فیلمسازیی گەشتیاریی

چۆن بتوانین لە رێگەی پیشەسازیی فیلمەوە گەشتیاران ئاشنای کوردستان بکەین؟

10:39 - 2023-07-27
ئابووری
665 جار خوێندراوەتەوە
شـاری سینەمایی رامۆجی لە هیندستان بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگ

ئیراز محەمەد

لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، سینەما ئیلهامبەخش و سەرنجڕاکێش بووە و بینەرانی لە سەرانسەری جیهاندا راکێشاوە، ئەمڕۆ دووەمین زۆرترین بەشداری لە شێوەی هونەردا دەکات لەدوای میوزیکەوە.
گەشتیاریی فیلم یان گەشتیاری بەهۆی فیلمەوە (film tourism)، جۆرێکی تایبەتی گەشتیارییە کە تێیدا سەردانکەران ئاشنای ئەو شوێنانە دەبن کە بەهۆی دەرکەوتنیان لە فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکانەوە دەرکەوتوون و پاشان پلان بۆ سەردانی ئەو شوێنانە دادەنێن، ئەم زاراوەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە زمانی ئینگلیزیدا بەکاردێت، بەڵام لە ساڵی 2006وە (گەشتیاریی فیلم) یەکێکە لەو زاراوانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین پەرەسەندنی بەخۆیەوە دیوە.
 گەشتیاری فیلم: بریتییە لەو گەشتکردنەی کە لە ئەنجامی بینینی شوێنێکی سەرنج راکێش لە فیلمێکدا گەشتی بۆ دەکرێت.
فیلم کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر مێشک و بیرو هزری بینەر بەجێ دەهێڵێ و بەرەو دنیای خەیاڵ پەلکێشی دەکات و وا دەکات خەون بە بینینی ئەو شوێنەوە ببینێ کە لە فیلمەکەدا بینیویەتی، کەواتە بەرهەمهێنانی فیلم جگەلەوەی دەبێتە داهاتێک و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری وڵات، هۆکارێکە بۆ بانگەشەکردن و ئاشناکردن وناساندنی شوێنە گەشتیاریی و مێژوویی و شوێنەوارییەکانی وڵات.

ئێستا بۆتە ئامراز
ئەم پیشەسازییە واتە بەرهەمهێنانی فیلم لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە  وەک ئامرازێک بۆ بەرەو پێشبردنی گەشتیاریی بەکار هاتووە و ساڵانە گرنگییەکی زۆر بەم پیشەسازییە دەدرێت لەلایەن وڵاتان و دەرهێنەران و کۆمپانیاکانی بواری فیلم ودراماوە، وڵاتانی بەریتانیا و ئوسترالیا و نویزلاندا گرنگییەکی زیاتر دەدەن بە خوێندن و پەرەپێدانی گەشتیاری بە هۆی فیلمەوە.
لە ساڵی 1996دا کۆمەڵەی گەشتیاریی بەریتانیا بووە بە یەکەم ئاژانسی گەشتیاریی فیلم، ئەویش بە بڵاوکردنەوەی نەخشەیەکی بەریتانیای مەزن کە شوێنی فیلمی لەسەر دیاری کرابوو.
لێکۆڵینەوەیەک لە ساڵی 2006دا دەریخستووە  کە %80 خەڵکی بەریتانیا فیلمەکان وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی هەڵبژاردنەکانی شوێنی مەبەست دادەنێن و %20یش ‏بە تەواوی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە لە بەرنامە تەلەفیزیۆنی و فیلمە دڵخوازەکانیاندا دیویانە.
بڵاوکردنەوەی فیلمی ئەنیمەیشنی (frozen) بووە هۆی زیادبوونی گەشتیاریی بۆ نەرویج بە رێژەی %37، لە فلیمێکی تری بەناوبانگی جیھانیدا بەناوی  (braveheart)بە رێژەی %300 گەشتیاری بۆ سکۆتلەندا زیادی کردووە لە دوای بڵاو کردنەوەی فیلمەکە.
هەروەها بینەران لە رێگای فیلمەوە کولتوورو زمان و فەرهەنگ و داب و نەریت، جلوبەرگی ئەو وڵاتە دەبین کە فیلمەکەی لێ بەرهەم هاتووە.

بایەخی کولتوور و زمان

ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی جوانترین سروشت و فەرهەنگ و کولتوور و زمان جلوبەرگی رەسەنی  کوردییە، جگەلەوەی ھەرێمێکی گەشتیارییە لەهەر چوار وەرزی ساڵدا گونجاوترین کەشوھەوای ھەیە و خاوەنی چەندین شوێنی مێژوویی و شوێنەوارییە، پێویستە ئەم بوارە لە کوردستان پەرەی پێبدرێت و دەرهێنەرانی فیلم کار لەسەر ئەم بوارە بکەن و هەوڵبدەن لە رێگای دراماو زنجیرە تەلەفیزیۆنییەکان و سینەماوە کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێنن لە رووی کولتوور و زمان و فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردی و سروشتی جوانی کوردستانەوە کاریگەریی لەسەر بینەران بەجێ بهێڵێت و زۆرترین رێژەی گەشتیاری رابکێشێت، وەک چۆن لە پەخشکردنی دراما بیانییەکانی وەک (کۆری، هیندی، تورکی، ئێرانی ..هتد) کاریگەریگەرییان لەسەر وڵاتان و کوردستان بە تایبەتی جێهێشتووە، دەرهێنەران و شارەزایانی بواری فیلم دەتوانن شوێنی تایبەت بە فیلمسازیی دروست بکەن بۆ نموونە وەک دروستکردنی گوندێک یان شـارێکی تایبەت بەدەرھێنانی فیلمەکە بێت، کە دواتر دەبێتە ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش تا گەشتیاران بتوانن لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا سەردانی بکەن.

ئەکتەری دڵخواز
جگە لە شوێنە گەشتیارییەکان، ستۆدیۆکانیش سەرنجی گەشتیاران رابکێشن، هەروەها گەشتیاران هەندێک جار بۆ سەردانی ئەکتەری دڵخوازی خۆیان گەشت بکەن بۆ بینینیان و وێنەگرتن لەگەڵیان، کاتێک فلیمێکی سینەمایی بەناوبانگ دەردەچێت و رێژەیەکی زۆر لەو بینەرانەی بڕیاردەدەن گەشت بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە ببینن کە لە ناو فلیمەکەدا هەیە و ئەکتەرەکە لەوێدا نمایشی کردووە، ئەم پیشەسازییە ساڵانە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت لە لایەن حوکمەت و کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکان کە دەیانەوێت وەبەرھێنان و ناوە بازرگانەکانیان لە رێگەی فلیمە بەناوبانگ و جیھانییەکانەوە بناسێنن زۆر جار کۆمپانیاکان خەرجی تەواوی فلیمەکە لە ئەستۆ دەگرن، تەنھا ئامانج لێی دەرکەوتن و ریکلامکردنە بۆ شوێنی مەبەست و دیاریکراو، ئەم راکێشانە گەشتیارییە تەنھا بۆ شوێن و شارەکان نین، بەڵکو زۆرجار بۆ تابلۆیەکی ھونەرین، یاخود براندێکی جلوبەرگە یان ھۆتێلێکی سەرنجڕاکێشە دەتوانێت لە رێگەیانەوە ئەو شتەی مەبەستیانە بیناسێنن.

پڕۆژەیەکی تایبەت
شـاری سینەمایی رامۆجی (Ramoji city flim) گەورەترین شاری سینەمایی و فیلمە لە جیھاندا و لە حەیدەر ئابادی ھندستانە، ئەم ستۆدیۆیە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ لای خۆی رادەکێشێت، چێشتخانە و خانووی میوان و  هۆتێلی گرانبەهای هەیە کە پاکێجی پشووی درێژ پێشکەش دەکات و سەرجەم خزمەتگوازییەکانی تێدایە بۆ ئەوەی هونەرمەندان و تەکنیکارەکان و سینەماکاران و ئەکتەران و میوانەکان لەخۆبگرن. ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و پڕۆژەی ھاوشێوەی وامان ھەبێت بۆ گرێدانی گەشتوگوزار بەسینەما و فیلمەوە، کە دەتوانێت ببێتە ھۆی داھاتێک و سەرچاوەیەکی ئابووری گەورە .
داھاتی گەشتیاری فلیم بە پێی زانیارییە تازە بڵاوکراوەکانی فیوچەر مارکێت ئینسایت (FMI) ، قەبارەی بازاڕی گەشتیاری فیلم بە 66.9 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت لە ساڵی 2023دا و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2033 بگاتە 118.6 ملیۆن دۆلار، ئەم ئامارانە ئەوە دەردەخەن کە گەشتیاری فیلم گرنگییەکی زۆری ھەیە، وەک ئاماژەمان پێدا لە رووی رێژەی سەردانیکەران و لە رووی بەدەستھێنانی داھاتێکی باشی گەشتیارییەوە، دەشتوانێت لە رووی کولتوورییەوە سوودی ھەبێت کە لەو رێگەیەوە کولتوور و دابونەریتی ناوچەکە بەخەڵکی ئاشنا بکەیت.

 ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان
بۆیە دەبێت لە ھەرێمی کوردستانیش کار لەسەر ئەوە بکرێت وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و لێپرسراوانی کارە سینەمایی و کۆمپانیاکانی بواری بەرھەمھێنەرانی فیلم چیتر تەنھا بۆ گەیاندنی پەیامی پشت سینارێوکە ھەوڵنەدەن، بەڵکو رەچاوی ناساندنی ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستانیش بکەن، سروشتی جوانی کوردستان نیشان بدەن لە ناوەرۆکی فیلمەکەدا و لە دیمەنی گرنگدا رۆڵی مۆدیل و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکان لەو شوێنانەدا رۆڵ بگێڕن کە شوێنێکی گەشتیاری ناوازەیە، بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە بتوانرێت ئەو فلیمە سینەماییە ببێتە ریکلام و بازاڕکارییەک بۆ بینەرانی ناوخۆ و بینەرانی بیانی، با چیتر فیلمەکانمان ئامانجیان تەنھا گەیاندنی پەیامی سیناریۆکە نەبێت و لەگەڵیشیدا پەیامی کولتوور و ھونەرو گەشتیاری بگەیەنن تا کوردستان زیاتر و زۆرتر بەردەوام لە گەشەدابێت.







بابەتە پەیوەندیدارەکان