مەحمود شێرزاد
یەکێک لەو کێشانەی کەسانی قەڵەو یان کەمەرئەستوور هەیانە ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن خۆیان لەدەستی چەورییە زیادەکان رزگار بکەن. هۆکار چییە؟ هۆکارە سەرەکییەکانی بریتین لە، یەکەم: پاڵەپەستۆی زەینی (سترێس)، دووەم: هەناسەی کورت و خێرا، سێیەم: لاوازی ئیرادە و تەمبەڵکردنی جەستە، چوارەم: پیسخۆری، زۆرخۆری و ناوەختخۆریی، پێنجەم: رەچاونەکردنی تەمەن لە خواردندا.
لێرەوەدا چەند خاڵێک ئاماژە پێدەکەم دەبنە هۆی کۆتایی هێنان بە قەڵەوبوون و ورگی گەورە و جێگیر، هاوکات دەبنە هۆی گەنجکردنەوەی خانەکانی جەستەی سەروو پەنجا ساڵ و خاوکردنەوەی رەوتی پیربوونی جەستە.
رێگەی لووت
دوای چەند ساڵ لە راهێنەری یۆگا، رۆژێ لەبارەی هەناسەی خۆمەوە تووشی شۆک بووم، من کە بە بەردەوامی و بە بەوردی جموجۆڵەکانی جەستە و زەین و هەستەکانم لە ژێر چاوەدێری خۆمدان، بۆم دەرکەوت بەشی زۆری کاتەکان بە دەم هەناسەم هەڵمژیوە و نەمزانیوە، بە تایبەت ئەو کاتانەی بە شتێکەوە سەرقاڵ بووم و ئاگام لە خۆم نامێنێ، لە دوای ئەم رووداوەوە هەناسە و هەستیاریی و گرنگی هەناسەهەڵمژینم زیاتر بۆ دەرکەوت، ئەگەر ئێمە بە وردی ئاگامان لە هەناسەمان نەبێ و ئەو بە ئاراستەی ناسروشتیدا کار بکا، لە رەهەندەکانی ئێمەدا بوار بۆ زۆر حاڵەتی ناسروشتی جەستەیی و زەینی و هەستەکی لە ئێمەدا خۆش دەبێ. ئێمە دەبێ بەشی زۆری کاتەکان دەممان دابخەین تا بەس بە لووتمان هەناسە هەڵمژین، دوای ئەوە دەبێ هەناسەمان قووڵ بێ، واتە سییەکانمان لە هەوا پڕ بکا و سکمان بەرز بکاتەوە و هەر بە لووتیش بیدەینەوە دەرەوە. یەکەم سوودی ئەم کارە زەینییە، زەینیمان ئارام دەبێتەوە و پاڵەپەستۆی لەسەر نامێنێ، کەواتە زۆر کەمتر تووشی پیسخۆری، زۆرخۆری و ناوەختخۆری دەبین، تەنانەت کەمتر هەڵدەچین و تووڕە دەبین و ...هتد. دوای ئەوە غددەکانمان هاوسەنگ دەبنەوە و جگەر و کۆئەندامی هەرس بە سروشتی کاری خۆیان دەکەن و لەشمان هاوسەنگ و سروشتی دەبێتەوە، هاوکات بەو کارە ژەهرێکی زۆر دەدەینە دەرەوە، زانستی پزیشکی دەڵێ %75 ی ژەهرەکان لە رێگەی هەناسەوە دەدەینە دەرەوە، خاڵی دووەم لەم بابەتەدا ئەوەیە کاتێ بە لووت هەناسەی قووڵ هەڵمژین سەرجەم خانە چەورییەکان ئۆکسیجینیان پێدەگا و بەوەش دەشکێن. لێرەوە بە کەمترین جوڵە یان هەر خۆیان دەتوێنەوە، بۆیە %98 ی ئەو کەسانەی یۆگا دەکەن و بنەماکانی یۆگا رەچاو دەکەن کە لە هەموویدا هەناسەی قووڵ هەیە، بە بێ ماندووبوون و ئارەقکردنەوە چەورییەکانیان دەتوێتەوە و جەستەیان رێک دەبێتەوە.
مرۆڤ لە دوای 7 ساڵییەوە ئەگەر خۆراک و خواردنەوەی ناسروشتی بێ، بەرە بەرە بەردی بناغەی نەخۆشیی و ناخۆشییەکان دادەنێت، لە دوای 25 و 30 ساڵییەوە بەرە بەرە تێیدا دەردەکەون و لە نێوان 45 تا 60 ساڵی پەکی دەخەن
رێگەی دەم
لە دوای رێگەی لووت و هەناسە، رێگەی دەم و خواردن و خواردنەوە گرنگن، ئەو خاڵانەی لەم پەیوەندییەدا گرنگن بە رێز ئەمانەن، یەکەم: کەیخۆریی، واتە چ کاتێک کاتی خواردنە، بە گشتی لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە تا کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ کاتی تەواو سروشتییە بۆ خواردن، بەڵام هاوکات دەتوانن تا کاتژمێر 7ی ئێوارە ئەو ماوەیە درێژ بکەینەوە، یانی دوای ئەو کاتە جگە لە ئاو هیچ نەخۆین و نەخۆینەوە. دیارە ئەگەر ئەوەشمان پێنەکرا، لانیکەم کارێک بکەین هەر 6کاتژمێر جارێک بخۆین و لەو شەش کاتژمێرەدا جگە لە ئاو هیچ نەخۆین و نەخۆینەوە، دووەم: چەندخۆریی، واتە زۆرخۆریی نەکەین، سێیەم: چیخۆریی، یانی بە گوێرەی سروشتی خۆمان بخۆین، بزانین چی بخۆین و چی نەخۆین. چوارەم: چۆنخۆریی، واتە بە خاوی دەخۆین یان بە پەلە؟ زۆری دەجوین یان قەڵت و بڕی دەکەین و قووتی دەدەین؟ لە راستیدا دەبێ بە هێمنی بخۆین، بە قەولی مهاتما گاندی دەبێ نان وەک ئاو بخۆینەوە و ئاو وەک نان بخۆین، یانی نانەکە ئەوەند بجووین تا وەک ئاوی لێدێ و ئاویش بە ئارامی و قوم قوم بخۆینەوە.
لەم پەیوەندییە زۆر کەس رێجیمی جۆراوجۆر تاقی دەکەنەوە، بەڵام سوودێکی وای لێنابینن، بۆ نموونە دوای دابەزاندنی چەند کیلۆیەک لە کێشی جەستەیان، دابەزین دەوەستێ، هۆکارەکە ئەوەیە جەستە دوای ماوەیەک خوو بەو رێجیمەوە دەگرێ، کەواتە دەبێ کەسەکە رێجیم بگۆڕێ، هەموو رێجێمێکی سەرکەوتوو لە چەند هەنگاوێک پێکدێ و دەبێ کەسێکی شارەزا بۆت دیاریی بکا.
ئەگەر دوو رێگەی لووت و دەم بە هەڵە بەکار بێنین، جگە لەوەی دەبنە هۆی نەخۆشی و ناخۆشیی جۆراوجۆر، بە قووڵی ئیرادەی کەسەکە لاواز دەبێ و ئەوەندەیتر تەسلیمی بارودۆخە ناسروشتییەکان دەبێت.
رێگەی تەمەن
مرۆڤ لە دوای 30 ساڵییەوە دەبێ ژەمەکانی کەم بکاتەوە، واتە دوو ژەمی بەسە، بۆ ئەوەی وزەی لەش بۆ هەرس نەڕوات، چونکە بەرە بەرە کە تەمەنی جەستەیی هەڵدەکشێ، بە جێگەی ئەوەی لەش خۆراک بسووتێنێ، خۆراک لەش دەسووتێنێ، کەواتە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، دەبێ هەناسەی قووڵ و ئاو زیاتر لە خۆراک گرنگی پێبدەین، بۆ یەوەی لەشمان هێزی خۆی و گەنجێتی خۆی بە زوویی لەدەست نەدا. هەروەها لە دوای 50 ساڵییەوە دەبێ ناوەرۆکی خۆراکەکانمان بگۆڕین، یانی دەبێ خواردنەوە گازییەکان و کحولییەکان واز لێ بێنین، هاوکات خوێ و شەکر و چەوریی ئاژەڵیی و بەروبوومەکانی ئاژەڵ واز لێ بینین، لەبەر ئەوەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن میزاجی لەش بەرەو ساردی دەچێت و دەبێ ئەو خۆراکانەی میزاجیان سارد و چەورە یان پەرە با خانەی مردوو دەدەن نەخۆین. بە جێگەی ئەمانە دەبێ گرنگی بە سەوزەکان و میوەکان و ئەو خۆراکانە بدەین کە ریشاڵ و ڤیتامین و چەوری و پڕۆتینی سالمیان زۆرە.
مرۆڤ لە دوای 7 ساڵییەوە ئەگەر خۆراک و خواردنەوەی ناسروشتی بێ، بەرە بەرە بەردی بناغەی نەخۆشیی و ناخۆشییەکان دادەنێت، لە دوای 25 و 30 ساڵییەوە بەرە بەرە تێیدا دەردەکەون و لە نێوان 45 تا 60 ساڵی پەکی دەخەن، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵییەوە دەتوانین بە گۆڕینی شێوازی هەناسە و خۆراک و خواردنەوە و رەچاوکردنی تەمەن ئەو رەوتە بگۆڕین یان لانیکەم وا بکەین ئەوەندە بە هێز نەبێ پەکمان بخات، بە تایبەتی دەبێ ئەوە بزانین لە دوای 30 ساڵییەوە هیچ شتێک بەقەرا خۆراک و خواردنەوەی خراپ جەستە و زەین و هەستی کەسەکان ناهاوسەنگ و لاواز ناکات و لە دوای 50 ساڵیشەوە هیچ شتێک بەقەرا خۆراک و خواردنەوەی نەگونجاو و خراپ رەوتی پیری و مەرگی جەستەیی خێرا ناکات.