یەکێتی داوای مووچە و قەرەبووی زیندانیانی سیاسی لە عیراق دەکات

03:12 - 2023-08-05
کوردستان
615 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا لەهەوڵدایە مووچەی زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر بەغدا، ئەندامێکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت: "لایەنی کوردستانی هەیە دژی ئەم پڕۆژەیەیە و ئەگەر ئەوەش نەبێت پێویستە حکومەتی عیراق قەرەبووی زیندانیانی سیاسی بکاتەوە".
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئیمزای نزیکەی 70 پەرلەمانتارمان کۆکردوەتەوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردووە، داوامانکردووە مووچەی زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر بەغدا، ئەگەر ئەوەش نەکرێت پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبوویان بکاتەوە".
وتیشی، "فراکسیۆنی یەکێتی لە هەوڵدایە پرسی مووچە یان قەرەبووی زیندانیانی سیاسی بکاتە پڕۆژە یاسایەک و لە پەرلەمان دەنگی پێبدرێت، لەناو حزبە کوردستانییەکانیشدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین زیندانی سیاسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنی کوردستانی هەیە دژی پڕۆژەکەمان وەستاوەتەوە".
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهەموو چین و توێژەکانەوە، لە رابردووشدا هەوڵی جدی دا کە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان بخاتە سەر حکومەتی عیراق، بەڵام بەهۆی یەک دەنگنەبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان پڕۆژەکە لە پەرلەمان لە دژی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە ناوچە جێناکۆکەکان تێپەڕێنرا.
PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان