ئاراس محمەد
ڕۆژی 21/7/2023 لەهۆڵی هەڵگورد عارف لەسلێمانی، یەكەمین پاڵەوانێتی پاركۆرو فریڕەن بە بەشداری زیاتر لە 40 یاریزان بەڕێوەچوو.
محەمەد سەردار سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی پاركورو فریڕەن –عیراق بە ستادیۆمی ڕاگەیاند: ئەمە یەكەمجارە پاڵەوانێتی پاركۆرو فریڕەن لەكوردستان و بەتایبەتیش لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، لەم پاڵەوانێتییەدا 42 یاریزانی عیراق بەشداربوون كە نوێنەرانی 6 یانە بوون.
وتیشی: پاڵەوانێتیەكە لەلایەن لیژنەی پاركۆری عیراق- لقی سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی یەكێتیی خۆرئاوای ئاسیای ئەم یارییەو بەسەرپەرشتی یەكێتیی ناوەندی پاركۆرو فریڕەن –عیراق و بەهاوكاری بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنەرایەتیی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان ڕێكخرا، ئەوەشی وت كە یاریزانە بەشداربووەكان لەگەنجان و لاوانی یانەكانی سلێمانی و هەولێر و كەركوك و بەغدا بوون و ئەنجامەكانیش بەمشێوەیەبوون ؛
لەسەرئاستی یانە
*یانەی پێشمەرگەی سلێمانی- پلەی یەكەم.
*یانەی بابان -پلەی دووەم.
*یانەی بەختیاری -پلەی سێیەم.
(تاك) یاریزان
*ئیبراهیم ئەحمەد مەجید -پلەی یەكەم.
*مەحمود وریا -پلەی دووەم.
ڕیباز مینە -پلەی سێیەم.
لەكۆتاییشدا بڕوانامەی بەشداربوون و پشتگیری و میدال و خەڵاتی تایبەت پێشكەشی بەشداربووە یەكەمەكان و سەرجەم یاریزانەكان بەگشتی كرا.
شایانی باسە لقی سلێمانی لیژنەی پاركۆری عیراق، لیژنەیەكە تازە دامەزراوە، سەرۆكی لیژنەكە محەمەد سەردار و محمەد عوسمان سكرتێر و ئاریان جەمال لێپرسراوی دارایی لقەكەیە، هەورەها توانیویەتی لەو ماوە كەمەی تەمەنیدا یەكەم پاڵەوانێتی بەسەركەوتوویی بەڕێوەبەرێت.