول 1961-1975 و رۆژگاری شۆڕشی نوێ 1975-1991 دواوه.
هه‌رچی به‌شی دووه‌میشه، دیسان به‌سه‌ر دوو به‌نددا دابه‌شكراوه، به‌ندی یه‌كه‌م بۆ هونه‌ری ته‌كنیك و به‌ندی دووه‌م بۆ هونه‌ری نووسین ته‌رخانكراوه. به‌ڵام له هه‌ردوو به‌نده‌كه‌ی به‌شی سێیه‌م فراوانتر له هونه‌ره‌كانی ئه‌ده‌ب ده‌دوێت. به پشت به‌ستن به چه‌ندان ده‌ق له ئه‌سڵی مه‌به‌ست نزیك ده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها له كۆتاییدا نووسه‌ر ئه‌نجامێكی له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵێنجاوه. پاشان سه‌رچاوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو.
خستنەڕووی: هاوار نەسرەدین