ئا: کوردستانى نوێ
مومتاز حەیدەری یەکێکە لە نووسەر و قەڵەمە ناسراوەکانی کایەی ئەدەب و رۆژنامەگەریی کوردی. قەڵەمێکى بەتەمەنی 85 ساڵەیە کە هەمیشە دژەباوى خاوەن هەڵوێست و قوربانی دەستى بێویژدانى و کاراکتەر و شایەتحاڵى هەزاران رووداوى جەرگبڕ و سندوقێکى پڕ لە راز و نهێنییە.
مومتاز حەیدەرى ساڵی 1938 لە بنەماڵەیەکى میراتگری شەریعە و زانست، بنەماڵەیەکى پڕاوپڕ لە خەباتى سیاسی و قوربانیدەر لەو رێگایەدا لەدایکبووە و هەر لە گوندەکەى خۆیان (بێریات) لە رێگاى گۆڤارە پڕ رەنگەکەى گەلاوێژ-ەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بووە و دواتر دەچێتە کایەى سیاسییەوە و ساڵانێک وەک پێشمەرگە و کادری سیاسی حزبی شیوعیی عیراق و پارتى دیموکراتى کوردستانیش کارا بووە. پاشان وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێکى هەمیشە خاوەن هەڵوێست قەڵەمەکەى لە کاردابووە. بەهۆی ئەو بۆچوونانەیەوە لە سەردەمى حکومەتى بەعسدا، تووشی چەندان چەرمەسەری دەبێت، کاتێکیش کوردستان ئازاد دەکرێت، ئەو بەردەوام رەخنە لە عەقڵی سیاسیی کوردى دەگرێت و دەیەوێت بەو هەڵوێستانەى کۆمەڵگەیەکى کراوەى خاوەن حوکمڕانییەکى تۆکمە بنیاد بنرێت، بەڵام ئەوکاتە لەبری گوێلێگرتنى هەوڵی تیرۆرکردنى دەدرێت و بەو هۆیەوە لە رۆژى 14/3/1999 لە سەعات حەوتى ئێوارە لەبەردەمى ماڵەکەى خۆیدا پێنج کیلۆگرام TNT دەخرێتە ئۆتۆمبێلەکەیەوە، خۆشبەختانە خۆی رزگارى دەبێت، بەڵام هەم ماڵەکەى خۆی، هەم 14 ماڵی دەوروبەرى بەهۆیەوە وێران دەبن و ئۆتۆمبێلەکەشی کە لە جۆرى بەرازیلى بوو، دەبێتە پارچەیەک سووتماک.
دیارە دواین هەڵوێست و بەرهەمى ئەو کەڵە رۆژنامەنووس و نووسەرە کۆبەرهەمەکەیەتى بە ناوى (زادەى تەمەن ـ رەوسەى قەڵەمەکەم) و بە مەبەستى وەڵامدانەوەى هەندێک پرسیارى تایبەت ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا سازکرد:
* بەهیواین زادەى تەمەن هەر بەردەوام بێت و قەڵەمەکەمەت دوایین بەرهەمى نەبێت، بۆچی نووسەران و رووناکبیران لە قۆناغێکى دیارییکراوى تەمەندا دەگەنە (کۆبەرهەم) بە گشتى، کۆبەرهەم لەپێناوى چی یان بە چ ئامانجێک؟
_ نووسین و پیرۆزیى نووسین و وشە کە لە هەر مرۆڤێکدا دەست پێدەکات، سەرەتا ئاواتى ئەوەیە بەرهەمەکەى بگاتە خەڵک، پەیتا پەیتا خاوەنى قەڵەم و خاوەن پەیامە، هەندێکیان بەردەوام دەبن و لە بوارى تایبەتى خۆیان بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە، جا ئەوە لە سۆمەرییەکانەوە یان لە داستانەکەى گلگامشەوە کە پیرۆزیى وشە و کتێب سەرى هەڵداوە، کە رۆشنکەرەوە و چەکى تێکۆشانى رۆشنبیریی مرۆڤایەتییە، چەندان قۆناغی جیاوازى بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە وەک نەرتێکى سروشتى کە نووسەر پێی دەگات و لە قۆناغە جیاوازەکاندا نەوەکان سوودیان لێوەرگرتووە، بۆ نەوەى داهاتووش، ئەوا بیر لە کۆبەرهەم دەکرێتەوە، تا بتوانرێت نەوە لە دواى نەوە بە بەرهەم و پەیامەکانى ئەو داهێنەرانە ئاشنا بکرێن، بۆیە وەک کەلتورێکى مرۆیی، منیش لەو روانگەیەوە کە چەندان ساڵە نووسین و وتار و کتێب و نامیلکەم هەن، کە چەندان وێستگەم بینیووە و ئێستا لە چوارچێوەى گشتى کۆمەڵگەدا ئاستى رۆشنبیری دابەزیوە، بۆیە من بیرم لە کۆبەرهەم کردەوە، کە نزیکەى حەوت ساڵ دەبێت خەریکم، سەرەتا لە بەرهەمە جیاوازەکانەوە دەستمان پێکرد، بەڵام دواتر وەستا، لەبەرئەوەی شوێنى ژیانم گواستەوە بۆ گوندی نوێی زانکۆ و هەمیش قاچم شکا، بەڵام رۆژێک لە ناکاو پ.د.ئەحمەد حەمەدئەمین بە نزیکەیی هەموو بەرهەمە رۆژنامەنووسییەکانى منى لە رۆژنامەى هاوکاریدا دۆزیبۆوە و لە دوو بەرگدا ئامادەى کردبوو، منیش هەم دەستخۆشی و هەم سوپاسم کرد، ئیتر ئەوە بووە بناغەى کۆبەرهەمەکانى من کە ناومان ناوە (زادەى تەمەن ـ رەوسەى قەڵەمەکەم)، ئەوەش بەهاندانى د. ئەحمەد و هاوکاریى دۆست و هاوڕێیان هەر لە تاریق جامباز و د. جەمشیدى برام و سەعید عەبدولڵا و چەندان کەسی دیکە، توانیمان ئەوەندەى نووسین و بابەتە نووسراوەکان هەن كۆیان بكەینەوە، ئەنجام ئەو بەرهەمانە هەموو بە یەکەوە بوونە چەندان دۆسییە و پاشان لە رێگەى کاک هیواى کۆمپیوتەرەوە نووسینگەى هیوا، کاک هەژیری کوڕییەوە کاری ئامادەکارى و نەخشەسازییان لەسەر کرا، ئێستاش زۆر خۆشحاڵم دواى ئەو هەموو تەمەن و ماندوو بوونە، ئەوا کۆبەرهەمەکەم بەناوى زادەى تەمەن، بە 18 بەرگ شوێنى خۆی گرت.
* بەدڵنیاییەوە کەلێنێکى دیکە لە کتێبخانەی کوردى پڕ دەکاتەوە، ئایا ئەوەى دەتویست لێرەدا بڵاوبوونەتەوە یان هێشتا بابەتگەلێک ماون بۆ رۆژ و دەرفەتى داهاتوو؟
_ بابەتەکە پەیوەندیى بە دەستکەوتنەوە هەیە، بۆ نموونە ئەوانەى لەبەردەست بوون، وەک نووسین و وتارى ئامادە، ئەوانە هەبوون و لێرە و لەوێ دەستم کەوتووە، بەڵام من لە دەیان تەلەفزیۆن و رادیۆدا چەندان دیمانەم لەگەڵدا کراوە، ئەوانەم نەدیوەتەوە، یان ئەو بۆچوون و بەشدارییانەى لە کۆڕ و کۆبوونەوەى ئەکادیمی و رۆشنبیری و رۆژنامەنووسیدا هەڵوێستى سیاسی و نەتەوەیی و رۆشنبیری و رۆژنامەنووسی منى تێدا دیارن، ئەوانەشم نەدیونەتەوە، کە ئەوانە هەموو مایەى خۆشحاڵى ئامادەبووان بوون و زۆر دیمانەى چەند خولەکی کە نەبینراونەتەوە، ئەوە سەربارى ئەوەى کە هێشتا کتێبخانەکەى خۆمم نەکردۆتەوە، چونکە کتێبخانەکەم پێچراوەتەوە، وا خەریکم لە پێگەیەکى تایبەتیدا لە خانوویەکى سەربەخۆدا کتێبخانەیەکى فراوان لەسەر تێچوو و خەرجیى خۆم ئامادە دەکەم، کاتێک ئەو کارتۆنانە دەکرێنەوە، بەدڵنیاییەوە دەیان دۆسێ و نووسین و کۆکراوەى زۆر سەرنجڕاکێش دەبینرێنەوە کە دەبوایە بڵاوبکرێنەوە، بەڵام دیسانەوە ئێمە پڕۆژەکەمان رانەگرت، بەڵکو هەوڵماندا ئەوەی لەبەردەستە بخرێتە خزمەتى خوێنەر و کتێبخانەى کوردى، ئەوەشی دەمێنێتەوە بۆ بەرگى 19ى کۆبەرهەمەکەم بێت.
* یەکەمجارە لە کتێبی کوردیدا دەبینرێت، کە بەرگى هەر 18 بەرگى بەرهەمەکەى (رەوسەى قەڵەمەکەت) پێشکەش بە 18 کەسایەتى دەکرێت ئەمەیان بۆ؟
_ نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە حەیدەرینامەدا من بۆ 70 کەسایەتى مرۆیی و کوردی مەدالیاى نەمریم دروستکردووە، نزیکەى پەنجا ناوم هەڵبژاردووە پێشکەشم کردوون کە گۆڕانکارییان لە بزاوتى مرۆیی دروستکردووە، ئەوە جگە لەوەى لە جەژنى کتێبدا 24 ژنى کوردم هەڵبژاردووە کە رۆڵی کۆمەڵایەتى و سیاسییان هەبووە پێشکەشم کردوون، بۆیە ئێستا وەک نەریتێک بۆ بەرهەمى خۆم و دانەوەى ئەو قەرزەى کە ئەو رێبەرانە سەرچاوەى پێشکەوتن و دەنگدانەوەى رووداوەکانى کورد بوون، بتوانین رێزیان لێبگرین، بەرگى دواوەى هەموو بەرگەکانى ئەو کۆبەرهەمەم ناوناوە (تابلۆی شانازى نەتەوەیی) و پێشکەشم کردوون، هیوادارم نووسەرانى دیکەش چاو لەو پڕۆژەیە بکەن.
نووسین و پیرۆزیى نووسین و وشە کە لە هەر مرۆڤێک دەستپێدەکات، سەرەتا ئاواتى ئەوەیە بەرهەمەکەى بگاتە خەڵک، پەیتا پەیتا خاوەنى قەڵەم و خاوەن پەیامە، هەندێکیان بەردەوام دەبن و لە بوارى تایبەتى خۆیان بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە
* دیارە وا بـــــڕیارە رۆژى 5/8/2023 ئەم رەوسەیە بڵاوبکرێتەوە، ئەوانەشی بەتایبەت بۆیان چووە، فریاى خوێندنەوەى نەکەوتوون، بۆیە لە خودى خۆتانەوە دەپرسم چ جیاوازییەکى تێدایە لەگەڵ کۆبەرهەکانی دیکە؟
_ لەو رۆژەوەى دەستمداوەتە قەڵەم لە چاپ و تایپی نهێنییەوە دەستم پێکردووە، هەوڵمداوە پەیامى پاکى قەڵەم و وشە و مرۆڤی کورد بگەیەنم، خۆنەویستانە هەوڵمداوە، کاتێک مووچەکەم تەنها 25 دینار بوو، دەچوومە ناوچە جیاوازەکانى کوردستان بۆئەوەى خوێنەرى کورد لێی بێ بەش نەبێ، ئەوەتا رۆژنامەى هاوکارى کە 175 بابەتى منى تێدایە، هەوڵمداوە هەموو دیاردەکانى کۆمەڵگەى ئەوکاتەى کوردستانى تێدا بێت، ئەوەتا ئەوکات کەناڵی کوردى ژمارەیان کەم بووە و منیش وەک قەڵەمێکى بەرچاو دەرکەوم، کە ئەوەش پەروەردەى بنەماڵەکەى خۆم بووە. بۆیە پێموایە ئەوەى بەوردى ئەو 18 بەرگە هەڵبسەنگێنێت لە بوارى خۆیدا داهێنان و راستگۆیی و پاک و وردە زانیاریی بۆ خەڵکى کوردستان تێدایە، کە پێویستە لە زانکۆ و ناوەندە رۆشنبیرییەکانى کوردستان سوودى لێوەربگرێت.
* لەگەڵ ئەوەى لە باشوورى کوردستان دانیشتوون، ئایا ئەوە رەوسەیە مانیفێستى تەواوى کوردستانە لە رووە رۆشنبیرییەکەیەوە؟
_ بێگومان مانیفێستى نەتەوەیە، هەر لە داگیرکاریی و رووادە جەرگبڕەکان و سەرهەڵدان و مێژووى قەڵەم و کەسایەتى و حزب و لایەن و جووڵانەوە سیاسییەکان، ئەوەتا پرسیارى خزمەتکردنى سیاسی و سەرهەڵدانى وشەى کوردیمان بۆ گەیاندوونەتە وەڵام و کۆمەڵێک کەسایەتى لێرەوە وەڵامى پرسیارەکان دەدەنەوە، کە ئەوەش بەشێکە لە مێژووى کەلتورى نەتەوەییمان و دڵنیام لەوەى ئەم کۆبەرهەمە دیاردەیەکە لە شێوەى خۆیدا پێشتر لەئارادا نەبووە.
* هەندێکجار گوێبیستى ئەوە دەبین دەڵێن مومتاز حەیدەرى بابەتگەلێکى بڵاوکردۆتەوە کە خۆی بەدڵی نەبووە، ئایا لەم رەوسەیەدا بابەتى لەم جۆرەمان بەرچاو دەکەون؟
_ لە هەردوو جۆرەکەى هەیە، جۆرێکیان بڵاوکردنەوەى چەند بابەتێک کە خەڵکى بەدڵیان نەبووە، خۆشم هەندێک بابەتم بڵاوکردۆتەوە کە خۆم نەمدەویست، ئەوەتا لە رۆژنامەى هاوکارى بابەتێکم نووسیوە بەناوى تەلئەبیب و تاران، ئەوەتا جارێکى دیکە ئەو بابەتەمان لێرە داناوە، یان ئەو نووسینەى لەبارەى کورسییەکەى پاپا بڵاوم کردەوە، نووسیم ئێمە کورسییەکمان بۆ تۆ دروستکردووە، تۆش کورسییەکمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مسۆگەر بکە، کەچی عەبدولڵا عەباس دەڵێت: ئەوە پیلانە، من هەردوو بۆچوونەکەم لێرە داناوە، کەواتە هەندێک شت هەن لەم رەوسەیەدا کە خۆم بە دڵم نییە، بەڵام لە پێناوى نەتەوەکەم و خوێنەرانیدا پێم لە دڵی خۆم ناوە.
* لە رەوسەى قەڵەمەکەى مومتاز حەیدەریدا تێکەڵەیەک لە نووسین و وتار و کتێب و نامیلکە و ئەلبووم دەبینى ئەمە بۆ؟
_ ئەوە تواناى منە، بابەتى نەتەوەیی و رۆژنامەمووسی، پێشەکیم بۆ کتێب نووسیوە، یان بۆچوونم لەبارەى پیشانگەى شێوەکارى و رووداوێکەوە یان هەڵوێستێکە و هەبووە، هەموویم نووسیوە، ئینجا من سەردەمى پەیامنێرێتی و ئێستاش بەردەوام لە رێگەى موبایلەکەمەوە وێنە دەگرم، ئەوانەش بەشێکن لە مێژووى ئێمە، بۆیە هەموو ئەوانە زادەى تەمەنى منن و لەم رەوسەیەدا جێگایان بۆتەوە.
زۆر خۆشحاڵم دواى ئەو هەموو تەمەن و ماندووبوونە، ئەوا کۆبەرهەمەکەم بەناوى زادەى تەمەن، بە 18 بەرگ شوێنى خۆی گرت
* لە رەوسەى قەڵەمەکەی تۆدا، چەندان بابەت هەن کە ململانێن، ئایا ئەوە درێژەپێدەری ئەو ململانێیەیە کە بە درێژایی تەمەنێک تۆ لەسەرى راهاتووى و تا رەوسەى قەڵەمەکەت هاتووە؟
_ بەڵێ هەمان ململانێیە، بۆ نموونە لە پاش رێکەوتنى 11ى ئازار، خولێک بۆ خوێندنگە ئامادەییەکان کرایەوە، ئەو رۆژە مامۆستا محەمەد ئیسماعیل ئامادەبوو، من راپۆرتێکم کرد کە کارێکى باشە، رۆژى دواتر کچ و کوڕەکانیان لێک جیاکردەوە، پاشان لە وتارێکدا نووسیم هەنگاوێک بۆ پێشەوە و دوو هەنگاو بۆ دواوە، مامۆستا محەمەد ئیسماعیلییش بە وتارێکى توند وەڵامى دامەوە، بەڵام بەهۆی ئەو وتارەى منەوە بڕیارەکە هەڵوەشایەوە و کچ و کوڕەکان تێکەڵکرانەوە، ئەوەتا هەردوو وتارەکە لەم رەوسەیەدا هەیە، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە کە من ناترسم لە رەخنە و بەردەوامیش دەبم.
* بەهیواین مومتاز حەیدەرى پاشەبەرەى بەرهەمى رۆشنبیری نەبێت، بەڵام لە دواى کۆبەرهەم چاوەڕێی چیتر بین؟
_ مرۆڤ هەمیشە لە گۆڕانکارى و بیرکردنەوە و پێویستى کۆمەڵگەدایە، من بەردەوام دەبم لە ململانێ و کۆڵنادەم، ئەوەتا لە رۆژنامەى هاوکارى راپۆرتم لەسەر نووسرا، چوومە رۆژنامەى عیراق، لەوێش راپۆرتم لەسەر نووسرا و دەرکرام، دەستمدایە کتێب فرۆشتن، دیسان راپۆرتم لەسەر نووسرا، ئەوێش داخرا، لە دواى راپەڕینيش ماوەيەك لە کوردستانى نوێ کارم کردووە ، ئەوەتا هاوسەرى خۆم پێم دەڵێ تۆ بە موعارەزەیی لەدایکبووى، بۆیە ئێستا هیوادارم ئەوەندەى تەمەنم ماوە عەقڵ و تەندروستیم باش بێت و بتوانم بەردەوام بم، ئەو کۆبەرهەمە ببێتە سەرەتایەکى باش، هێشتا بەرهەمى دیکەى لە کتێب و نامیلکە بەدوادابێت و هەمیشە تواناى خۆم بۆ نەتەوە و نیشتمانى خۆم تەرخان دەکەم. ئێستاش سەربارى کۆبەرهەم سەرقاڵی دیسانەوە دامەزراندنەوەى کتێبخانەکەمم کە رۆژانە بەو تەمەنى 85 ساڵییە ماندوو دەبم، بەگشتى هیوادارم هەم کۆبەرهەم بگاتە شوێنى گونجاوى خۆی و هەمیش کتێبخانەکەم بۆ خوێنەرانى نەتەوەکەم بخەمە سەرپێ، وەک لە زادەى تەمەنیشدا نووسیومە، هیوادارم نەتەوەکەم ئەم دیارییەم لێ وەربگرێت.
1984 - مام جەلال و مومتاز حەیدەری