خەسرەو گورون
82
لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانەمەدا تیشكێكم خستە سەر پێنج یارییمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور بۆ وەرزی 1989-1990، لەو پێنج یارییە تەنیا یاریی كەرامەمان 1-0 بردەوە:
*سلێمانی× 1 ی حوزەیرانی كەركوك (0-1)، 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا.
* سلێمانی × كەرامەی شاری كەركوك (3-0)، 10/11/1989 هەرلە یاریگای سلێمانی كرا.
*سەورەی كەركوك × سلێمانی (1-0)، 17/11/1989 لەكەركوك كرا.
*سەڵاحەدین × سلێمانی (2-1)، 24/11/1989 لە تكریت كرا.
*موسڵ × سلێمانی (3-1)، 1/12/1989 لە یاریگای موسڵ كرا.
شەشەم یارییمان رۆژی 7/12/1989 بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو، یارییەكە لە هەولێر كرا، هاندەرانێكی مام ناوەند ئامادە بوون و بەبردنەوەی برایەتی 1-0 كۆتاییهات، برایەتی بەدرێسی سوور و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سپییەوە یاریمان دەكرد، بەیانییەكەی لەسلێمانیەوە بەرەو هەولێر بەڕێ كەوتین و دوای یارییەكەش گەڕاینەوە بۆ سلێمانی.
سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ ئەم یارییەمان لێدرا، ناوبژیوانانیش لە موسڵەوە هاتبوون ، خولێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپ بوو، ئەندازیار كەمال عەبدوڵڵا سەرۆكی وەفد بوو، سەعدی غەریب و خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەرانی ئێمە بوون، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد و پێكهاتەكەمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەمەد (عەبۆل).
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، نەوزاد مستەفا، هادی كەریم، داخل جەبار.
*ناوەند:ئاسۆ قەلە، ئامانجی سەید برایم، كەریمە سوور، فەرەیدون كەمال.
*هێرشبەر:نازم عەرەب، سۆران ئەحمەد.
لە یارییەكەشدا هەدوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد: سیروان محەمەد بۆ شوێنی هیوا، بەكری شێخ مستەفا بۆ شوێنی كەریم، نەوزاد مستەفا بۆ شوێنی تەنیا، ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:جەعفەر تۆفیق، جەلالی كانیاو.
شایانی باسە تیپی پلە دووی یانەكانی عیراق لەو وەرەزدا لەسەرتاسەری عیراقدا كرابوون بە سێ گروپەوە، تیپی یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بوو، گروپەكەش ئەم تیپانە بوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و كەرامە و سەورە لە شاری كەركوك، موسڵ و فتووە لە موسڵ، برایەتی هەولێر، سەڵاحەدین لە تكریت)، سیستمی یارییەكان خولێكی دوو قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەرگروپێك دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.