ویلایەته یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوازی له رێکەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، لەسەرچەند پرسێکی تایبەت بە هەڵبژاردن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاویکردەوە: کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە رێکەوتنی یەکێتی و پارتی دەکات سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
هەر لە تویتەکەدا کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر راشیگەیاندووە، "پەرۆشین بۆ بینینی پێشکەوتنی زیاتر لەسەر ئەو بابەتانەی ماونەتەوە لە کۆبوونەوەکانی دواتری نێوان هەردوولا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی عیراقدا".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 30-7-2023، بهئامادهبوونی بافڵ جهلال تاڵهبانی، سهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان لهسهر ئاستێكی باڵا یهكێتی و پارتی له دهباشان كۆبوونەوە و لهپاش كۆبوونهوهكهش راگهیهنراوێكی هاوبهشیان بڵاوكردهوه كه خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
1- هەردوولا پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
2- بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
3- بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
4- هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
5-لەپێناوی زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارمان دا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
PUKMEDIA