مافی فرمێسكیش ئاودیو دەكەن

06:59 - 2023-07-27
کەلتور
217 جار خوێندراوەتەوە

باسی ئازارەكان بۆ كولانەوەی نییە، بۆ رێزگرتنە لەو ئازارانەوە و بۆ بەرزراگرتنێتی لە یادگە و بیرەوەرییدا، هەروەها بۆ دەرس و دەورە سەبارەت بەوانەی تۆمەتێكی بچووك هەیە دەرس دەخوێنن و دەور دەكەنەوە تا دووبارەی نەكەنەوە. ئەگەر دەرسەكە نەگا و دەورەكە تووشی پێچە بە دەورە بكرێتەوە و سفر بەدەست بین.
كەواتە فایدەی نییە، ستەمی مێژوو هەروا قوڵپ ئەدا و زام هەروا دەكولێتەوە و رێزگرتنی شەهیدان و قوربانییەكان نابێتە فەرهەنگ.
هاوسەنگەر و هاوسەری شەهیدەو لە سەكۆی میدیاوە پەژارە و خەمی شەهادەتی گێڕاوەتەوە و مینبەرێكی راستی ئاوەدان دەكاتەوە، كەچی فایدەی نییە، دوای دەیان ساڵ لە تاوان و تاودانی بێ بڕانەوەی چەواشەیی. هێشتا كاكم پەشیمان نییە و ئینكاری دەكات، هێشتا پاساو دەهێنێتەوە و لە تاوی رابردوویەك كە هەروا بەشوێنییەوەیە، درۆ و دراما دەهۆنێتەوە. 
سەد ساڵە ژانی گەل و زامی كورد چاوی عەدالەتی لەسەر پەشیمانی داگیركەرە، تا دەست لە كوشتن و كوشتار هەڵگرێ و داوای لێبووردن بكات كەچی وا سوژنی هەكاری هیچ پەشیمان نییە و پاساوی هەیە و پاس دەداتە مێژوویەكی شەرمهێن.
سەبیحە خان ژنە شەهیدە و وەك ژنی سەركردەیەكی شەهید، سەركردە ئاسا، بەزمانێکی رەوان چیرۆكی هەكاری و داستانی كەڵەگەتی عەلی عەسكەری دەگێڕێتەوە، كەچی دەستی رەش دەستی چەوری بە كەوا و فەقیانە و لەچك و رەفتەی ژنە شەهید و كفنی خوێنی شەهید دەسڕێت. ئاخر شەهید بۆیە ناوی شەهیدە، چونكە خۆی شایەتی دەدات لە دادگای ویژدان، خۆی شەرحی خوێنی زیندەگانی دەكات و ئیتر درۆ و درامای چەواشەی نەگەرەكە.
ئەم دەستە رەشە لەولا، لە سووچی دووری مێژوودا كارەستی خوڵقاندووە، كەچی لەجێی ئەوەی خۆی وەشارێ، وەك مانشێتی شەرمەزاری هەمیشە لە لاپەڕە یەكەو كەچی هێشتا ئەو خەڵك و خوا بە تاوانكاری و خیانەت تۆمەتبار دەكات.
ژنی سەركردەیەكی شەهید لە عاشورای هەكاریدا كەمێك راز و كۆڵێك خەم دەگێڕێتەوە، كەچی پێی قەڵسن و لە هەمان جێ دەلەسە ریز دەكەن.
كاتی خۆی تارق عەزیز بە سەرۆك مام جەلالی گوتبوو كورد یەك مافی لە كەركوك هەیە وەك ئەندەلوسی كەپێیدا گوزەرتان كرد بۆتان هەیە فرمێسكی بۆ بڕێژن. مام جەلالیش گوتبووی بەس نییە مافی گڕیانتان پێ داوین، هەر باشە، خۆ مافی گریان و سنگ كوتانتان بە شیعە نەداوە. ئەمە هەمان فەرهەنگە كە مافی گریان و سنگ كوتان و لاواندنەوە بە ژنە شەهیدی سەركردەشی نادەن.
نەفرەت لەو فەرهەنگە و نەفرەت لەو ستەمە كە هەروا لە فۆرمی جیادا خۆی نوێ دەكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان