رواڵەتی نامۆ، رواڵەتی ئیستاتیکی

کارەکانی بورھان سابیر

12:46 - 2022-05-11
دووتوێ
860 جار خوێندراوەتەوە
بورهان سابیر و حەمە هاشم

حەمە ھاشم 

بە شێوەیەکی گشتی کە کارەکانی ھونەرمەند بورھان سابیر دەبینین تووشی  سەرسوڕمان دەبین، کۆمەڵێک شێوەی نامۆ، پەیکەری شێوە تێکشکاوی نەرم، تایبەتمەندیین بۆ بەرھەمە بەرجەستەکراوەکانی ئەم ھونەرمەندە، شێوەی سەیرو نامەئلووف سەرنجمام رادەکێشن کە زۆربەیان گوزارشت دەکەن لە مرۆڤی نامۆو بوونەوەری شێوە سوریالی ھاوچەرخ، کە دەڵێین بوونەوەری شێوە سوریالی ھاوچەرخ دەمانەوێت باس لە مرۆڤی تێکشکا و نامۆ و سەر لێشێواوی ئێستا بکەین لە دنیادا، مرۆڤێک کە بەھۆی ئاماژە ساختەکانی سیاسەت و ئابووری و ئایدۆلۆژیای ھەڵخەڵەتێنەرەوە بووە بە کائینێکی سەیروو سەمەرە. 
شێوە رەگەزی سەرەکییە لە کارەکانی سابیر دا، دەمووچاوی قوپاو و ترساو و شڵەژاوو دەبینین، کە رواڵەتەکانی فۆڕمی گشتی کارەکانی پێکدەھێنێت، ئەو رواڵەتانە جۆرێک لە ھەستی ئیستاتیکی بەرز بنیات دەنێت لە بینیندا و راپێچ ماندەکات بەرەو رەنگی کارەکان و خۆی ئاوێتەی فەزای گشتی فۆڕمەکان دەکاتەوە .
خەسڵەتی تەکنیکی لە کارەکانی سابیردا ئەوەیە کە پەیکەرەکانی رەنگاورەنگ و ماتریاڵی تایبەتی خۆی بەکاردەھێنێت کە وەک ئەندازیارێکی جیۆلۆژی درووستی کردووەو تێکەڵ بە کۆمەڵێ ماتریاڵی جۆراوجۆری دیکە وەک (تەڵا و میتال و ریشاڵ و فایبێرگڵاس و قوڕ) ی دەکات. 
ھەموو ئەو شێوە نامۆیانەی سابیر درووستییان دەکات ئێمە رادەگرێت و ناچارمان دەکات لە بەردەمی فیگەرەکاندا ھەڵوەستە بکەیین و جوانی و چێژ ھەڵبھێنجین، ھەڵبەت وەرگرتنی ئەو چێژە ئیستاتیکییەش پەیوەستە بە بنەما پتەوەکانی تەزەوقکردن یان چێژوەرگرتن لە کاری ھونەریی، چونکە رەگەزە سەرەکییەکانی چێژ لەو کارانەدا بە ئەندازەیەکی زۆر پڕکراوەتەوە و بینەری ھۆشیار زوو دەگاتە سەر رێگاکانی ئەو جۆرە بینینەی کە چێژمان بۆ نزیک دەکەنەوە. 
ئێمە دەبێ بزانیین رەگەزە سەرەکییەکانی چێژ لە کاری ھونەرییدا بریتین لەو ھەستانەی کە لە مێشکمانەوە ئامادە دەکرێت و ئاکامی ئەزموونە ئیستاتیکییەکەمان بۆ رێک دەخات، وەک لابردن و رەتکردنەوەی ناشیرینی و ھێنانە پێشەوەی جوانییە لە ئایکۆنی ھونەری مۆدێرن. 
جگە لەمە ھەستەوەری باڵا بۆ چێژوەرگرتن کردەیەکی ژینگەیی و دەروونییە لە مرۆڤدا درووست دەبێت، درووست بوونی ئەو ھەستەش لەیەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت و پەیوەندی ھەیە بە پەروەردەکردنی ھەستە ئیستاتیکییەکانمان بەرامبەر بە شێوەی ھونەریی،  چوونکە کەسی چێژوەرگر دەبێت ھۆشیاری ھەبێت لەسەر بنەماکانی چێژوەرگرتن لەو جۆرە کارانەی کە واقعی نیین و ئەوانیش بریتیین لە ھاوسەنگی لە نێوان ( پنت یان خاڵ ، ھێڵ و رەنگ ، بۆشایی و ساو واتا مەلمەس) ، ئەم بنەمایانەش لە کارەکانی سابیردا زۆر ئاسان خراوەتە بەر دیدەنی کەسی چێژوەرگر، چونکە بەر لە ھەر کەسێک سابیر خۆی چێژوەرگری یەکەمە لە کارەکانی و روانینی خۆیی و بینینە ئیستاتیکییەکانی خۆی زووتر بەر تەنە بەرجەستەکراوەکانی دەکەون، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئاستی باڵای چێژبەخشی لەم ھونەرمەندەدا. 
بۆمن ئەگەرچی ئەزموونی زۆری ئەم ھونەرمەندەم بینیووە بەڵام لە پیشانگه‌ی ئەم دواییەیدا ھەندێک لە سادەیی و بۆشاییە فراوانەکانی سەر فۆڕمەکانی کووشتوەو ھەندێک ھەست بە قەرەباڵخی دەکرێت لە رووی فۆرم و تەکنیکەوە ، ئەمەش نەنگی نییە لەکارەکانی بەڵکو رەنگە ئەنجامی زیاتر پێگەیشتنی بێت لە ئەزموونەکەی ، بەڵام بە بۆچوونی من کەمێک لە ئاستە ئیستاتیکییەکەی پێشووتری کوشتووە، چونکە لەم کارانەی دواییدا ھەست دەکرێت سنوورێکی فکری بۆخۆی داناوە کە دەیەوێت ھێزی دەربڕین زیاتر بخاتە پێش فۆڕم، ئەمەش بۆ رازیکردنی بینەری تەمبەڵە کە لە ئاکامدا سوود ناگەیەنێت بە فۆڕمی گشتی کارە مۆدێرنەکانی .
سەرباری ئەمانە لە ھەندێ فیگەردا خستنەسەری ماتریاڵی دیکەی بەکارھێناوە بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەزموونەکەی، بەڵام لە ھەندێ شوێن ئەو خستنەسەرە کۆلاژییەی خزمەتی بەکارەکانی نەکردووە، ئەگەرچی لە زۆربەی بەکارھێنانەکاندا ئەنجامێکی سەرکەوتووی دەستەبەرکردووە، بەڵام من وای دەبینم ئەم خاڵەش جۆرێک خۆپابەندکردنی ھونەرمەندە بۆ رازیکردنی بینەرە بۆ گوزارشت، چونکە بینەری کورد بە ھیچ جۆرێک پەیوەندی بە چێژوەرگرتنەوە نییە بەڵکو ھەمیشە حەزی لە مەعنا و چیرۆکی عاتیفییە کە كار بکاتە سەر ھەست و سۆزەکانی ناوەوەی، نەک لەپاڵ تەڕحە فکرییەکانی ھونەرمەند چێژببینێت لە فۆڕمی گشتی کارەکانی. 
(ساوو) یان مەلمەس خەسڵەتێکی پتەوە لە سەرکەوتن و جوانییەکانی کاری ئەم ھونەرمەندەدا، ھەستکردن بە ساوو  جیاکردنەوەی ھزریانە بۆ (رەقی و نەرمی) تام دەدات بە بینین، تام دەدات بە چێژوەرگرتنی ئیستاتیکی، بەکارھێنانی (کانزا) لەگەڵ ماتریاڵی دیکەدا ھەتا بڵێی ساووی کارەکانی جوانتر کردووە، تەنانەت لە دەست لێدانیاندا ھەست بە ساردی و گەرمی ماتریاڵەکان دەکەین، ئەمەش بۆخۆی فکری پشت فۆڕمەکان قوڵتر دەکاتەوە و چێژە ئیستاتیکییەکەی باڵاتر نمایش دەکات .

خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە رۆڵی ئەو بەرھەمە ھونەرییە تۆکمانە لە نێو بۆتەی ھونەری مۆدێرندا پانتایی زۆر وەردەگرێت، لەبەر ئەوەی ھێڵە سەرەکییە گرنگەکانی مۆدێرنە لەو کارانەدا بەڕوونی دیارە، ئەو ھێڵ و خاڵانەش بریتین لەو بنەمایانە کە ھونەری مۆدێرنە دەیانخاتە روو، ئەویش بریتییە لە ھەڵویستی نا سەقامگیری لە شێوە و فیگەردا، ھەروەھا بەکارھێنانی کۆمەڵێ تووخمی جیا جیا و کۆکردنەوەیان لە فۆرمێکی سەربەخۆدا ، ئەمەش ھەوڵدانە بۆ پەڕینەوە بۆ پۆست مۆدێرنە لەھونەردا، سازاندن و سادەکردنەوەش ھاوسەنگی زۆر دەبەخشێت بە سپەیسی فۆرمەکان و گونجاندنیان لەگەڵ سپەیسی گشتی شوێن، ئەمەش بۆخۆی جۆرێکی دیکەی سەرکەوتنەکانی سابیرە لە کارە ھونەرییەکانییدا.
دابەشکردن و نمایش بۆ کارە ھونەرییەکان لە کەشێکدا کە بینەر دەتوانێت بچێتە ناویانەوە و بە ئاسانی ھەرچواردەوری کارەکان ببینێت، ئەوا بینەر دەکاتە ماتریاڵێک و لەگەڵ کارەکاندا دەیانرەخسێنێت، ئەم حاڵەتەش لە کاری ھونەری و نمایشی ھونەرییدا پێی دەوترێت ( ئەنتەر میدیا)، کە چەمکێکە گرنگی دەدات بە سازانی شێوەی وەستاو و زیندوو بەیەکەوەو ئەم رەوتە ھونەرییە لە ناوەراستی ساڵانی شەستەکانەوە کەوتە ناو دنیای ھونەر، ئەمەش زیاتر بۆ ئەو بەرھەمە ئاوێتانە بەکارھات کە پەیوەندی کۆدەکاتەوە لەنێوان شێوەو شانۆدا، ئەمەش لە کەشی گشتی نمایشەکانی ئەم ھونەرمەندەدا دەبینرێت.

  

بابەتە پەیوەندیدارەکان