راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
رۆژانە بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر چەندین ئۆتۆمبێل و كرێكار لەكاركردندان بۆ ئەوەی پاشماوەی ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان كۆبكەنەوە و دوای گواستنەوەی بۆ دەرەوەی شار وشوێنی تایبەت لەناوی ببەن.
بەشێک لە هاووڵاتیان گلەییان لە دواكەوتنی كاتی فڕێدانی زبڵەكانیان هەیە و داوا دەكەن ماوەی هاتنی ئۆتۆمبێلەكانی فڕێدانی خۆڵ زیاد بكرێت بۆ ئەوەی لە دروستبوونی بۆنی ناخۆش و پیسبوونی شەقام و كۆڵانەكان بەدووربن، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار دواكەوتنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك لەو شارە رەتدەكەنەوە و دەڵێن، ئەو كێشەیە نییەو نەبۆتە دیاردە و قەیران.
ئۆتۆمبێلی خۆڵ رشتن دوو هەفتە جارێك دێت
فەخریە عەلی ژنێكی بەتەمەنی گەڕەكی منارەیە و دەڵێت، بەهۆی زۆربوونی شتومەك لەو سەردەمە پاشماوە و زبڵی ماڵەكان زۆر بوون، بۆیە بەناچاری حاویەی گەورەی خۆڵمان لەبەردەم ماڵەكەمان داناوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی خۆڵ رشتنی شارەوانی دوو هەفتە جارێك دێتە گەڕەك و كۆڵانەكەمان، زبڵێكی زۆر لەبەردەرگامان كۆدەبێتەوە كە بەهۆی ئەوەی چەندین جۆر پاشماوەی تێدایە بۆنی پیس دروست دەبێت و ناچار حاویەی گەورەتری خۆڵمان كڕیوە.
وتیشی، هەندێكجار ناچاردەبین تا ئەوكاتەی ئۆتۆمبێلی خۆڵ و خاشاک رشتن دێت زبڵەكانمان ببەینە گۆڕەپانێكی نزیك لەخانووەكەمان بۆ ئەوەی تووشی بۆنی ناخۆش نەبین، جگە لەئێمە زبڵی ماڵە دراوسێكانیشمان كۆدەبێتەوە بەتایبەتی ئەو ماڵانەی كە ژمارەی ئەندامانیان زۆرە و خۆڵ و خاشاكیان زۆرە، بۆیە داوا لە شارەوانی هەولێر و لایەنە پەیوەندارەكان دەكەم فڕێدانی خۆڵی ماڵان بكەن بە دوو رۆژ جارێك، بۆ ئەوەی تووشی مانەوەی زبڵ لەسەر شەقام و شۆستەكان نەبین.
سەركار سەیفەدین دانیشتووی گەڕەكی سەركەوتنی هەولێرە و دەڵێت، ماوەیەكە هاتنی ئۆتۆمبێلی فڕێدانی خۆڵ لە گەڕەكەكەمان دوادەكەوێت، پێشتر دوو رۆژجارێك دەهات، بەڵام بەم وەرزی هاوینە سێ یان چوار رۆژ جارێك دێت بەهۆیەوە زبڵی ماڵەكان لەسەر یەك كەڵەكە دەبن و هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی مێش و مەگەز و سەرچاوەی دروستبوونی نەخۆشییە، هەروەها سەگی بەرەڵا و پشیلە عەلاگەی خۆڵەکان دەدڕێنن و بە كۆڵاندا بڵاودەبێتەوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلی خۆڵ کۆکردنەوە زوو بێت ئەوە دروست نابێت.
لەبیرکردنی کۆکردنەوەی خۆڵی گەڕەک
لەوبارەیەوە ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئەوەی رەتكردەوە ئۆتۆمبێلی فڕێدانی زبڵ دوابكەوێت و وتی، شتی وا رووینەداوە و دوو رۆژ جارێک ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی خۆڵ دەچێتە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر، مەگەر گەڕەکێک لەبیر بکرێت لە شارێکی ئاوا گەورەدا ئەوەش روو دەدات.
وتیشی، لەوکاتانەدا کە گەڕەکێک لەبیر کرابێت خۆڵ و خاشاکی کۆ بکرێتەوە سکاڵامان بۆ هاتووە و ئۆتۆمبێل نێردراوە بۆ کۆکردنەوەی.
کۆمپانیاکان ژمارەی سکاڵایان هەیە
شارەوانی هەولێر بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی شاری هەولێر گرێبەستی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك کردووە و یەكێك لەوانە كۆمپانیای (داسلینگ فیوچەرە لەبارەی كێشەی دواكەوتنی فڕیدانی زبڵی ماڵان، كۆدەشت ستار بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری كۆمپانیاكە وتی، كاری فڕێدانی پاشماوەی ماڵەكانی كۆمپانیاكەی ئێمە لەسنووری شارەوانی چواری هەولێرە كە زبڵی ژمارەیەكی زۆر گەڕەكی هەولێر لەلایەن ئۆتۆمبێلەكانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی ئێمە فڕێدەدرێت، بەڵام لەسنووری ئێمە كێشەی دواكەوتنی ئۆتۆمبێل رووینەداوە و بەپێی ئەو گرێبەستەی هەمانە دوو رۆژ جارێك زبڵی ماڵەكان فڕێدەدەین.
وتیشی، لەوانەیە ماڵێك حاویەی خۆڵەکەی لە ژوورەوە دانابێت و كرێكارەكانی ئێمە نەیان بینیبێت یان چەند سەعاتێك بەهۆی لەكاركەوتنی ئۆتۆمبێلەكانمان دوابكەوێت یان زۆرجار روویداوە هاووڵاتیان بەشێوەیەكی نەگونجاو ئۆتۆمبێلەكانیان لەبەردەرگای ماڵەكانی خۆیان وەستاندوە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەكانمان نەیانتوانیووە بچنە ئەو كۆڵانە و زبڵەكانیان بەرین و بەهۆیەوە تووشی كێشەو رێوشوێنی یاساییش بووینەتەوە كە زۆرجار رێگای ئۆتۆمبێلەكانمان ناكەنەوە، بەڵام ناهێڵین دواكەوتنەكە بگاتە رۆژێك و ئۆتۆمبێلی یەدەگمان هەیە و ئەوان دێن زبڵ كۆدەكەنەوە و هەر هاووڵاتیەك لە سنووری شارەوانی چوار سكاڵای هەبێت ئێمە ژمارەی تەلەفۆنی خۆمان لەسەر هەموو ئۆتۆمبێلەكانی زبڵ رشتن لێداوە بۆ سكاڵاكردن و دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبكەن.