بۆچی لێكۆڵینەوە لە زمان گرنگە؟

09:49 - 2023-08-02
کەلتور
1129 جار خوێندراوەتەوە
مرۆڤ و سەرجەم بونەوەرەکان بە شێوازی جیا جیا دەتوانن قسە بکەن

رۆبێرت رۆدمان

لە ئینگیزییەوە: موسلیم رەسوڵ

مرۆڤ هیچ سیفاتێكی نییە وەك زمان بەربڵاو و بەبایەخ بێت. زمان دەتوانێت گوزارشت لە هەموو بیروبۆچونێكی مرۆڤایەتی بكات، تەنانەت دەربارەی خودی خۆشیی.
 زمان سیفەتێكی جیهانیانەی مرۆڤایەتییە، هەریەك لە ئێمە جۆرێك لە پسپۆڕیمان هەیە لە بەكارهێنانی، ئەویش قسەپێكردنە، بەڵام زۆر شتی دیكە هەیە لەسەر زمان، زیاتر لەوەی ئێمە لە ژیانی رۆژانەماندا بەكاری دێنێن، زمان پرسیاری زۆر سەرسوڕهێن دەخاتەڕوو و لە خۆ دەگرێت، وەك ئەوەی زمانی ئیسپرینتۆ چی لێهات؟  ئایا ئامێرەكان دەتوانن كاری وەرگێڕان بكەن؟ ئایا هەندێك شێوازی قسەكردن و نووسین باشترن لە هەندێكی تر؟ زمان لەسەر هەموو ئەو پرسیارانە و زۆری تریش دەدوێت.
لێرەدا بەرپرسیارێتییەكی گەورە هەیە: چ شتێک وادەكات ئێمە مرۆڤ بین یان مرۆڤ بوونی ئێمە جودا بكاتەوە لە بوونەوەرەكانی تر؟  ئایا رێكردن لەسەر دووقاچ؟ یان ژیانكرن لە كۆمەڵگادا؟ یانیش توانای هەڵگرتنی رق و خۆشەویستی؟
لە بوونەوەرانی تریشدا هەن
لە هەندێك بەراوردكاری و پلەدا هەموو ئامانە ئێمە دەكات بە بوونەوەرێكی جیاواز، بەڵام هیچیان بەبێهاوتایانە ئێمە جیاناكاتەوە  لە بوونەوەرەکانی تر. دەبینین باڵندەکان بە دووقاچ دەڕۆن. هەنگەكانیش لە كۆمەڵگادا دەژین، سەگەكەم منی خۆش دەوێت، رقیشی لەو پشیلەیەیە كە هەموو کات لە تەنیشت دەرگاكە وەستاوە، كەواتە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە لە بوونەوەرانی تریشدا هەن.
زمان ئێمە جودا دەكاتەوە لە هەموو بوونەوەرانی تر، خەڵك هەر شتێك بكەن كاتێك بە یەكەوەن وەك یاری كردن یان شەڕكردن، خۆشەویستی داواكردنی خواردن و ماڵ دروستكردن ئەوان قسە دەكەن. ئێمە تاكە بوونەوەرین لەسەر هەسارەكە توانای دروستكردن و هێزی وشەمان هەیە. 
هەموو مرۆڤێك هەژار یان دەوڵەمەند توانای بەكارهێنانی زمانی هەیە. هەموو منداڵێك زمانی رەسەنی خۆی فێر دەبێت جا ئینگلیزی بێت یان عەرەبی و...هتد. تەنها ئەگەر لەناو خەڵكانی دەوروبەر بێت كە یەك كەلتور و زمان كۆیان بكاتەوە. زۆربەی منداڵان پێش تەمەنی دە ساڵی دەتوانن بە باشی قسە بكەن هەندێك جاریش دەتوانن بە چەند زمانێک قسە بکەن. ئەوە سەرسامكەرە كاتێك ئەوان گەورە دەبن شێوازی جیاوازی قسەكردن فێر دەبن.
توانای فێربوونی زمان زگماك و سروشتییە
لە نێو هەموو پرسیارەكاندا پرسیارێك بەردەوام دێتە پێشەوە لەم  كتێبەدا ئەویش ئەوەیە بۆچی شتێكی ئاڵۆزی وەك زمان دەكرێت زۆر ئاسان بێت بۆ منداڵان و تەمەنی منداڵی و لە هەمان كاتیشدا زۆر قورس دەبێت بۆ هەرزەكاران و نەوجەوانان تا فێری بن. بە شێوازێكی بایلۆجیانە شوێنك یان رووبەرێك لە مێشكی ئێمەدا تایبەتە بە زمان، ئەو منداڵانە بە شێوازێكی سروشتی و زگماكیانە توانای فێربوونی زمانیان پێ بەخشراوە . منداڵان كاتێك دادەبڕێن لە زمان و فێربونی زمان لەوانەیە هەرگیز لە كاتی گەورەبوونیان و تەمەنی نەوجەوانیان فێر نەبن. سەبارەت بەم بەڵگەیە زۆرێك لە زاناكان بڕوایان وایە توانای فێربوونی زمان زگماكی و سروشتییە، بەڵام زۆربەی ئەو توانایە لە قۆناغی تەمەنی هەرزەكاری دەفەوتێت و لەناو دەچێت.
بابەتی ئێمە تایبەتە بە زمانی ئاخاوتن. توانای خوێندنەوە و نووسین بە گشتی بابەتی دیكەیە لەناو ئەم کتێبەدا هەرچەند ئەمەش گرێدراوە بە زمانی ئاخاوتن كە لەچەندین بەش لەسەریان دەدوێین. زمان داهێنانی مرۆڤە وەك پایسكلێك دەبێت خۆمان فێربكەین. قسەكردن سیفەتێكی بایلۆژیە وەك رۆیشتن بە دوو قاچ و بە سروشتی ئێمە فێری دەبین.
زۆر جار لە بە روونی لە كۆرسەكان دەبینیت كە دەڵێت چەند جۆر زمان هەیە لە جیهاندا. چۆن ئەوانە بەردەوام دەگۆڕدرێن. هەزاران زمان هەیە لەو جیهانەی ئێمە تێیداین، هەموویان لە زمانەكانی پێش خۆیان لە دایكبوون، گۆڕاون وە ئینجا كەرت بوون بۆ شێوەزارەکان و...هتد.
بەدرێژای زەمان جیابوونەوەی گروپ و كۆمەڵەكان و شێوەزارەكان كە خەڵک عادەتەن قسەیان پێ دەكرد، وای كرد زمانی نوێ لە دایك بێت، هەر وەك چۆنیش ئیسپانی، فەڕەنسی و رۆمانی لە زمانی لاتینی جودا بوونەوە. هەروەها ئێمە توێژینەوەی زمانناسەکان دەخوێنینەوە تا بزانین چۆن و کەی زمان دروست بووە؟ ئەوان چی دەڵێن لەسەر دەركەوتنی زمان؟ ئایا یەك زمان هەبووە باپیرە بلیمەتەكانی ئێمە  قسەیان پێكردووە و پەرەیان پێداوە، یا خود بوونەوەرە ئاسمانییەكان ئەوانەی لە گەردوونی تر دەژین هاتونەتە سەر هەسارەكەمان و باوانی ئێمەیان فێری زمان كردووە؟
توانای سەرسوڕهێنەری ئێمە
تیۆری زۆر هەن لەسەر ئەوەی زمان لەلایەن خوداوە فێری مرۆڤ كراوە یانیش مرۆڤ بە لاسایی كردنەوەی دەنگی گیان لەبەران فێربووە. ئاژەلەكان دەتوانن قسە بكەن؟ ئاژەڵەکانی تر پەیوەندی بە یەكترییەوە دەكەن و دەشكرێت فێربین ئەو زمانەی ئەوان كەوا پەیوەستە بە ئەركەكانیان. هەرچەندە ئەو ئاژەڵانە وەك مرۆڤ توانای زمانەوانییان نییە. توانای سەرسوڕهێنەری ئێمە لە مەڕ زمان ئەوەیە دەتوانین لە سەر بابەتی جیاواز  قسەی پێ بکەین و بیرۆکەی تازەی پێ دەرببڕین. 
سەبارەت بە كۆمپیوتەرەكان ئەوان زۆر زیرەك دەردەكەون، بەڵام ئایا دەتوانین فێریان بكەین وەك مرۆڤەكان قسە بكەن و تێبگەن؟ بە تەواوەتی نا. هەرچەندە ئەوان دەتوان چەند ئامرازێكی سەرسوڕهێنەر دروست بكەن هەروەك مرۆڤ، بەڵام لە راستیدا كۆمپیوتەرەكان توانایان سنوردارە لە بەرهەمهێنان و تێگەیشتن لە وشەی مانادار. كۆمپیوتەرەكان توانای قسەكردنیان نییە بە شێوازێكی دروستكەرانە و هاكەزایانە وەك توانای زمانی مرۆڤ.
لەبارەی ئەم بابەتەوە بیر بکەوە، تەقریبەن هەموو كاتێك قسە دەكەیت جگە لەو كاتەی تۆ  كۆمەڵێك دەستەواژە دەردەبڕیت لەبەر ئازار و  توڕەیی، یان ئەو شتانەی دەیانلێیتەوە وەك نزا و هۆنراوە، رستەیەك دروست دەكەیت كە هەرگیز دروست نەكراوە و نەگوتراوە. هەر یەكێك لە ئێمە بێ هاوتایە، هەموو رۆژێك سەدان و هەزاران لەو رستانە دروست دەكات. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان