حكومەتی بەریتانیا، دوێنێ 1/8/2023 كە هاوكاتە لەگەڵ نۆهەمین ساڵیادی داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بەڕەسمی تاوانی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانی بەجینۆساید ناساند.
جیاوازیی بیروڕای ئایینی، ئێزدییەكانی كردبووە ئامانج
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستۆتەڕوو كە «حكومەتی بەریتانیا كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانی بە رەسمی بەجینۆساید ناساندووە، كە بەهۆی جیاوازیی بیروڕای ئاینییەوە داعش كردبوونییە ئامانج و چەندین تاوانی بەرامبەر كردن، وەك كوشتن و هاوسەرگیریی بەزۆر و بەكارهێنانیان وەك كۆیلەی سێكسی».
لە لێدوانێكدا، تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندووە: «ئێزدییەكان لەسەر دەستی داعش ئازاری زۆریان چەشتووە و دەرئەنجامەكانیشی تائێستا هەستیان پێدەكرێت و كاریگەری لەسەر ئێزدییەكان ماوە». ئاماژەی بەوەشكردووە كە «ئێستا دادپەروەری و لێپرسینەوە لێیان، دوو پرسی گرنگن بۆ ئێزدییەكان و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانەش، كە بەرامبەریان كراوە، لەلایەن حكومەتی بەریتانیاوە لەكاتی خۆیدایەتی و لەچوارچێوەی گرنگیپێدانە پێیان».
عەممار حەكیم: بەربەستی سیاسی لەبەردەم گەڕانەوەی ئێزدییەكاندا هەیە
لەیادی كارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەكاندا لە بەغدا، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایگەیاند: «بەربەستی سیاسی لەبەردەم ئێزدییەكاندا هەیە، تا رێگرییان لێبكرێت نەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام لەڕاستیدا مافی خۆیانە ئێزدییەكان دوای نۆ ساڵ بچنەوەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان». وتیشی: «بەئامانجگرتنی ئێزدییەكان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەمەبەستی تێكدانی پێكەوەژیان بوو لە عیراقدا، داعش دەیویست وێنەیەكی ناشیرینی ئیسلام نیشانی جیهان بدات».
داعش كۆمەڵكوژیی بەرامبەر ئێزدییەكان كرد
رۆژی 3/8/2014، تیرۆریستانی داعش قەزای شنگال و دەوروبەریان داگیركرد و تاوانێكی گەورەیان بەرامبەر بە ئێزدییەكان كرد، كە بەپێی سەرچاوە ناڕەسمییەكان، تیرۆریستانی داعش زیاتر لە 3200 كوردی ئێزدییان كۆمەڵكوژكردووە و نزیكەی حەوت هەزار ئێزدیشیان رفاندووە، كە زۆربەیان كچ و ژن و منداڵ بوون و تائێستاش ژمارەیەكیان بێسەروشوێنن.
PUKMEDIA