ئا: لاوكۆ یاسین سه‌عید
له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئۆكرانیاوه وڵاتانی جیهان و به تایبه‌تی رێكخراوه‌كانی ئاسایشی خۆراك نیگه‌رانییان سه‌باره‌ت به ئاسایشی خۆراك له جیهاندا لێ نیشت و ته‌ئكیدیان له‌وه كرده‌وه كه ئاڵۆزییه‌كانی ئۆكرانیا ده‌بێته هۆی دروستبوونی كێشه بۆ زۆرێك له وڵاتانی جیهان به تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا و روسیا ده‌به‌ستن، ئێستاش كه رێكه‌وتنی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا له رێگای به‌نده‌ره‌كانی ئۆدێسا و چۆرنۆمۆرسك و یوژنی راگیراوه و كرێملین ده‌ڵێت: هه‌ر كه‌شتیه‌ك له‌و ناوچه‌یه بێت به كه‌شتی دوژمن له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، نیگه‌رانییه‌كان زیاتر بوون و هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و رێككه‌وتنه كارا بكرێته‌وه.
رۆژی 17ی ته‌مووز حكومه‌تی مۆسكۆ كشانه‌وه‌ی خۆی له رێكه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه له رێگای ده‌ریای ره‌شه‌وه راگه‌یاند، ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ كیێڤ به نێوه‌ندگیری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و توركیا له ته‌موزی 2022 ئیمزا كرابوو، رێكه‌وتنه‌كه رێگه‌ی به هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا و روسیا ده‌دا له رێگای دابینكردنی رێڕه‌وێكی سه‌لامه‌ته‌وه له‌لایه‌ن توركیاوه بگاته بازاڕه‌كانی جیهان و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پشت به دانه‌وێڵه‌كانی كیێڤ و مۆسكۆ ده‌به‌ستن و چه‌ندین جاریش نوێكراوه‌ته‌وه، ئه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له روسیا و ئۆكرانیا گرنگترین سه‌به‌ته‌ی خۆراكن له جیهاندا بۆ هه‌نارده‌كردنی زۆربه‌ی پێداویستییه‌كانی دانه‌وێڵه به تایبه‌تی گه‌نم بۆ زۆرێك له وڵاتانی جیهان.
ره‌وتی مێژوویی ئه‌وروپا
رۆژنامه‌ی بلومبێرگ له راپۆرتێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه ئۆكرانیا له رووی رووبه‌ره‌وه دووه‌م گه‌وره‌ترین وڵاتی ئه‌وروپایه و ده‌شته فراوانه‌كانی خاكی ده‌وڵه‌مه‌ند و گونجاون بۆ كشتوكاڵ، خۆراك و دانه‌وێڵه له ئۆكرانیا یارمه‌تیده‌ر بوون له داڕشتنی ره‌وتی مێژوویی ئه‌وروپا و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ئۆكرانیا خۆراكی بۆ دانیشتوانی شاره پیشه‌سازییه خێرا گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان دابین كردووه و له‌و رێگایه‌وه یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران به ده‌یان ساڵ گۆشه‌گیركردووه، راپۆرته‌كه‌ی بلومبێرگ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه پێش جه‌نگ، ئۆكرانیا له هه‌موو یه‌كێتی ئه‌وروپا زیاتر دانه‌وێڵه‌ی هه‌نارده ده‌كرد و نزیكه‌ی نیوه‌ی تۆوی گوڵه‌به‌ڕۆژه و رۆنی بازرگانی جیهانی دابین ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له وه‌رزی دانه‌وێڵه‌ی 2022 بۆ 2023دا كه له جه‌نگێكی سه‌ختیشدابوو، ئۆكرانیا له‌سه‌ر ئاستی جیهان وه‌ك شه‌شه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نم و سێیه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نمه‌شامی تۆماركراوه و له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی وه‌رزه‌كه و له كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا زیاتر له 48 ملیۆن تۆن بووه.
به‌كارهێنانی چه‌كی برسێتی
زۆرێك له چاودێرانی سیاسی جیهانی پێیان وایه كه بڕیاره‌كه‌ی روسیا بۆ درێژنه‌كردنه‌وه‌ی رێكه‌وتنی دانه‌وێڵه له ده‌ریای ره‌ش، چه‌كی برسێتی و كارتێكی گوشاری سیاسییه، كه روسیا به‌كاری ده‌هێنێت دژی وڵاتانی خۆرئاوا تا به‌شێك له‌و سزایانه‌ی كه له‌سه‌ر سیسته‌می بانكی و هه‌نارده‌كردنی كشتوكاڵی له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئۆكرانیاوه به‌سه‌ر روسیادا سه‌پاندوویانه هه‌ڵبگرن، به‌ڵام روسیا به مافی خۆی ده‌زانێت و ده‌ڵێت: رێكه‌وتنه‌كه هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی و كه‌ره‌سته‌ی كشتوكاڵی روسیای له‌خۆ گرتووه، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ته‌نها رێگه‌یان به هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا داوه، له‌لایه‌كیتره‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی روسیا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تیایدا سێ مانگ مۆڵه‌تی به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری بكات له سوككردنی سزاكانی سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵی روسیا و ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی مۆسكۆ جێبه‌جێ بكرێن ئه‌وا درێژه به رێكه‌وتنی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا ده‌دات، هۆكاری به‌كارهێنانی رێككه‌وتنی دانه‌وێڵه وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر وڵاتانی خۆرئاوا و ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌و وڵاتانه پشتیوانییه‌كی زۆری ئۆكرانیا ده‌كه‌ن و حكومه‌تی مۆسكۆش بۆ سوككردنی باری سه‌رشانی كه‌رتی كشتوكاڵی وڵاته‌كه‌ی كه یه‌كێكه له رێگاكانی به‌ده‌ستهێنانی داهات بۆ وڵاته‌كه‌ی پێویستی پێیه‌تی، له‌لایه‌كیتره‌وه به پێی ماڵپه‌ڕی ئه‌كسیۆسی ئه‌مریكی له ساڵی 2020دا ئۆكرانیا %9ی هه‌نارده‌كردنی گه‌نمی جیهانی و %15ی گه‌نمه‌شامی و %44ی زه‌یتی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی پێكهێناوه و هه‌ندێك وڵات پێش جه‌نگه‌كه زۆر زیاتر پشتیان به ئۆكرانیا به‌ستبوو بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه.
وڵاته هه‌ژاره‌كان قوربانین
هاوكات به پێی ئامارێكی سكای نیوز، ئه‌م ململانێیه‌ی نێوان روسیا و نه‌یارانی، زۆرترین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه ده‌بێت، كه زۆرترین پێویستییان به دانه‌وێڵه هه‌یه و دوورترین وڵاتن له شه‌ڕی ئۆكرانیاوه، ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه ئه‌فریقاوه و بریتین له نه‌یجیریا، مالی، سه‌نیگال و كۆماری ئه‌فریقای ناوه‌ڕاست، به تایبه‌تیش كه ئه‌و وڵاتانه ماوه‌یه‌كی زۆره قه‌یرانی خۆراكیان هه‌بووه، ئه‌وه له كاتێكدایه روسیا و ئۆكرانیاش زیاتر له %40ی گه‌نمی ئه‌فریقا دابینده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌نده‌ری سه‌ره‌كی ئۆكرانیا كه ئۆدێسایه و %98ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌لایه‌ن روسیاوه گه‌مارۆ دراوه و نزیكه‌ی 20 ملیۆن تۆن گه‌نم له ئۆكرانیا گیریان خواردووه و ناتواندرێت هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاتانه بكرێت كه پێویستییه‌كی زۆریان پێیه‌تی، ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ش كه زۆرترین دانه‌وێڵه له ئۆكرانیاوه هاورده ده‌كه‌ن بریتین له: میسر به رێژه‌ی %53، لیبیا به رێژه‌ی %40 له‌گه‌ڵ جه‌زائیر به ریژه‌ی %30.
هه‌ڵاوسانی نرخی به‌دواوه‌یه
هاوكات زیانه‌كانی راوه‌ستانی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخیش ده‌گرێته‌وه، كه دواتر ده‌بێته هۆی برسێتی له سه‌رانسه‌ری ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مریكای لاتین، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه به پێی ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان زیاتر له 550 ملیۆن كه‌س له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه ده‌ناڵێنن و دوای وه‌ستاندنی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا، پێشبینی ده‌كرێت بۆ زیاتر له 800 ملیۆن كه‌س به‌رزببێته‌وه.
سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی له راگه‌یه‌ندراوێكدا دوای راگرتنی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌كه رایگه‌یاند: كشانه‌وه‌ی روسیا له رێككه‌وتنی دانه‌وێڵه مه‌ترسی زیادبوونی هه‌ڵاوسانی نرخی خۆراك دێنێته ئاراوه، به تایبه‌تی له‌و وڵاتانه‌ی داهاتیان كه‌مه، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه دامه‌زراوه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له وردبینی له پێشهاته‌كانی ئێستا و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراكی جیهانی، دوای وڵاتانی ئه‌فریقا و عه‌ره‌بی، چین پێشه‌نگی هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی ئۆكرانیا بوو، كه تا 17ی ته‌موزی 2023 به مسۆگه‌ری هه‌شت ملیۆن تۆنی پێده‌گه‌یشت، بێجگه له‌وه‌ش شه‌ش ملیۆن تۆن دانه‌وێڵه هه‌نارده‌ی ئیسپانیا كراوه كه پله‌ی دووه‌می گرتووه و توركیاش به هاورده‌كردنی زیاتر له سێ ملیۆن تۆن پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێناوه.
به‌كارهێنانی رێڕه‌وێكی نوێ
روسیا تا ئێستاش ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه رێكه‌وتنه‌كه ده‌ستپێبكاته‌وه و جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، كه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رێكه‌وتنی ئیسته‌نبوڵ، پێشتریش ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌وه تۆمه‌تبار كردبوو كه سوودمه‌ندن له فرۆشتنی دانه‌وێڵه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه پێویستیان پێیه‌تی.
له لایه‌كی دیكه‌وه یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماده‌یی خۆی پیشاندا بۆ گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا له رێڕه‌وێكیتره‌وه، ئه‌ویش رێگای وشكانی و به‌كارهێنانی شه‌مه‌ندۆفێر و بارهه‌ڵگره بۆ ئاسانكاری ئاڵ‌وگۆڕكردن له‌گه‌ڵ كیێڤ، به پێی ئاماره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا نزیكه‌ی %60ی هه‌نارده‌كردنی ئۆكرانیا له‌م رێگایه‌وه ده‌گوازرایه‌وه، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه روسیا له ماوه‌ی رابردوودا نه‌رمییه‌كی زۆری پیشاندا و سێ جار رێكه‌وتنه‌كه‌ی درێژكرده‌وه، به‌ڵام نه وڵاتانی خۆرئاوا و نه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش داواكارییه‌كانی روسیایان جێبه‌جێ نه‌كرد، كه په‌یوه‌ندی به هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی روسیاوه هه‌بوو، كیێڤ له ماوه‌ی رابردوودا سوودمه‌ند بوو له رێكه‌وتنه‌كه و ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستكه‌وت كه له شه‌ڕی دژی روسیادا به‌كاری بهێنێت، روسیاش له‌به‌رئه‌وه‌ی رێكه‌وتنه‌كه په‌یوه‌ندی به ئاسایشی خۆراكی جیهانییه‌وه هه‌یه بۆ ماوه‌یه‌ك ئاسانكاری بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه كرد، به‌ڵام ئێستا كارتی دانه‌وێڵه وه‌ك چه‌كێكی سیاسی به‌كارده‌هێنێت.